ماسی تونه‌

ماسی تونه‌

له‌لایه‌ن: جوانە محەمەد - - به‌روار: 2022-01-13-13:10:00 - کۆدی بابەت: 7584
ماسی تونه‌

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماسی تونه‌ (به‌ ئینگلیزی: Tuna fish)، یه‌كێكه‌ له‌ ماسییه‌ بڕبڕه‌داره‌كان، ماسییه‌كی خێرایه‌ و نشینگه‌كه‌ی ئاوی زه‌ریاكانه‌، ماسی تونه‌ له‌ خێزانێكدا پۆلێنده‌كرێت كه‌ له‌ هه‌شت تیره‌ی جیاواز پێكهاتووه‌ و هه‌ر‌یه‌كه‌یان ڕه‌نگ و قه‌باره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌ زۆرترین ئه‌و ماسییانەی مرۆڤه‌كان ده‌یخۆن و بەکاریدەهێنن، واته‌ خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌، لەبەر ئەوەی تامێکی بە چیژی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە بۆیە ژمارەیەکی زۆری ڕاودەکرێت، بەهۆیەوە ڕووبەڕوی مەترسی لەناوچوون دەبنەوە، هەرچەندە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نییە، بەڵام بە بەردەوامی لەلایەن ڕاوچییەکانەوە لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە بڕێکی زۆریان ڕاودکرێن.

سووده‌كانی ماسی تونە

ماسی تونه‌ هه‌ڵگری سوودی خۆراكی زۆره‌ بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، وه‌ك پاراستنی ته‌ندروستی دڵ، چونکە ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ئۆمێگا ٣ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و لووله‌كانی خوێن، هه‌روه‌ها هاوكاره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی چه‌ورییه‌ سیانییه‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی کەڵەکەبوونی كۆلیسترۆڵ له‌ لووله‌خوێنه‌كاندا و كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ستانی خوێن كه‌ بڕێكی زۆر پۆتاسیۆمی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ بڕێكی كه‌م سۆدیۆم، ماسی تونە ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ پڕۆتین و بڕێكی كه‌م له‌ كالۆری، بۆیه‌ به‌ ژه‌مێكی نایاب داده‌نرێت بۆ جڵه‌وكردنی كێشی جه‌سته‌، بەهۆیەوە‌ له ‌زۆرینه‌ی خشته‌ خۆراكییه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، به‌كارهێنان و خواردنی ماسی تونه‌ی تازه‌ و نوێ گونجاوتره‌ له‌ جۆره‌ له‌ قوتونراوه‌كان كه‌ ده‌كرێت هه‌ندێك پێكهاته‌ی زیانبه‌خشی تێدابێت بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، بۆیه‌ زۆر خواردنی به‌ كارێكی دروست هه‌ژمارناكرێت به‌تایبه‌تی بۆ خانمانی دووگیان، گۆشتی ئەم ماسییە ڕێگری دەکات لە توشبوون بە جەڵدەی دەماغ، بەهۆی ڕێکخستنی تێپەڕبوونی خوێن بۆ مێشک، پارێزگاری دەکات لە پاراستنی تەندروستی چاو، هەروەها هاوکاری پاراستنی تەندروستی گورچیلەکان دەکات، بە هاوکاریکردنی جەستە لە ڕزگاربوون لە ماددە ژەهراوییەکان.

زیانەکانی ماسی تونە

دەکرێت ماسی تونە زیانبەخش بێت کاتێک بڕێکی زۆری لێ دەخورێت، یاخود دەکرێت ماسییەکە ڕووبەڕوی هەلومەرجی سەخت بووبێتەوە لە نشینگەکەیدا، یان بە شێوازێکی هەڵە ڕاوکرابێت، وەک دروستکردنی کێشە لە مێشکدا، بەهۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری ژەهر لە جەستەیدا، یان زیان گەیاندن بە تەندروستی دڵ، ئەمەیان بەهۆی پیسبوونی نشینگکەیانەوە دەبێت کە ماددە کانزاییەکان لە جەستەیدا کەڵەکە دەبن، و بەدوایدا زیان دەگەیەنن بە تەندروستی دڵ، یاخود دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی جەستەی مرۆڤ، وەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕوودەدات، کە خواردنە دەریاییەکان یەکەم هۆکاری ژەهراویبوونن.

شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی

ماسی تونە تایبەتمەندە بە هەبوونی ماسولکەی بەهێز و بەهۆیەوە دەتوانێت لە ژینگە سەخت و ساردەکاندا ژیان بکات، قه‌باره‌ی ئه‌م ماسییه‌ به‌ گوێره‌ی جۆره‌ جیاوازه‌كانی ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه‌ بچووكترینی به‌لایه‌نی زۆره‌وه‌ ده‌گاته‌ ٥٠ سانتیمەتر و كێشی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ١.٨ كیلۆگرام، له‌ كاتێكدا ماسی تونه‌ی ئه‌تڵه‌سی په‌ڕه‌كه‌ شین كه‌ به‌گه‌وره‌ترینی جۆره‌كان ده‌دانرێت درێژییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ٤.٦ مەتر و كێشی ده‌گاته‌ ٦٨٤ كیلۆگرام، جه‌سته‌ی ئەم جۆرە ماسییە لاوازه‌ و به‌ جۆرێكه‌ كه‌ هاوكارییه‌تی له‌ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ڕاوچییه‌كی چالاك، هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ خێراترین ماسییه‌كان و هه‌ندێكیان ده‌توانن له‌ كاتژمێرێكدا ٧٥ كیلۆمەتر ببڕن، واتە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا مەودایەکی زۆری زەریاکان تێدەپەڕێنن، زۆرینه‌ی جۆره‌كانی له‌ ڕه‌نگدا هاوشێوه‌ن به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌یان تۆخه شینێکە کە نزیکە لە ڕەشەوە‌ و ناوچه‌ی سكیان زیوییه‌، دوو جۆر پەرەکەی هەیە جۆرێکیان دوو دانەیە و لە ناوچەی پشتیدان ئەو دانەکەی دیکە لە نزیک کۆمیەتی، هەروەها له‌ نێوان په‌ره‌كه‌كانی پشت و كۆمی ڕیزێك په‌ڕه‌كه‌ی بچووكتر هه‌یه‌، و ئه‌م جۆره‌ ماسییه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانی دیكه‌ توانای هه‌یه‌ كه‌ پله‌ی گه‌رمی جه‌سته‌ی له‌ سه‌رووپله‌ی گه‌رمی ژینگه‌كه‌یه‌وه‌ بهێڵێته‌وه‌، واتە یەکێکە لە ماسییە خوێن گەرمەکان کە پلەی گەرمی جەستەی جڵەو دەکات.

خۆراک

ماسی تونە گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە، و خۆراکەکەشی خواردنی ماسییەکانی دیکەیە، بە جۆرێک کە هەندێک جۆری دیاریکراو ڕاودەکە و دەیانکەن بە ژەمی خۆراکی، وەک ماسی ماکریل و ماسی ڕەنجە و ماسی نازڵی، یان جگە لە ماسییەکان دەکرێت گیانەوەرە ئاوییەکانی دیکە ڕاوبکەن وەک، مەرەکەب و توێکڵدارەکان، هەروەها ماسی تونە دەتوانێت جگە لە گۆشت گیا و ڕووەکە دەریاییەکانیش بخۆن، ماسییەکانی تونە خۆشیان دەبن بە نێچێری ڕاوچییەکانی دیکە جگە لە مرۆڤەکان دۆلفین و قرشەکانیش ڕاویاندەکەن و دەیانکەن بە ژەمی خۆراکی.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوونی ماسی تونە بە گوێرەی ناوچە جوگرافییەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ماسییەکانی نۆکەندی مەکسیک لە نێوان مانگەکانی ٤-٦ یەکگرتن ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوانەی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان مانگەکانی ٦-٨ یەکگرتن دەکەن، لەکاتی هێلکەداناندا مێینەکان دەتوانن ٣٠ ملیۆن هێلکە دابنێن، کە هەتا کاتی هەڵهاتن و پێگەیشتنیان تەنها ٢ ملیۆنیان ڕزگاریان دەبێت، هەموو ئەوانی دیکە لە لایەن گیانەوەرەکانی دیکەوە دەخورێن، لە سەرەتادا لە ناوچەی ئاوە گەرمەکاندا دەژین، لە دوای پێگەیشتنیان هەموو جۆرەکان بە بەردەوامی جێگەکانیان دەگۆڕن، و دەچنە نێو ئاوە ساردەکانەوە بۆ گەڕان بە دوای خۆراکدا، وە بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ماسی تونە لە نیوان ١٥-٣٠ ساڵ دەبێت، یاخود دەکرێت هەندێکیان هەتا تەمەنی ٤٠ ساڵی بتوانن بژین.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرەکانی ماسی تونە بۆ دوو پۆلێنی جیاواز دابەشدەکرین، یەکێکیان ماسییە تازەکانە و بەشی دووەمیش ئەو جۆرانەیە کە لە قوتو نراون، ئەوانەی لە قوتو نراون ئەگەر سەرەکانیان لانەبرێت و بە داخراوی بمێنێتەوە، دەکرێت بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵبگیرێت بە بێ ئەوەی ماسییەکە بەسەربچێت، بەڵام لێرەدا تەنها باسی جۆرە زیندوو و تازەکان دەکەین، بەناوبانگترین و بەتامترینیشیان ئەمانەن:

  • ماسی تونەی پەڕەکە شین
  • ماسی تونەی سپی
  • ماسی تونەی پەڕەکە زەرد
  • ماسی تونەی ئالباکۆر
  • ماسی تونەی تەمەڵ یاخود ماسی تونەی جانتا
  • ماسی تونەی چاوزەق


سەرچاوەکان

46 بینین