سەرۆکەکانی کۆماری عێراق لە سەدەی ڕابردوودا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-29-13:55:00 - کۆدی بابەت: 7428
سەرۆکەکانی کۆماری عێراق لە سەدەی ڕابردوودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کودەتای 14ی تەمووزی ساڵی 1958 لەلایەن دوو سەربازی سوپای عێراقەوە عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف هەڵگیرسا، کە دانەری پلان و جێبەجێکاری کودەتاکە بوون، دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق کۆتایی پێهێنرا و کۆماری عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیەندرا، ئەم ڕووداوە بووە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق و بووە بناغەی ناودارترین کودەتاکانی تری عێراق لە سەدەی ڕابردوودا، حەز و خولیا و تینوێتی هەڵگیرسێنەرانی ئەو شۆڕشە بۆ دەسەڵات و پلە و پۆست وڵاتی بەرەو زنجیرەیەک لە کودەتا برد و هێزی سەربازی و سووپا بوون بە بڕیاردەر و بەڕێوبەری وڵات، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پێنج سەرۆک دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، ئەوەی خاڵی هەوبەشی نێوانیان بوو، ئەوە بوو کە بە کودەتا دەسەڵاتیان وەردەگرت و هەر بە کودەتایش کۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهێنرا، یاخود بە ڕووداوی تەمومژاوی کۆچی دواییان دەکرد، یان بەزۆرەملێ و ناچار دەکران دەست لەکار بکێشەوە.

عەبدولکەریم قاسم

ناساندن و کەسایەتی

دامەزرێنەری سیستمی کۆماری لە عێراق و کۆتایی پێهێنەری سیستمی پادشایەتی لە عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1914ی شاری بەغدادە، هەندێک عەبدولکەریم قاسم بە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و چاکخواز دادەنێن، وەکوو پێشەنگ و پاڵەوانی هەژاران وێنای دەکەن، بە پێچەوەنەشەوە هەندێکی تر بە بنچینەی دروستبوونی نەهامەتی و کێشەکانی عێراق دایدەنێن و بە کودەتاچی و خیانەتکار تاوانباری دەکەن، کەسایەتییەکی سەربازی و زاڵ و کۆمیۆنیستی هەبوو، سیاسەتمەدارێکی بێتوانا و هەڵەشە بوو.

وەرگرتنی دەسەڵات

عەبدولکەریم هەڵگیرسێنەر و دانەری پلانی کودەتای 14ی تەممووزی ساڵی 1958 بوو، بووە هۆی ڕاگەیاندنی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، عەبدولکەریم قاسم کرا بە یەکەم سەرکۆماری عێراق.

دەسکەوت و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

هەڵوەشاندنەوەی سیتسمی دەرەبەگی و نەهێشتن و لەناوبردنی دەسەڵات و قۆڕخکاری هۆز و عەشیرەتەکان، لە بواری ئابووری و پیشەسازی و کشتوکاڵی چاکسازییەکی زۆری ئەنجامدا، گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانی هەڵوەشاندەوە و گرنگی بە خستنەکاری کارگە و بەرهەمە ناوخۆییەکان دا چەندان کاری تری کرد.

کۆتایی دەسەڵاتی

لە ڕۆژی هەشتی شوباتی ساڵی 1963، عەبدولسەلام عارف هاوڕێی نزیکی عەبدولکەریم بە یارمەتی حیزبی بەعس کودەتای دژی بەرپاکرد، لەگەڵ لایەنە نەتەوییەکان و ئەحمەد حەسەن بەکر توانیان کۆتایی بە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم بێنن، 
ڕۆژێک پاش کودەتاکە بە مەرجی دادگاییکردنی دادپەروەرانە عەبدولکەریم قاسم خۆی ڕادەستیان کرد، بەڵام خۆی و هاوەڵەکانی لە بارەگای ڕادیۆ و "تەلەفزیۆنی دیجلە" گولـلەبارانکران.

عەبدولسەلام عارف

ناساندن و کەسایەتی

دووەم سەرکۆماری عێراقە، لەدایکبووی ساڵی 1921ی شاری بەغدادە، كەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی کاریگەر بووە لە مێژووی سەدەی ڕابردووی عێراق، خوێندکاری عەبدولکەریم قاسم بووە و هاوڕێی یەک بوونە، عەبدولسەلام عارف ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی کودەتای 14ی تەممووزی ساڵی 1958 و کۆتاییهێنان بە ڕووخاندنی سیستمی پادشایەتی، هەر خویشی هەواڵەکەی لە ڕادیۆی بەغدادەوە ڕاگەیاند، دواتر وەکوو جێگری سەروەزیران و وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا، کەسایەتی و ڕەفتار و کردارەکانی عەبدولسەلام خۆڕسک و نابەرپرسیارانە بووە، لە وتارەکانیدا هەمیشە دەستکەوتەکانی شۆڕشی بەهیخۆی دەزانی و خۆی بە ڕابەری گەل دادەنا و سەرسامێکی سەرسەختی جەمال عەبدولناسڕی سەرکۆماری میسڕ بووە.

