ترسی منداڵ لە پزیشکی ددان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-27-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7413
ترسی منداڵ لە پزیشکی ددان

ناوه‌ڕۆك

بۆچی منداڵ لە پزیشکی ددان دەترسێت؟

زۆرێک لە منداڵان بێزارن له چوون بۆلای پزیشکی ددان هەڵبەت جێگای سەرسوڕمان نییە چونکە چوونە لای پزیشکی ددان بۆ گەورەکانیش زۆر ئاسوودە بەخش نییە, لەڕاستیدا دایک و باوک هەرچەندێک بشڵەژێن و سترێس بن منداڵیش هەستی پێدەکات, هەروەها ڕەفتاری پزیشکەکەش زۆر گرنگە لەگەڵ منداڵەکە, ترسی منداڵ لە کێشانی ددان, لە دەرزی پزیشکەکە و ئەزموونی ناخۆشی لەگەڵ پزیشکی ددان دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ترس تێیدا.

بۆچی یەکەم سەردانکردنی پزیشکی ددان گرنگە؟

کلۆربوونی ددان کێشەیەکی باوی قۆناغی منداڵییە، لەبەر ئەوە هەوڵبدەن هەر لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی منداڵی، منداڵ ببەن بۆ لای پزیشکی ددان، هەروەها زوو سەردانکردنی منداڵ بۆ لای پزیشکی ددان ئەو بیرکردنەوەیە لای منداڵ دروست دەکات کە دەبێت ئاگاداری ددان و پووکەکانی بێت، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ بارودۆخەکەدا زۆر گرنگە چونکە کاردانەوەی منداڵ بۆ پزیشکی ددان و سەردانکردنی دیاری دەکات، ترسی منداڵیش لە دەرزی و پزیشکی ددان و گریانی منداڵ کێشەیەکی زۆر ئاسایی و باوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.

چۆن ڕەفتار بکەین لەگەڵ ترسی منداڵ لە پزیشکی ددان؟

  • پێش سەردانیکردنی پزیشکی ددان باسی ئەوە بۆ منداڵەکەت بکە کە بڕیارە بچنە لای پزیشکی ددان، بەڵام مەچنە ناو وردەکارییەوە، هەر پرسیارێکی لێکردن بەڕاستەوخۆ وەڵامی بدەنەوە و بهێڵن پزیشکی ددانەکە وەڵامی پرسیارە وردەکانی بداتەوە، پزیشکانی ددان بۆ وەڵامدانەوەی دروستی پرسیاری منداڵەکان تاقیکردنەوە و ئەزموونی پێویستیان کردووە و دەتوانن بە زمانێک کە تایبەتە بە ئەوان بەبێ ترس قسەبکەن.
  • کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵ دووربن لە بەکارهێنانی وشەی ددان دەرهێنان و کێشان.
  • هەرگیز باسی ئەو ئەزموونە ناخۆشانەی خۆتان مەکەن کە لەگەڵ پزیشکی ددان هەتانبووە.
  • دڵنیایی بدەن به منداڵەکەتان کە پاراستنی ددان و پووکەکان زۆر گرنگە و پزیشکی ددان له ڕاستیدا هاوڕێی ئەوە و بە چارەسەرکردنی ددانەکانی یارمەتی پاراستن و سەلامەتی ددانەکانی دەدات.
  • بۆ ڕۆشتن بۆ لای پزیشکی ددان لەگەڵ منداڵەکەتان بە هیچ شێوەیەک بەڵێنی پاداشت و دیاری مەدەن. 

لەبیرتان بێت کە ترسی منداڵ لەم بابەتە زۆر ئاساییە، هەندێک لەبەر جیابوونەوە له دایک و باوک، هەندێک لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی شتێکی نەناسراو دەبنەوە، هەندێکی تریش لەبەر ئەوەی ڕەنگە ئازاریان پێ بگات و بەرگەی ئەو ئازارە نەگرن و تووشی ترس و شڵەژان دەبن. 

ڕۆڵی پزیشکی ددان

منداڵان بە ڕێگا و شێوازی جیاواز ترسیان دەردەخەن لە پزیشکی ددان، هەندێکیان لەوانەیە بگرین و بێزاری دەربڕین و بۆڵەبۆڵ بکەن و بیانووبگرن، بەگشتی پزیشکانی ددان بۆ کەمکردنەوەی سترێس و ترسی منداڵ سوود لە هەندێک تەکنیک وەردەگرن:

  • پزیشکی ددان دەبێت بە دەنگ و تۆنێکی هاوڕێیانە قسە لەگەڵ منداڵ بکات و لەکاتی پێویستدا توند و جدی بێت.
  • بۆ وەسفکردنی شێوازی ئەنجامدانی ددان کێشان و کارەکانی تر دەبێت وشەی سادە بەکاربهێنێت، هەندێک کات پزیشکەکە پێش ئەنجامدانی کارەکە لەسەر منداڵەکە، لەسەر بووکەڵەیەک یان کەسێکی تر شێوازی ئەنجامدانەکەی بەشێوەیەکی خۆش و سادە نیشان دەدات.
  • زۆر کات پزیشکەکە بۆ سەرقاڵکردنی منداڵەکە تا ئاگای لە ئەنجامدانی پشکنین و کارەکان نەبێت چیرۆک بۆ منداڵەکە باس دەکات یان گفتوگۆیەک لەگەڵی ئەنجام دەدات تاکوو ئاگای لە پڕۆسەی کارکردنەکە نەمێنێت.
  • بەگشتی پزیشکان سوود لە زمانی جەستە وەردەگرن وەک زەردەخەنە بۆ ڕەفتارێکی باش و ڕوو گرژکردن بۆ ڕەفتارێکی خراپ بەڵام بۆ بەهێزکردنی ڕەفتاری باشی منداڵ دەبێت هانبدرێت و وەسف و سەنای بکرێت.
  • لەوانەیە پزیشک دەرمانی سڕکەر بەکاربهێنێت لە کاتی پێویستدا بۆ ئەوەی منداڵ ئازار نەکێشێت یان ئاسوودە بێت. 

ئەگەر دەزانن کە پزیشکی ددانەکە یارمەتی هەستی ئاسوودەیی و کەمکردنەوەی سترێسی منداڵەکەتان نادات، هەرچی زووترە پزیشکی منداڵەکەتان بگۆڕن، زۆر گرنگە کە منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانی ئەزموونێکی باشی لە پزیشکی ددان هەبێت چونکە لەکاتی هەبوونی ئەزموونێکی خراپ لەوانەیە تووشی ڕەشبینی ببێت بەرامبەر پزیشکی ددان و ئەم ڕەشبینییە لە گەورەییدا بەردەوامی هەبێت و کەسەکە هەروا لە پزیشکی ددان بترسێت.


سەرچاوەکان



857 بینین