هۆکارەکانی پیسبوونی ئاو چین؟

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-08-31-00:29:00 - کۆدی بابەت: 14448
هۆکارەکانی پیسبوونی ئاو چین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بابەت

هۆکارەکانی پیسبوونی ئاو چین؟ (بە عەرەبی: ما أسباب تلوث الماء، بە ئینگلیزی: What are the causes of water pollution) ھەر کاتێک کە مادەی کیمیایی زیانبەخش لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەبێت پێی دەڵێن پیسبوونی ئاو، لەم بابەتەدا گرنگترین ھۆکارەکان دەخەینەڕوو.

ئاوی زێراب

ئاوی زێراب بە سەرچاوەی سەرەکی میکرۆبەکانی نەخۆشی دادەنرێت لەگەڵ ماددە ئەندامیە ڕزیوەکان، ھەر بۆیە ماددە ئەندامیە ڕزیوەکانیش نوێنەرایەتی جۆرێکی تری مەترسی دەکەن بۆ سەر کوالیتی ئاو، چونکە بە شێوەیەکی سروشتی لە ئاوی زێرابدا شیدەبنەوە لەلایەن بەکتریا و وردە زیندەوەرانی ترەوە، بەم شێوەیەش دەبێتە ھۆی لەناوچوونی ڕێژەی ئۆکسجینی تواوە لە ئاودا، ئەم کردارەش کوالیتی ئاوی دەریاچەکان و جۆگەکان دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا ئاستی بەرزی ئۆکسجین پێویستە، بۆ ئەوەی زیندەوەرە ئاوییەکان بە زیندووی بمێنەوە.

هەروەها ئاوی زێراب بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ماددە خۆراکیەکانی ڕووەک دادەنرێت، بەتایبەتی نیترات و فۆسفات، کە نیترات و فۆسفات لە ئاودا گەشەی قەوزە زیاد دەکات، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی گەشەکردنی خێرا و چڕی قەوزە، وە کاتێک ئەم قەوزانە دەمرن، ڕێژەی ئۆکسجینی تواوە لە ئاودا کەم دەبێتەوە، زیندەوەرە وردەکانیش ئۆکسجین بەکار دەهێنن بۆ هەرسکردنی قەوزە لە کاتی کرداری شیبوونەوەدا، بەم شێوەیە زیندەوەرانی ناهەوایی(واتە ئەو زیندەوەرانەی پێویستیان بە ئۆکسجین نییە بۆ ژیان) ھەڵدەستن بە پرۆسەی میتابۆلیزمی پاشماوە ئەندامیەکان، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی دەرچوونی گازەکانی وەک میسان و سولفایدی ھایدرۆجین کە زیانبەخشن بۆ زیندەوەرانی ھەوایی (واتە ئەو زیندەوەرانەی پێویستیان بە ئۆکسجین ھەیە بۆ ژیان).

فڕێدانی پاشماوە بۆ ناو دەریا

پاشماوە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی ئاو دادەنرێت، بەو پێیەی هەندێک وڵات پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە ناو دەریاکان، کە چەندین مادەی تێدایە؛ وەک کاغەز، پاشەڕۆی خۆراک، پلاستیک، لاستیک و ئەلەمنیۆم, شایانی باسە ئەم پاشماوانەش هەندێک کاتی دەوێت تا شیببنەوە، بۆ نموونە کاغەز نزیکەی شەش هەفتەی دەوێت تا شیببێتەوە، لەکاتێکدا ئەلەمنیۆم نزیکەی دوو سەد ساڵی دەوێت بۆی شیببێتەوە،بەڵام  شووشە چەند ساڵێکی پێدەچێت تا شی دەبێتەوە، بۆیە کاتێک ئەم پاشماوانە فڕێدەدرێنە ناو ئاوی دەریاوە زیان بە زیندەوەرە دەریاییەکان دەگەیەنن، و دەبنە هۆی مردنی زۆرێکیان.

ماددە نائەندامییەکان

ماددە نائەندامییەکان، بەتایبەتی کانزای قورس وەک؛ زەرنیخ و جیوە و مس و کرۆم و زینک و باریۆم کاتێک لە ئاودا چڕدەبنەوە پیسیدەکەن بۆیە بە کانزا پیسکەرەکان ناودەبرێن، هەرچەندە زیان ناگەیەنێت ئەگەر بە چڕییەکی زۆر کەم لە ناو ئاوەکەدا ھەبن، بەڵام ئەم کانزا پیسکەرانە دەکرێ بەهۆی پرۆسەی پاڵاوتنەوە دروست ببن لە فڕێدانی پاشەڕۆکاندا، یان بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی مرۆڤ، یان بەھۆی ڕووداوی پیشەسازی، شایانی باسە ئەم جۆرە پیسبوونە لەوانەیە کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر دروست بکات و ببێتە هۆی مردن، بەتایبەتی کاتێک بە چڕیەکی بەرز هەبێت لە ناو ئاوەکەدا.

گەرمی

گەرمی بە یەکێک لەو پاشماوە پیشەسازیانە دادەنرێت کە دەڕژێتە ناو ئاوەوە، بەو پێیەی ئەم ڕژانە بە شێوەیەکی بەرچاو ژینگەی ڕووبار یان دەریاچەکە دەگۆڕێت، هەرچەندە گەرمکردنی ناوخۆیی ڕەنگە هەندێکجار سوودی هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی کاریگەییەکەی زیانبەخشە چونکە توانای توانەوەی ئۆکسجین لە ئاودا کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوەی ڕێژەی توانەوەی گازێک لە ئاودا پێچەوانەیە لەگەڵ پلەی گەرمی، ئەمەش دەبێتە کەمکردنەوەی بڕی ئۆکسجینی تواوە لە ئاوەکەدا کە بەردەستە بۆ هەناسەدانی زیندەوەرە ئاوییەکان، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین، چالاکی میتابولیکی (کە تایبەتە بە کردارە کیمیاییەکانی لەشی گیانلەبەران) لە جۆرەکانی زیندەوەرە ھەواییەکان زیاد دەکات و بەم شێوەیە خواست لەسەر ئۆکسجین زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



74 بینین