شوان کەمال

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-20-20:08:00 - کۆدی بابەت: 7647
شوان کەمال

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوان کەمال (بە ئەڵمانی: Schwan Kamal، بە ئینگلیزی: Shwan kamal) ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەکی جوولەکان لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لەدایکبووە.

شوان کەمال لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ ساڵی ١٩٨٧ لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی ھونەری خوێندووە، بە پلەی یەکەم بڕوانامەی دیبلۆمی لە ھونەری پەیکەرسازی ھێناوە، پاشان توانیویەتی لە ئەکادمیای ھونەریی زانکۆی بەغداد درێژە بە خوێندنی ھونەری بدات. لە ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ھونەری پەیکەرسازی بەدەست ھێناوە. ھەر ئەو ساڵە بووەتە مامۆستای ھونەری لە بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی.

ساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی ماستەر لە ھونەری پەیکەرسازی لە خوێندنی باڵای وڵاتی سوید لە ستۆکھۆڵم بەدەست دەهێنێت.

پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستانی باشوور، ساڵی ١٩٩٤ کوردستان جێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە تورکیا و پاشان یۆنان و لە ساڵی ١٩٩٥ و لە شاری دویسبۆرگ و دواتر نۆیس نیشتەجی دەبێت و لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا کاری ھونەری دەکات.

لە دوای ساڵی ٢٠١٥ شوان کەمال لەبەر باری خێزانی ئەڵمانیا جێ دەھێڵیت و لە شاری مالمۆوی وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت و کاری ھونەری دەکات.

بەرهەمەکانی

پەیکەرەکانی کوردستان

  • ١٩٩١ – پەیکەری تۆفیقی کارەبا لە شاری ھەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان (کەسێکە بە کارەساتی کیمابارانەکەی ھەڵەبجە شەھید بووە)
  • ١٩٩٢ – پەیکەری حەمەسەعیدی ئەندازیار لەبەردەم بنکەی کارەبای شاری سلێمانی.
  • ١٩٩٣ – پەیکەری شەھیدانی چیمەن لە فولکەی خانەقای شاری سلێمانی.
  • ١٩٩٣ – پەیکەری ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی، گادگروس لە ساڵی ١٩٩١ لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکرا و گولـلەبارانیان کرد.
  • ١٩٩٣ – پەیکەری خاڵە حاجی لە فولکەی خاڵە حاجی لە شاری سلێمانی.
  • ١٩٩٤ – پەیکەری بەختیار عەسکەری لە شاری ھەولێر.

پەیکەرەکانی ئەورووپا

شوان کەمال لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری ئەسینا لە وڵاتی یۆنان خەریکی کاری ھونەری دەبێت لە کارگەیەکی پەیکەر دروستکردن و کۆمەڵێک پەیکەریان بۆ دروست دەکات. دواتر بەرەو ئەڵمانیا دەکەوێتە ڕێ و ھەر ئەو ساڵە لە کارگەیەکی دروستکردنی پەیکەر (ڕۆلف کایزەر) لەبەر بژێوی ژیان دەستبەکار دەبێت. لەم ماوەیەدا لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ٢٠١٥ کۆمەڵێک پەیکەر بۆ پەیکەرسازە جیھانییەکان لەم کارگەیە دروست دەکات بۆ نموونە: (تۆنی کرێگی بەریتانی، تۆماس شوتەی ئەڵمانی، مەگدەلینا ئەبەکانۆڤیجی پۆلۆنی، کاترینا فریچی ئەڵمانی) و گەلێکی تریش ئەم کارانە لە زۆرێک لە مۆزەخانە و باخ و شوێنە گشتییەکانی جیھان نمایشکراون.

شان بە شانی ئەمانە شوان کەمال خەریکی کاری ھونەری خۆی بووە و گەلێک کاری ھونەری ئەنجامداوە کە دواتر بوونەتە کەرەستەی چەندین پێشانگە و پرۆژە و کاری ھونەری بۆ ئەڵمانیا و سوید و شارەکانی کوردستانیش.