وەرگرتنی دەسەڵات

پاش سەرکەوتنی کودەتاکەی ساڵی 1963 و کوشتنی عەبدولکەریم قاسم لەنێو بارەگای تەلەفزیۆن، عەبدولسەلام عارف وەکوو دووەم سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردار.

دەسکەوت و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

چونکە کەسێکی نەتەوەپەرست بووە هەمیشە بانگەشەی بۆ یەکڕیزی عەرەبی کردووە، چەندین کارگە و دامەزراوەی گرنگی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و بەتایبەتی لە بەغداد بنیاتناوە، گرنگی بە پڕچەک کردن و دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی عێرق داوە و چەند گرێبەستێکی کڕینی چەکی واژوو کردووە.

کۆتایی دەسەڵاتی

عەبدولسەلام عارف لە 13ی نیسانی 1966 بۆ هەندێك كێشەی کارگێڕی و خزمەتگوزاری چووبووە پارێزگای بەسڕە، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ بەغداد لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە تایبەتییەكەی لە ناوچەی "القرنە" لەگەڵ 10 کەسایەتی سیاسی و سەربازی تر کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون گیانی لەدەست دا، ڕووداوی مردنەکەی تاکوو ڕادەیەک بە تەموومژاوی ماوەتەوە و گومانی زۆی لەسەرە.

عەبدولڕەحمان عارف

ناساندن و کەسایەتی

عەبدولڕەحمان عارف سێیەم سەرکۆماری عێراق و برای عەبدولسەلام عارف، لەدایکبووی ساڵی 1916ی شاری بەغدادە، کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆ بووە، لە کودەتا و ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق وەکوو سەربازێکی سادە ڕۆڵێکی کەمی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی سەرباز بووە و لەو بوارەدا لێهاتوو بووە، بەڵام هیچ ئینتیما و مەیلێکی توندڕەویی و شەڕانگێزیی تێدا نەبووە، کەسێکی ئاشتیخواز بووە و هەمیشە درووشمی لێبووردەیی هەبووە تەنانەت لەگەڵ نەیاران و دووژمنانیشی.

وەرگرتنی دەسەڵات

دوای مردنی عەبدولسەلام عارف بارودۆخی سیاسی عێراق پشێوی و ئاڵۆزی تێکەوتبوو، سەروەزیرانی ئەوکاتە "عەبدولڕەحمان بەزاز" بۆ جێگرەوەی سەرۆک دەستنیشان کرا، بەڵام هێزی سەربازی ڕەتیانکردەوە و عەبدولڕەحمان عارفیان قایل کرد کە خۆی بەربژێر بکات و پشتیوانی خۆیانیان بۆی مسۆگەر کرد، لە 17ی نیسانی ساڵی 1966 وەکوو سێیەمین سەرکۆماری عێراق دیاریکرا.

دەسکەوت و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

دۆخی سیاسی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف لە سەر ئاستی ناوەکی و دەرکی تا ڕادەیەک ئارام و جێگیر بووە و کاری کرد بۆ پێدانی مافی کەمینەکان و کوردانی عێراق، بڕیارێکی دەرکرد بە ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی ئەو کاتەی وڵات و هیچ بڕیارێکی لەسێدارەدان لە سەردەمی دەسەڵاتی جێبەجێ نەکرا.

کۆتایی دەسەڵاتی

گروپێک لە ئەفسەران و سیاسەتمەدارانی حیزبی بەعس لە 17ی تەممووزی ساڵی 1968دا کۆتاییان بە فەرمانڕەوایی عەبدولڕەحمان عارف هێنا و کودەتایان دژی بەرپاکرد، دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی و ناچاریان کرد لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی سەلامەتی خۆی و خێزانەکەیدا واز لە دەسەڵات و پۆستەکەی بهێنێت و دوورخرایەوە بۆ ئیستەنبووڵ، هیچ چالاکییەکی سیاسی نەکردووە و ژیانێکی ئاسایی و سادە ژیاوە، هەروەها هیچ لێدوان و ڕاوبۆچوونێکی لەسەر هیچ بابەتێکی ڕۆژ نەداوە، لە ساڵی 2007 لە وڵاتی ئوردن کۆچی دوایی کرد. 

