ئابووریی مالیزیا

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-24-16:00:00 - کۆدی بابەت: 7688
ئابووریی مالیزیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مالیزیا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، لە ٣١ـی ئابی ساڵی ١٩٥٧ـەوە یەکێتیی مەلایی سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، مالیزیا یەکێکە لە وڵاتە فرە پایتەختەکانی جیهان و پوتراجایا ناوەندی کارگێڕی و دادوەری وڵاتەکەیە (پایتەختی ئیداری) و کوالالامپور پایتەختی فەرمی و شاهانەییە، دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایینییە، کلتوورێکی دەوڵەمەند و هەمەجۆری هەیە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام و مەزهەبی سوننە دەکەن، زۆربەی دانیشتوانی مالایین و ٥٠.١٪ ـی دانیشتوان پێکدەهینن، لەگەڵ ئەوانیشدا چینی بە ڕێژەی ٢٢.٦٪ و ھیندی بە ڕێژەی ٦.٧٪ لە وڵاتەکە دەژین.

دراوی وڵات

ڕینگیتی مالیزی بە دراوی فەرمی وڵات دادەنرێت و بە (RM) هێما دەکرێت.

لایەنی ئابووری

بە یەکێک لە بەهێزترین ئابوورییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دادەنرێت، پلەی ٣٥ـەمی گەورەترین گروپە ئابوورییەکانی جیهان و پلەی چوارەمی گروپە ئابوورییەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای هەیە، ئابوورییەکی هەمەجۆر هەیە، خێرایە لە گەشەکردندا، بە یەکێک لە کراوەترین ئابوورییەکانی جیهانی دادەنرێت، ئابووری مالیزیا پێش ساڵی ١٩٧٠ بەم جۆرەی ئێستا هەمەجۆر نەبووە، پشتی بە هەناردەکردنی ماددە خاوەکان وەک لاستیک و تەنەکە بەستبوو، لە ساڵی١٩٧٠ دەسەڵاتی نیشتمانی پێرناس (PERNAS) بە مەبەستی هاندان و گەشەپێدانی کۆمپانیا مالیزییەکان دامەزرا و دواتر ئابووری ئەم وڵاتە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینی.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٧ ساڵانە بە ڕێژەی ٪٨ بۆ ٩٪ ئابوورییەکەی گەشەی دەکرد، لە کۆتایی ساڵی هەشتاکان حکومەت وەبەرهێنانی بیانی زیاد کرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨ ئابووری مالیزیا بەهۆی قەیرانی دارایی ئاسیاوە پاشەکشەی کرد، حکومەت بودجەی پرۆژە گەورەکانی کەمکردەوە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە وڵات و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی، دواتر بووە هۆی ئەوەی کرێکارە بیانییەکان وڵاتە جێبهێڵن، بەڵام ئەم قەیرانە زۆری نەخایاند و لە ساڵی ١٩٩٩ ئابووریی وڵاتەکە گەڕایەوە ئاستە مەزنەکەی پێشووی، بە جۆرێک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ دا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی ٣.٥٪ و لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ٦.٣٪.بووە.

گرنگترین ئەو کەرتانەی کە ئابووریی مالیزیا پشتی پێدەبەستێت

کەرتی وزە

بەشێکی گرنگی ئابووریی مالیزیا پێکدەهێنێت، بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەرتە گەورەترین ڕێژەی هەناردەکردنی تێدایە لەسەر ئاستی وڵات، نەوتی خاو یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە و بەرزترین ڕێژەی هەناردە کردنی هەیە، هەروەها پێتڕۆڵی پوختەکراو، گازی سروشتیی شلکراو، نزیکەی ١٤٪ـی کۆی گشتی بەرهەمی جیهان پێکدەهێنێت.

کەرتی کشتوکاڵ

له ٨٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، نزیکەی ١٤.٨٪ ـی کۆی هێزی کار لەم کەرته کار دەکەن، گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بریتین لە برنج کە خۆراکێکی سەرەکی وڵاتەکەیە، کاکاو، مالیزیا لە جیهاندابە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنی کاکاو هەژماردەکرێت، ڕۆنی خورما ئەم وڵاتە لە٦۰٪ـی تەواوی ڕۆنی خورمای جیهان بەرهەم دەهێنێت و لە دوای ئەندەنوسیا بە پلەی دووەم دادەنرێت، سەرەڕای ئەمانە بەرهەمهێنی لاستیک، گوێزی هیندی، بیبەر، قاوە، چا، جۆرەها میوە و تەختەیە.

کەرتی کانزاسازی

مالیزیا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنی تەنەکە لە جیهاندا، نزیکەی ٧٪ ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، کانزا خاوە سەرەکییەکانی مالیزیا بریتین لە (تەنەکە، ئەلەمنیۆم، ئاسن، مس، جگە لە بوونی بڕێکی سنووردار لە مەنگەنیز، جیوە، زێڕ).

کەرتی پیشەسازی

کەرتی پیشەسازی گرنگترین کەرتە کە پشتیوانیی ئابووریی مالیزیا دەکات، سێ یەکی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە و نزیکەی ٣٠.١٪ـی کۆی هێزی کار (دەستی کار) پێکدەهێنێت، گرنگترین پیشەسازییەکانی مالیزیا بەرهەمە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکانن کە دەگەنە ٦٧.٦٪ هەروەها پیشەسازی کیمیایی و بەرهەمی کیمیایی نزیکەی ٧.٣٪ پێکدەهێنن، پیشەسازی چنین و جلوبەرگ و پێڵاو ٢.٧٪ـە، جگە لە پیشەسازییە قورسەکانی وەک پیشەسازی پۆڵا، ئۆتۆمبێل.

هەندێک کەرتی تر بەشداری ئابووریی مالیزیا دەکەن کە گرنگترینیان گەشتەوەرییە، چونکە مالیزیا بەهۆی سەقامگیرییەوە بە شوێنێکی گرنگی گەشتەوەری دادەنرێت، هەبوونی خزمەتگوزاری گەشتەوەری بە جۆرێکە نزیکەی ٥٥٪ـی کۆی هێزی کاری وڵاتەکە دەگرێتەوە، کەرتی ماسیگرتن و ئاژەڵداری.


سەرچاوەکان



1159 بینین