بۆرسە

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-14-01:21:00 - کۆدی بابەت: 7596
بۆرسە

ناوه‌ڕۆك

بۆرسە چییە؟

بۆرسە یاخود بازاڕی کاغەزە داراییەکان (بە ئینگلیزی: Stock Market، بە عەرەبی: البورصة) ناوەندێکی دارایی و ئابوورییە، جۆرێکە لە بازاڕی ڕێکخراو کاری کڕین و فرۆشتن و دەرکردن و ئاڵوگۆڕکردنی کاغەزە داراییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، گۆڕەپانێکی گشتییە هەموو ڕێکخراوێک یان کۆمەڵەیەک دەتوانێت مامەڵەی تێدا بکات، بۆرسە ڕێگا بە کۆمپانیاکان دەدات گەشە بە سەرمایەکانیان بدەن لە ڕێگای پێدانی بەشێک لە سەرمایەکانیان بە وەبەرهێنەران، لە بۆرسەدا یاسای تووند دەسەپێندرێت و سەرجەم مەرجەکان بە خشتە ڕونکراونەتەوە و داتا و زانیارییەکان نیشان دەدات، یاساکان بەبێ جیاوازی هەموو کەسێک دەگرێتەوە. 

مێژووی بۆرسە

لە ساڵی ١٥٣١ یەکەمین بازاڕی بۆرسەی جیهان لە بەلجیکا کرایەوە، بازرگانەکان دەچوونە ناوچەی بورج لە هۆتێلی خێزانێکی سەرمایەدار کە گرنگییەکی زۆریان بە پارە دەدا دەمانەوە بە ناوی (ڤاندەر بۆرس) وشەی بۆرسەش لە ناوی ئەم خێزانەوە وەرگیراوە و سەرەتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دواتر بە جیهاندا بڵاوبوویەوە.

گرنگترین کاڵاکانی بۆرسە

ئەرکی سەرەکی بۆرسە

- دابینکردنی بازاڕێک بۆ ئاڵوگۆڕکردن و کڕین و فرۆشتنی پشکەکان.
- دابینکردنی ئامرازێک بۆ چاودێریکردن و پارێزگاریکردنی بەهای کاغەزە داراییەکان.

بۆرسە دوو خزمەتگوزاری سەرەکی پێشکەش دەکات:

  • بازاڕە سەرەتاییەکان (الاسواق الاولیة): کۆمپانیاکان و حکوومەتی وڵاتان و دەستەکانی تر دەتوانن لە ڕێگای ئاڕاستەکردنی سامان و سەرمایەکانیانەوە بۆ پرۆژەکانی بەرهەمهێنان گەشە بە قازانج و داهاتیان بدەن.
  • بازاڕە لاوەکییەکان یاخود دووەمییەکان (الاسواق الثانوية): لەم بازاڕەدا دەتوانیت ئەو کاغەزە داراییە بفرۆشیت کە پێشتر کڕیوتە، بەم جۆرە مەترسییەکانی وەبەرهێنان کەم دەبنەوە و پارێزگاری لە پارەی بەردەست دەکرێت.

گەورەترین بۆرسەی جیهان

بۆرسەی نیویۆرک

بۆرسەی نیویۆرک (بە ئینگلیزی: New York Stock Exchangeگەورەترین بۆرسەی جیهانە، دەکەوێتە شەقامی وۆڵ ستریت لە ویلایەتی نیویۆرک، لە ساڵی ١٨١٧ـوە بەردەوامە بەڵام سەرەتا ئەم ناوەی نەبووە لە ساڵی ١٩٦٣ ئەم ناوەی بۆ دیاریکراوە، لە مانگی سێی ساڵی ٢٠١٨ نرخە بازاڕییەکەی گەشتە ٢٣.١٣ تریلیۆن دۆلار بەمەش ٪٤٠ ی تەواوی پشکی بازاڕە داراییەکانی پێکهێنا، زیاتر لە ٢٤۰۰ کۆمپانیا لە بوارە جیاوازەکان لە لیستی بۆرسەی نیویۆرک بونیان هەیە وەک بوارەکانی (وزە، تەکنەلۆجیا، پارەدارکردن، چاودێری تەندروستی، چەندان کاڵای بەکاربەری تر).

چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕ لە بۆرسە

لە ڕابردوودا مامەڵەکان و ئاڵوگۆڕەکان لەسەر زەوی ئەنجام دەدرا و پێی دەگوترا هۆڵی ئاڵوگۆڕکردن، لە ڕێگای هاوارکردنەوە کڕیارەکانیان لە دەوری خۆیان کۆدەکردەوە، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا مامەڵەکان لە ڕێگای ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەکەوە ئەنجام دەدرێن، بۆرسە لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە سەرپەرشتی دەکرێت پێیان دەگوترێت نێوەندگیرەکان کە هەڵدەستن بە چاودێریکردنی نرخە جیهانییەکان، ئاستێک بۆ بەرزی و نزمی نرخی پشکەکان دادەنێن، پێویستە نێوەندگیر بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی پێشوەخت بەردەوام خاوەن پشک لە زانیاری و بەرزی و نزمی نرخی پشکەکەی ئاگادار بکاتەوە.

سوودەکانی وەبەرهێنان لە بۆرسە

١- گەشەی ئابووری و قازانجی دامەزراوەکان: گەشەی ئابووری هۆکارێکە بۆ زیادکردنی داهات و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمەکان و دواتر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای کۆمپانیاکە.
٢- کڕین تێیدا ئاسانە: وەبەرهێن دەتوانێت بە ئاسانی کاغەزە داراییەکان بکڕێت بۆ ئەمەش پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێت، نێوەندگیر، شیکەرەوەی دارایی هەیە.
٣- بەدەستهێنانی پارە لە ڕێگای: کڕینی پشک و قەواڵە بە نرخێکی هەرزان و فرۆشتنەوەی بە نرخێکی بەرزتر، ئەمە بیرۆکەیەکی باوی وەبەرهێنەکانە بە ئومێدی بەرزبوونەوەی پشکەکان ئەم کارە دەکەن، هەروەها کڕینی پشکی ئەو کۆمپانیایانەی کە قازانجێکی زۆریان بۆ وەبەرهێن هەبووە.
٤- فرۆشتن تێیدا ئاسانە: وەبەرهێن بە ویستی خۆی دەتوانێت هەر کاتێک خواستی لەسەر بوو پشکەکەی بفرۆشێت، بەڵام پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکات چونکە هەندێک کات نرخی پشک دادەبەزێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێن زیانی بەرکەوێت.

زیانەکانی وەبەرهێنان لە بۆرسە

١- شکست لە وەبەرهێناندا: دەکرێت وەبەرهێن تەواوی سەرمایەکەی لەدەست بدات کاتێک نرخی پشکەکانی دادەبەزن و کۆمپانیاکەی مایەپوچ دەبێت، دواتر کەسانی دیکە بڕیاردەدەن کە پشکی کۆمپانیاکە نەکڕن ئەو کەسانەش کە لە ڕابروودا پشکەکانیان کڕیوە بیفرۆشنەوە.

٢- پێویستی بە کاتێکی زۆرە: وەبەرهێن پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دامەزراوەی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت، دەبێت لە ڕێگای ڕاپۆرتە ساڵانەییەکانەوە ئاستی دارایی، قازانج، گەشەی کۆمپانیاکان بزانێت و دواتر بڕیاربدات چ کۆمپانیایەک هەڵدەبژێرێت.

٣- بەرزی و نزمی نرخی پشکەکان: وەبەرهێنانەکان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەیان دەبێت، بەمەش توانای بڕیاردانی کڕین یان فرۆشتنی پشکەکانیان نامێنێت.

ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢١ـی بۆرسە گەورەکانی جیهان بەپێی نرخی بازاڕی


1. نیویۆرک: نرخە بازاڕییەکەی ٢٨٫٣٦ تریلیۆن دۆلار بووە.

2. ناسداک لە ئەمریکا: نرخە بازاڕییەکەی ٢٢٫٣٣ تریلیۆن دۆلار بووە.

3. شەنگەهای لە چین: نرخە بازاڕییەکەی ٧٫٨١ تریلیۆن دۆلار بووە.

4. یۆرۆنێکست لە ئەوروپا: نرخە بازاڕییەکەی ٧٫٠٣ تریلیۆن دۆلار بووە.

5. ژاپۆن: نرخە بازاڕییەکەی ٦٫٥٣ تریلیۆن دۆلار بووە.


سەرچاوەکان



4022 بینین