لە ماوەی کارکردنی ئەم ٢٠ ساڵە و ئەزموونی ھونەری شوان، ناوێکی باشی بۆ دروست دەکات لە ناوەندە ھونەرییەکانی ئەڵمانیا. کۆمەڵێک پرۆژە و کاری ھونەری مێژوویی دەھێنن بۆ ئەم کارگەیە کە لە جەنگی جیھانی دووەم و سەردەمی نازییەکان نەماون و لەناوبراون، شوان بۆیان دروست دەکات و لە زۆرێک لە پارک و شوێنە گشتییەکانی ئەڵمانیا دادەنرێن، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە میدیاکانی ئەڵمانیا. بۆ مێژوو، شوان ناوی خۆی بە کوردی لەسەر ئەم پەیکەرانە ھەڵکۆڵیوە، لەو پرۆژانە:

  • ١٩٩٩ – پەیکەری مۆسیقار و ئاوازدانەری ئەڵمانی، گوستاڤ ئەدلۆف براون، لە پارکی سەروو لە شاری فوبەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠٠٨ – پەیکەری شاسوار ئەرنۆڵد رۆس، لە تاقێکی باڵەخانەی شارەوانیی شاری فوبەرتاڵ دانراوە لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠٠٩ – پەیکەری یوستیسیا، لە دەستی ڕاستی دەرگای سەرەکی باڵەخانەی شارەوانیی فوپەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١٠ – پەیکەری ڕاستی، لە دەستی چەپی دەرگای سەرەکیی باڵەخانەی شارەوانیی فوپەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١١ – پەیکەری مێژوویی یارمەتی ھەژاران، لە پارکی کڵێساکان لە سەنتەری شاری فوپەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١٢ – پەیکەری فوارەی دادپەروەری، لە پارکی کۆماری شاری فوپەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١٣ – پەیکەری مۆسیقاری جیھانی، فیلکس میندلسۆن، لەبەردەم ئۆپێرای شاری دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١٣ – پەیکەری کەسایەتیی ئەڵمانی، پیتەر ھێڵد ناسراو بە ھۆش ھۆش، لە بازاڕێکی شاری فوپەرتاڵ لە ئەڵمانیا.
  • ٢٠١٤ – پەیکەری پەری بۆ گۆڕستانی سەروو، لە شاری دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا.

پڕۆژەکانی دەیەی دووەمی سەدە لە کوردستان

  • ٢٠١٣ – پەیکەری عەدالەت، لەبەردەم باڵەخانەی داد لە شاری ھەولێر.
  • ٢٠١٤ – پەیکەری شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لەبەردەم دەزگا و پەخشی چاپی سەردەم لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی.
  • ٢٠١٥ – مۆنۆمینت و پەیکەری شێرکۆ بێکەس لەسەر ئارامگەکەی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی.

پەیکەرەکانی وڵاتی سوید

لە ساڵی ٢٠١٥ شوان لە سەندیکای ھونەرمەندانی ھەرێمی سکۆنە دەبێتە ئەندام و لە کارگەی پەیکەرسازی (ڕۆبیرت کاسلاند) و (ڕۆسینگرێنز کۆنست یوتەری) دەست بەکاری ھونەری دەکات، چەند پەیکەرێکیان بۆ دروست دەکات، لەوانە:

  • ٢٠١٦ – پەیەکەرێکی ئەبستراک بۆ نەخۆشخانەی شاری مالمۆ.
  • ٢٠١٧ – پەیکەری مریەم کچێکی زنجیە بۆ کتێبخانەی شاری یۆتۆبۆری لە سوید.
  • ٢٠١٨ – پەیکەری کۆچبەر بۆ پارکی ئێکەبێری لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لایەنی جێبەجێکار کارگەی رۆسنگرێنس لە شاری مالمۆی سوید.
  • ٢٠١٩ – پەیکەری شاری ئاھۆس لەسەرشێوەی ریلیف، لەبەردەم مۆزەخانەی شاری ئاھۆس لە شانشینی سوید دانراوە.
  • ٢٠١٩ – دروستکردنی مۆدێلی پەیکەری فیل و مۆسیقیەکە، بۆ پارکی گەل شاری مالمۆ لە شانشینی سوید.
  • ٢٠١٩ – دروستکردنی پەیکەری(پێڵاوی یاری)بۆ(مارکۆس رۆسنبێری)یاریزانی ناسراوی تۆپی پێی سویدی،لە یاریگای شاری مالمۆ لە شانشینی سوید دانراوە

پێشانگەی ھونەری

لە ساڵانی ١٩٨٢ـەوە شوان بەشداری لە کۆمەڵێک پێشانگەی ھونەری کردووە لە کوردستان و عێراق و ئەورووپا و گەلێک خەڵاتی ھونەری پێبەخشراوە.

پێشانگە تایبەتییەکان

  • ١٩٨٧ – پێشانگەی پەیکەرسازی کارەکانی شوان کەمال لە ھۆڵی مۆزەخانە، لە شاری سلێمانی.
  • ٢٠١١ – پێشانگەی پەیکەرسازی کارەکانی شوان کەمال لە ھۆڵی مۆزەخانە، لە شاری سلێمانی.
  • ٢٠١١ – پێشانگەی پەیکەرسازی لە ھۆڵی میدیا لە شاری ھەولێر.


سەرچاوەکان



554 بینین