هاوڕێی خەیاڵیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-08-19:45:00 - کۆدی بابەت: 7530
هاوڕێی خەیاڵیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

هاوڕێی خەیاڵیی چییە؟

هاوڕێی خەیاڵی (بە ئینگلیزی: Imaginary friend)، دیاردەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسییە کە تێیدا پەیوەندی هاوڕێیەتی لەبری ڕاستی لە خەیاڵدا دروست دەبێت، هەبوونی هاوڕێی خەیاڵی لە منداڵدا پێش قۆناغی قوتابخانە باوە، هاوڕێی خەیاڵی منداڵ بەزۆری بووکەڵەیەکە کە قسەی لەگەڵ دەکات یان هەندێک کات نادیارە، زیاتر له نیوەی منداڵان تا تەمەنی 7 ساڵی له قۆناغێک لە تەمەنی خۆیاندا هاوڕێیەکی خەیاڵییان هەبووە، هەبوونی هاوڕێی خەیاڵیی له منداڵی تاقانە و یەکەم منداڵدا زیاترە، ئەم هاوڕێیە دەکرێت کەسایەتی کارتۆنی خۆشەویستی ئەو بێت، هەورەها گۆڕانی کەلوپەل بۆ هاوڕێی خەیاڵیی منداڵ بینراوە، زۆر کات ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵ دەخوێندرێنەوە دەبنە سەرچاوەی ئیلهامی منداڵ بۆ خەیاڵکردن، هاوڕێی خەیاڵیی ناسنامەی ڕاستەقینەی هەیە و ناو و کەسایەتی هەیە و منداڵ بەجۆرێکی وا ڕاستەقینە ڕەفتاری لەگەڵ دەکات وەک بڵێی بەڕاستی هەیە و بە چاو دەیبێنێت، دروستکردنی هاوڕێی خەیاڵی و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵی کارامەییەکی ناسینی ئاڵۆزە، منداڵان دەتوانن دونیای ڕاستی و خەیاڵ لەیەکتر جیابکەنەوە و دەزانن کە ئەو هاوڕێیە خەیاڵییە.

سوودەکانی هاوڕێی خەیاڵی چییە؟

لەوانەیە وا بیربکەنەوە هەبوونی هاوڕێی خەیاڵی بە مانای تەنهایی و گۆشەگیری منداڵ یان بوونی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دێت بەڵام بەڵگەکان پشتگیری ئەم بۆچوونە ناکەن، لە ڕاستیدا بە بەراورد بەو منداڵانەی کە هاوڕێی خەیاڵییان نییە، ئەم منداڵانە کەمتر شەرمنن، ئاسانتر پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ ڕاستەقینەکانیان دەبەستن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن بوونی هاوڕێیەکی خەیاڵی دەتوانێت بەرگەگرتنی ئەزموونی شۆک و زیانی دەروونی بۆ منداڵ ئاسانتر بکات، بەرگەگرتنی گۆڕانی گەورە وەکوو گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ شارێکی تر، زیادبوونی خوشکێک یان برایەک بۆ خێزانەکە، ڕازیبوون بە جیابوونەوەی دایک و باوک یان مەرگیان لە سوودەکانی بوونی هاوڕێی خەیاڵیین لای منداڵەوە، هاوڕێی خەیاڵی دەتوانێت رێگایەک بێت بۆ منداڵ بۆ ڕەواندنەوەی ترسەکانی، دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ، فێربوونی هەستی بەرپرسیارێتی و دەربڕینی نیگەرانییەکانی، هەروەها بوونی کەسێکی ئاوا لەلای منداڵ دەکرێت بۆ دایک و باوکیش بەسوود بێت، سوودەکانی ئەم هاوڕێیە بەکاربهێنن بۆ کێشە و ناکۆکییەکانتان لەگەڵ منداڵ بۆ نموونە: دەتوانیت بە منداڵەکەت بڵێیت هاوڕێ خەیاڵییەکەی پێشبڕکێی لەگەڵ دەکات تاکوو جلەکانی زوو بپۆشێت.

