ئەسینا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-14-15:40:00 - کۆدی بابەت: 7828
ئەسینا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسینا (بە ئینگلیزی: Athens)، پایتەخت و گەورەترین شاری یۆنانە، زۆرێک لە بیرۆکە فیکری و هونەرییەکانی شارستانێتی کلاسیکی لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە، گەورە شاری ئەسینا ڕووبەری 427 کیلۆمەتر دووجا داگیردەکات و 8 کیلۆمەتر لە کەنداوی فالیرۆنەوە دوورە.

مێژووی ئەسینا

ئەسینا یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3400 ساڵ پێش ئێستا، ئەسینای کلاسیکی ناوەندێکی فەلسەفی، هونەری و فێربوون بووە و هەروەها بە لانکی شارستانیەتی ڕۆژئاوا و دیموکراسی دادەنرێت، ئەمڕۆ ئەسینا پایتەختێکی جیهانییە و ناوەندی دارایی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری وڵاتی یۆنانه.

دانیشتوانی ئەسینا

لە ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی ئەسینا زیاتر لە 665,000 کەس بووە و 3.75 ملیۆن کەس نیشتەجێی ناوچەکانی سەر بە پایتەختن، هەروەها چڕی دانیشتوانی شارەکە 17,040 کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا، سەنتەری شاری ئەسینا لەناو شارەوانیەتیدایە کە گەورەترین شاری یۆنانە لەڕووی دانیشتوانەوە، هەروەها شاری پیرایوس سەنتەرێکی شار لە ناوچەی شارستانی ئەسینا پێکدێنێت و لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە چوارەم گەورەترین شارە، ناوچەی شارستانی ئەسینا 40 شارەوانی هەیە کە 35یان لە باکووری ئەسینا، ڕۆژئاوای ئەسینا، ناوەندی ئەسینا و ئەسینای باشوور بە شارەوانی ئەسینای گەورە ناودەبرێن، لەڕووی ديمۆگرافياشەوە شاری ئەسینا دانیشتوانێکی تا ڕادەیەک هاوچەشنی هەیە، کەمینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن و هەروەها هاوڵاتی جوولەکە، ئەرمەنی، ڕۆمانی، پۆماک و تورک نیشتەجێی شارەکەن، هەرچەندە 87٪ی جوولەکە یۆنانییەکان لە سەردەمی هۆلۆکۆستدا کوژراون بەڵام ئەسینا خاوەنی کۆمەڵگایەکی جوولەکەییە کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە ناوچەکەدا، ڕۆمانییەکان لە تەواوی وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە و بەتایبەتی لە شاری ئەسینا و ساڵۆنیک زۆر چڕبوونەتەوە.

ئەسینا لەڕووی گەشتیارییەوە

ئەم شارە یەکێکە لەو شارانەی جیهان کە ساڵانە زۆرترین گەشتیار ڕووی تێدەکات، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2018 بۆ هەر ساڵێک 4.797 ملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن، ئەسینا ناوچەیەکی زۆر نایابە بۆ گەشتکردن و لێکۆڵینەوە لە دوورگەکانی یۆنان و تەلارسازی کۆنی ئەورووپا.

کەشوهەوای ئەسینا

کەشوهەوای شاری ئەسینا تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە، مانگەکانی وەرزی زستان باراناویی و مامناوەندن، مانگەکانی وەرزی هاوینە گەرم و خۆرەتاون، لە وەرزی زستاندا واتە لە کانوونی یەکەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار هەندێک جار بایەکی سارد لە نیمچەدوورگەی بالکانەوە هەڵدەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کەشوهەوا سارد دەبێت و باران دەبارێت و هەندێک جاریش بەفریش دەبارێت، شاری ئەسینا لە هاویندا گەرمترین پایتەختی ئەورووپایە، لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا پلەی گەرما دەگاتە 35 بۆ 36 پلەی سەدی، هەندێک جاریش پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 40 پلەی سەدی، هەروەها ڕێژەی بارانبارین زۆر نییە و لە ساڵێکدا نزیکەی 400 ملیمەتر دەبارێت، زۆرترین بڕی بارانبارین لە مانگی تشرینی دووەمەوە بۆ شوباتە و لە مانگەکانی هاویندا کەمترین بڕ دەبارێت.


سەرچاوەکان



1047 بینین