موستەفا کەمال ئەتاتورک

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-16-13:40:00 - کۆدی بابەت: 7609
موستەفا کەمال ئەتاتورک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

موستەفا کەمال ئەتاتورک (بە عەرەبی: مصطفی كمال ٲتاتورك، بە ئینگلیزی: Mustafa Kemal Ataturk) دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و یەکەمین سەرکۆماری تورکیا، لەدایکبووی 19ـەی ئایاری ساڵی 1881 شاری "سالۆنیک"ـە کە سەر بە یۆنانی ئێستا دەکات و ئەو کات سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی بوو، باوکی کە ناوی "عەلی ڕەزا" بوو بە پلەی جێدار سەرباز بوو لەنێو هێزە چەکدارەکانی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانی، هەمیشە ویستویەتی کوڕەکەی ببێت بە سەرباز و هەر لەسەر داوای ئەویش موستەفا چووە خوێندنگەی حکومی، خاوەن شەش خوشک و برا بووە بەڵام هەموویان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی منداڵی مردوون، تەنها خوشکێکی ماوەتەوە بە ناوی "مەقبوولە، موستەفا قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگە ئایینییەکان بووە، بەڵام بەهۆی سووربوونی باوکی لەو خوێندنگانە دەرکراوە دواتر چووەتە بەر خوێندنی هاوچەرخی سەربازی ئەو کاتە، لە تەمەنی حەوت ساڵی باوکی کۆچی دوایی دەکات، موستەفا له خوێندنی ئامادەیی بەهۆی زیرەکی و تواناییەکانیەوە مامۆستای بیرکاری بە نازناوی "کەمال" بانگهێشتی کردووە و لەو تەمەنەوە ناوی بوو بە موستەفا کەمال، هەروەها ئەو کاتەی دەسەڵاتی تورکیای وەرگرت نازناوی "ئەتاتورک"ـی وەرگرت کە واتای "باوکی توورکە.

ژیانی سەربازی و سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی

ـ لە ساڵی 1899 دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، چووەتە کۆلێجی سەربازی و لەوێ ئەزموونی یەکەم چالاکی سیاسی کردووە و چووەتە ڕیزەکانی جووڵانەوەیەکی دژی دەسەڵاتی سوڵتان "عەبدولحەمیدی دووەم".
ـ  لە ساڵی 1905 کۆتایی بە خوێندنی سەربازی هێنا و بە پلەی پێشەنگ دەرچووە.
ـ لە نێوان ساڵانی 1912 بۆ 1913 چووەتە نێو ڕیزەکانی سەربازی عوسمانییەکان لە دیمەشق و یۆنان، بەشداری "جەنگی بەڵقانی" کردووە.
ـ لە جەنگی جیهانی یەکەم سەرکردەیەکی سەربازی باڵا بووە لەگەڵ عوسمانییەکان جەنگاوە، تێیدا وەک کەسایەتییەکی سەرەکی دژ بە هێزە هاوپەیمانەکان بەشدار بووە.
ـ لە ساڵی 1909 چووەتە نێو کۆمەڵەی "ئیتیحاد و تەرەقی" کە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و لە کارلابردنی سوڵتان "عەبدولحەمیدی دووەم" و دامەزراندنی کۆماری تورکیا.
ـ لە ساڵی 1919 ئەتاتورک لە ئەنادۆڵ جووڵانەوەیەکی شۆرشگێڕانی دامەزراند ئەم جووڵانەوەیە لە سەرکەوتن لە جەنگی دژی یۆنان ڕۆڵێکی کارای هەبوو، هەروەها لە "پەیماننامەی لۆزان" بەشداری کردووە.

وەرگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆماری تورکیا

ـ دامەزراندنی کۆماری تورکیا: لە ساڵی 1921 لە ئەنقەڕە حکومەتی هەرێمی ئەنقەڕەی ڕاگەیاند، پاشان لە ساڵی 1923 لە جیهاندا بە تەواوی کۆتایی بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان هات، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1923 کۆماری تورکیای ڕاگەیاند، ئەنقەڕەی وەکوو پایتەختەکەی هەڵبژارد و خۆیشی وەکوو یەکەمین سەرکۆماری تورکیا دەسبەکاربوو، لەو پۆستە مایەوە تاکوو مردنی لە ساڵی 1938.
ـ کەسایەتی ئەتاتورک: ئەتاتورک خۆی بە کەسێکی هاوچەرخ و سەردەمیانە دادەنا و کەسایەتییەکی سەربازی توندی هەبوو، دژمنی دواکەوتوویی و دابوونەریتەکانی کۆمەڵگا بوو، کەسێکی نەتەوەپەرست و نەژادی بوو، ڕاجیایی قبووڵ نەبووە و هەمیشە نەیارانی بە خراپترین شێوە سەرکوتکردووە، دژی کەمینەکانی تورکیا بووە نموونەی کورد و نەتەوەکانی تر کە بە زەبری هێز دەبوو بە زمانی تورکی قسە بکەن لێیان قەدەغە بوو زمانی خۆیان بەکاربهێنن.
ـ سیاسەتی کەمال ئەتاتورک: سیاسەتەکانی بە کەمالیزم یاخود کەمالییەت دەناسرێتەوە، ئەو کۆمەڵێک چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ناو دەوڵەت ئەنجامدا، ئەمەش لە پێناو بە ھاوچەرخکردنی تورکیا و گونجاندنی بوو لەگەڵ کولتوور و سیستمی ڕۆژئاوادا، ئامانجی ئەوە بوو کە دەوڵەتێکی پیشەسازی و پێشکەوتوو بنیات بنێت، بە هەموو شێوەیەک هەموو چەمکەکانی وڵاتی لە ئایین و دابوونەریتە ئیسلامییەکان دابڕی و جیای کردەوە، حکومەتەکەی ئەتاتورک پڕۆسەیەکی بە تورکاندنی دەستپێکرد و هەوڵیدا وڵات بکاتە وڵاتێکی یەک نەتەوەیی.
ـ بڕیار و یاسا نوێیەکانی: هەندێک بڕیارەکانی بە چاکسازی و هاوچەرخبوون ناودەبەن، بە پێچەوانەوە هەندێکی تریش پێیان وایە بڕیارەکانی لەسەر بناغەی دژایەتی کولتوور و نەریتی ڕەسەنی تورکی و ئایینی ئیسلام دەرکردووە و ئەو بناغەی نەتەوە پەرستی لە تورکیا داناوە، گرنگترین ئەو یاسایانەی کە بە شەش تەوەر داینان و بە کەمالیزم ناسراوە بریتی بوون لە:

  • لە ساڵی 1925 بە بڕیارێک بانگدانی بە زمانی عەرەبی لە هەموو مزگەوتەکانی تورکیا قەدەغە کرد.
  • لەسەر بڕیاری ئەو پێویست بوو قورئان بە زمانی تورکی بخوێنرێتەوە، سەرباری دژایەتی زانایانی ئیسلام بۆ ئەم بڕیاریە، بەڵام ئەو هەموو قورئانەکانی تورکیای گۆڕی بۆ زمانی تورکی و تەنانەت پێویست بوو لە نوێژە بە کۆمەڵەکانیش بە زمانی تورکی نوێژ بکرێت.
  • هەموو کەسێک پێویست بوو بە زمانی تورکی قسە بکات، تەنانەت ئەو نەتەوانەی تریش کە زمانی تورکی زمانی خۆیان نەبوون.
  • لە ساڵی 1926 هەموو ئەو یاسایانەی وڵات کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی دانرا بوون هەڵوەشانەوە، کۆمەڵێک یاسای ئەورووپی وەکوو جێگرەوەی دانران، نموونەی یاسای باری شارستانی سویسری و یاسای سزادانی ئیتاڵی و یاسای بازرگانی ئەڵمانی.
  • لە ساڵی 1928 بە پاساوی نەهێشتنی نەخوێندەاری و نوێکاری لە زمانی تورکی بە بڕیارێک هەموو ئەو پیتە عەرەبیانەی لە ئەلفوبێی تورکیدا بوون گۆڕیانی و پیتی لاتینی لە جێگەیان دانا.
  • هەموو قوتابخانە ئایینییەکانی قەدەغە کرد و گۆڕینی بۆ قوتابخانەی تایبەت لەسەر سیستمی عەلمانی.
  • یاسای فرەژنی قەدەغەکرد و گرێبەستی هاوسەرگیری شارستانی دانا، لە ساڵی 1934 مافی دەنگدان و خۆکاندید کردنی بە ژنان بەخشی.
  • ڕێگری کرد لە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی تورکی نموونەی "کڵاوی تەڕبووش" کە جۆرە کڵاوێکی ڕەنگ سووری کەمێک بەرزە هەروەها پۆشاکی زانایانی ئاینی کە پێکهاتبوو لە ڕۆبێکی درێژی داخراو قەدەغەکرد، لەبری ئەمانە پێویست بوو جلوبەرگی ڕۆژئاوایی بپۆشن، کە لە کراس و پانتۆڵ و کڵاو پێکهاتبوو. 