ڕەفتاری دایک و باوک بەرانبەر هاوڕێی خەیاڵیی منداڵ

  1. زیاد لە پێویست نیگەران مەبن: دژایەتی هاوڕێی خەیاڵی منداڵەکەتان مەکەن و ناچاری مەکەن واز له هاوڕێ خەیاڵییەکەی بهێنێت، بوونی هاوڕێی خەیاڵی لە تەمەنێکی کەمدا زۆر ئاساییە، ئەگەر هاوڕێ خەیاڵییەکەی لێ قەدەغە بکەن ئەوه دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر پەیوەستی ببێت، هەروەها وا بیرمەکەنەوە کە منداڵەکەتان هەست بە تەنهایی دەکات یان کێشەیەکی هەیە، بە ئارام بن و پێشوازی بکەن له هاتنی هاوڕێیەکی نوێ بۆ ناو خێزانەکەتان، تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد قاپێکی بەتاڵیش زیاد بکەن بۆ سەر سفرەکە، هەرکات منداڵ گەورەبوو و پێی نایە قوتابخانە هاوڕێ خەیاڵییەکەی لە لایەن کۆمەڵگاوە پەسەند نەکرا، کەم کەم ماڵئاوایی لە هاوڕێکەی دەکات و نامێنێت، بەڵام ئەگەر منداڵەکەتان گەیشتە پۆلی یەکەم یان دووەمی قوتابخانە و بوونی هاوڕێ خەیاڵییەکەی بووە ڕێگر لەبەردەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوڕێی ڕاستەقینەی، دەبێت بێگومان بیرێک لەو بارودۆخەی بکەنەوە.
  2. خۆشەویستی خۆتان بۆ هاوڕێ خەیاڵییەکە دەرببڕن: بەپێی ئەوەی ئەم هاوڕێ خەیاڵییە بۆ ماوەیەکی زۆر میوانتان دەبێت، کەواتە هەوڵبدەن زیاتر بیناسن، لەگەڵ منداڵەکەتان قسە بکەن دەربارەی هاوڕێ خەیاڵییەکەی و پرسیاری لێ بکەن وەکوو: هاوڕێکەت کێیە؟ چی دەکەن پێکەوە؟ خەڵکی کوێیە؟ گفتوگۆ دەربارەی هاوڕێی خەیاڵیی منداڵەکەتان یارمەتیان دەدات تا پەیوەندیتان پتەوتر بێت لەگەڵ منداڵەکەتان و یارمەتی توانای خەیاڵ و بیرکردنەوەی بدەن، جگە لەوەش زانینی زانیاری دەربارەی هاوڕێ خەیاڵییەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێوە دەربارەی حەزەکان، ترس و هەستەکانی منداڵەکەتان زیاتر بزانن، هەڵبەت ئاگاداربن زیاد له پێویست گرنگی بە هاوڕێ خەیاڵییەکەی نەدەن، چونکە لەوانەیە زیاد له پێویست هاوڕێ خەیاڵییەکەی بپارێزێت یان تەنانەت ئیرەییتان پێ ببات و وابزانێت دەتانەوێت هاوڕێکەی لێ ببەن، بۆیە زۆر بەپەرۆش مەبن و هەرگیز بە یەکتریان بەراورد مەکەن، یاسا گشتییەکە ئەوەیە هەرگیز دەربارەی هاوڕێ خەیاڵی قسە مەکەن، مەگەر ئەوەی خۆی دەربارەی هاوڕێیەکی وا قسە بکات.
  3. سنوور دابنێن: ئەگەر ئەم میوانە نادیارە زۆر تێکەڵی ژیانی خێزانیتان بوو دەبێت کارێک بکەن بۆ نموونە کاتێک منداڵەکەتان کارێکی خراپ دەکات و دەڵێت: (بێڵی)یش ئەو کارە دەکات یان دایکی (بێڵی) ناچاری ناکات، پێی بڵێن: (بێڵی) ڕەنگە بتوانێت لە ماڵی خۆیان هەر کارێک بکات کە حەزی لێیە، خواردنەکەی بڕێژێت یان ددانی نەشوات، بەڵام کاتێک دێت بۆ ماڵی ئێوە دەبێت یاساکانی ماڵی ئێوە پەیڕەو بکات، ڕێگە بە منداڵەکەتان مەدەن بە سوودوەرگرتن لە هاوڕێ بچووکەکەی لە کار یان دەرەنجامی کارەکانی خۆی ڕابکات. هەرکاتێک کە پەنجەی تۆمەت بۆ هاوڕێکەی رادەکێشێت بیری بخەنەوە کە سەرزەنشتکردنی کەسێکی تر لەبەر هەڵەیەک کە خۆی کردوویەتی درۆیە و کارێکی خراپە. پێی بڵێن دەتانەوێت ڕاستی ببیستن، هەر جارێکیش کە منداڵ دانی بە هەڵەکەی خۆیدا نا، لەبەر ڕاستگۆییکەی دەست خۆشی لێبکەن و هانی بدەن دواتر نیشانی بدەن کە هەر هەڵەیەک چی دەرەنجامێکی هەیە.
  4. ژیانی ڕاستەقینەی لا سەرنجڕاکێش بکەن: بوونی هاوڕێی خەیاڵی مایەی سەرگەرمی منداڵە و ساتەکانی پڕ دەکاتەوە، بەڵام هیچ کەس حەزناکات کە ژیانی خەیاڵی منداڵی خۆشتر و سەرنجڕاکێشتر بێت لە ژیانی ڕاستەقینەی، لەبەر ئەوە یاری خۆش و سەر گەرمی لەگەڵ منداڵەکەتان بکەن و داوای لێبکەن لەگەڵ هاوڕێ ڕاستییەکانی و خوشک و براکانی یاری بکات. بیبەن بۆ سەردانکردنی پارک و مۆزەخانە و کتێبخانە و هەوڵبدەن ئاشنای بکەن بە منداڵانی تەمەنی خۆی. هەرچەندێک منداڵەکەتان لە دونیای ڕاستیدا ئەزموونی نوێ و بەرکەوتنی زیاتر بێت زووتر ماڵئاوایی لە هاوڕێ خەیاڵییەکەی دەکات.


سەرچاوەکان



1458 بینین