ئەحمەد حەسەن بەکر

ناساندن و کەسایەتی

ئەحمەد حەسەن بەکر چوارەمین سەرکۆماری عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1914ی شاری تکریتە، ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە ڕووداو و کودەتاکانی سەدەی ڕابردوو، کەسایەتییەکی سەربازی و سیاسی زۆرزانی هەبووە، توانای ڕابەرایەتی زۆر باش بووە و متمانەپێکراوی زۆرێک لە سەرۆک و ڕابەری حیزب و دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی خۆی بووە. 

وەرگرتنی دەسەڵات

لە پاش هەوڵە پلانگێڕییەکانی حیزبی بەعس لە کودەتای 17ی تەممووزی ساڵی 1968 دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارفی سەرکۆماری ئەو کاتەی عێراقیان لە کارخست و کودەتایان دژی بەرپاکرد، ئەحمەد حەسەن بەکر وەکوو چوارەم سەرکۆماری عێراق دەستنیشان کرا، سەدام حسێنیش وەکوو جێگری دانرا.

دەسکەوت و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن لە لوتکەی پێشکەوتندا بووە و ئەو سەردەمە بە سەردەمی زێڕین ناوزەندە دەکرێت، کەرتی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی بووژانەوە و پێشکەوتنێکی زۆری تێدا کرا و عێراق پێشەنگی وڵاتانی جیهان بووە، دامودەزگا و دامەزراوەی گرنگی لە زۆرێک لە ناوچەکان دامەزراند، گرنگییەکی زۆری بە خوێندن و خوێندەواری داوە بایەخی بە لایەنی پەروەردە و فێرکردن داوە و ئاستی خوێندن لە عێراق ڕکابەری وڵاتانی پێشکەتووی کردووە.

کۆتایی دەسەڵاتی

ساڵی 1979 حیزبی بەعس بەیاننامەیەکی فەرمی دەرکرد کە ئەحمەد حەسەن بەکر دووچاری نەخۆشی بارکنسۆن بووەتەوە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوە و ناتوانێت ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەڵام نەخۆشییەکەی تەنها بەهانەیەک بووە، بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگە فەرمییەکان لەژێر هێز و فشاری سەدام حسێن لە کار لادراوە بۆ ئەوەی خۆی دەسەڵات وەربگرێت، لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1982 لە تەمەنی 68 ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، هەندێک گومان لە مردنەکەی دەکەن و حیزبی بەعس به کوشتنی تۆمەتبار دەکەن. 

سەدام حسێن

ناساندن و کەسایەتی

سەدام حسێن پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1937ی شاری تکریتە، ئەمینداری گشتی حیزبی بەعس بوو، کەسایەتییەکی دیکتاتۆر و خۆسەپێنەر و توندی هەبووە، لە هەموو کودەتاکانی پێش خۆی ڕۆڵی هەبووە و هەمیشە تامەزرۆی دەسەڵات بووە.

وەرگرتنی دەسەڵات

هەر لە پاش کودەتای ساڵی 1968 و هاتنەسەر دەسەڵاتی حیزبی بەعس، سەدام بەپێی ئەوەی نزیکایەتی و دۆستایەتییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ سەرکۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر، هەر لە ساڵی 1970وە توانی پلە بە پلە زۆرێک لە دەسەڵات و پۆستە هەستیارەکانی حکوومەت داگیر بکات و زۆرێک لە نەیارانی دەسەڵاتی لەناوبرد، لە ساڵی 1979 ئەحمەد حەسەن بەکری ناچارکرد کە لە دەسەڵات بکشێتەوە و خۆی بووە پێنجەم سەرکۆماری عێراق.

دەسکەوت و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

لە سەردەمی دەسەڵاتیدا، عێراقی دووچاری چەندان نەهامەتی و جەنگ و کاولکاری و گەمارۆدانی ئابووری کردەوە، نموونەی جەنگی عێراق و ئێران و جەنگی کەنداو و داگیرکردنی کوەیت، بە سەختترین شێوە بەرپەرچی نەیاران و نەتەوەکانی تری عێراقی داوەتەوە نموونەی کورد و شیعەکان، هەمیشە سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەری ڕاجیاکان و نەیارانی بووە، بۆ لەناوبردنی گەلی کورد چەکی کیمیاوی و پڕۆسەی ئەنفالکردنی بەکارهێناوە.

کۆتایی دەسەڵاتی

بەهۆی دەرەنجامی کارە خۆڕسک و هەڵەشەکانی سەدام حسێن، ئەمریکا بە بەهانەی بوونی چەکی کیمیایی و بە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق ڕاگەیاند، بە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆن و جەنگی سەخت توانیان زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق داگیر بکەن، لە ساڵی 2003 دەستگیر کردنی سەدام حسێنیان ڕاگەیاند و ڕادەستی عێراقییەکانیان کردەوە و دادگایی کرا، لە 5ی تشرینی دووەمی ساڵی 2006 لە سێدارە درا.


سەرچاوەکان



1231 بینین