کاریگەری ئەتاتورک لەسەر داهاتووی تورکیا

بەھۆی دەستکەوتە سەربازی و سیاسییەکانییەوە، ئەتاتورک بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەمی تورکیا و جیهان دادەنرێت، بەشێک لە تورکییەکان ئەتاتورک بە ڕابەر و دانەر و پێشەنگی پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی تورکیای هاوچەرخ دایدەنێن، هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە و چەندان شوێن و ناوچەیان بە ناوی ئەوەوە ناوە و پەیکەری بۆ دروستکراوە و وێنەکەی لەسەر لیەری تورکی نەخشێنراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێکی تر پێیان وایە ئەتاتورک بە تەنها دژایەتی دەوڵەتی عوسمانی نەکرد، بەڵکو ئەو دژایەتییەی کرد بە پاساوێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایین و لە ناوبردنی دینداری کە کڕۆک و گەوهەری کۆمەڵگای تورکی بوو، پێشکەوتنی وڵاتی پەیوەست کرد بە وازهێنان لە بەهاکانی ئیسلام، بۆیە ڕێبازی "عەلمانی کەمالیزم" تەنها ئایینی لە دەوڵەت جیانەکردەوە، بەڵکوو کۆنتڕۆڵی هەموو ئایینەکەی کرد هەموو دەرهاویشتەکانی ئایینی لە کۆمەڵگا بنبڕ کرد.

باری سۆزداری

لە سەرەتای لاوی و گەنجیدا ئەتاتورک بە چەند پەیوەندییەکی سۆزداری تێپەڕیوە، لە ساڵی 1923 لەگەڵ "لەتیفە هانم" هاوسەرگیری کردووە، ژنێکی خوێنەوار و کراوە بووە بۆ ئەو بیرۆکە ڕۆژئاواییانەی کە ئەتاتورک بانگەشەی بۆ کردووە، بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و جیابوونەتەوە، ئەتاتورک جارێکی تر هاوسەرگیری نەکردووەتەوە و هەر بەتەنها ژیاوە، هەروەها ئەرکی بەخێوکردنی چەند منداڵێکی بێسەرپەرشتی لە ئەستۆ گرتووە.

کۆچی دوایی

موستەفا کەمال ئەتاتورک بەهۆی نەخۆشی جگەر لە ساڵی 1938 لە ئیستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە، لە ئەنقەڕە دوای ئاپۆڕایەکی جەماوەری لە گۆڕستانێکی تایبەت نێژراوە، بە پێنج ڕۆژ دوای کۆچی دوایی پەرلەمانی تورکیا نازناوی "ئەتاتورک"ـی پێدا، بە واتای "باوکی تورک"ـە.


سەرچاوەکان



3311 بینین