تایبەتمەندییەکانی منداڵی چوار ساڵ و شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-15-10:57:00 - کۆدی بابەت: 7835
تایبەتمەندییەکانی منداڵی چوار ساڵ و شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵی

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندییەکانی منداڵی چوار ساڵ

ڕەنگە تەمەنی منداڵەکەتان لە چوار ساڵی نزیک بووبێتەوە و بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا پەروەردەکردنی منداڵی تەمەن چوار ساڵ مەرجی تایبەت و دیاریکراوی هەیە یان نا، لە چوار ساڵیدا بە گشتی منداڵەکان هەڵسوکەوتی باش لە خۆیان نیشان نادەن و هەندێک کات دەبنە هۆی کێشە بۆ دایکان و باوکان.

تەمەنی چوار ساڵی منداڵ بە یەکێک له گرنگترین قۆناغەکانی گەشەی منداڵ دادەنرێت کە لەم تەمەنەدا جگه لە داهێنان، فراوانبوونی خەیاڵ و هەروەها لاساری منداڵ زیاد دەکات، لەبەر ئەمە زانینی تایبەتمەندییەکانی منداڵی چوار ساڵ هاوکارییەکی باشی دایک و باوک دەکات، چونکه دەبێتە هۆی ئەوەی کە شێوازی ڕەفتارکردنیان لەگەڵ منداڵی چوار ساڵ لەبەرچاو بگرن و لەم لایەنەوە کەمتر دووچاری کێشە ببن.  

تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی

لە تەمەنی چوار ساڵیدا منداڵ توانای ئەوەی هەیە کە تا ڕادەیەک بەرگەی دووری دایکی بگرێت و هەروەها له ژینگەی ماڵەوە دوور بێت و بەبێ دڵتەنگی لە باخچەی منداڵان خەریکی یاریکردن بێت، لەم کاتانەدا کەسانی تر سەرنجی ڕاناکێشن و تەنها  گرنگی بە خۆی دەدات و دەتوانین بڵێین ڕەفتاری سەربەخۆی هەیە.  
حەزدەکات لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیدا یاری بکات، بەرامبەر بە شتەکانی خۆی ڕەزیل نییە و دەیەوێت لەگەڵ هاوڕێکانی هاوبەشییان پێ بکات. هەروەها منداڵ لەم تەمەنەدا زۆر سەرکێش دەبێت و بەگشتی لەگەڵ ئەو بابەتانەدا کە پێچەوانەی ویستی ئەو بن دژایەتی دەکات و هەندێک کات لەوانەیە دژایەتی خۆی بە گریان، قاچ بەزەویدا دان و شت شکاندن نیشان بدات کە هەندێ کەس پێیان وایه ئەم ڕەفتارانە نیشانەی منداڵی لاسارە، بەڵام دەبێت بزانن ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە لە تایبەتمەندییەکانی منداڵی چوار ساڵن.

تایبەتمەندیی جەستەیی

هەتا پێش تەمەنی چوار ساڵی گەشەی جەستەی منداڵ خێرایە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی چوار ساڵیدا خێرایی گەشەی جەستەیی منداڵ دەکەوێتە سەر ڕێچکەیەکی لەسەرخۆ و ڕێکخراو. لەبەرامبەردا وزە و چالاکی منداڵ زیاد دەکات، هاوسەنگی نێوان جووڵەی دەست و قاچەکانی منداڵ زیاد دەکات بەشێوەیەک کە توانای ئەنجامدانی هەندێک جووڵەی وەکوو خۆبادان، سووڕانەوە و بازدانی دەبێت، دەتوانێت بەبێ هاوکاری کەسانیتر کارە تایبەتەکانی خۆی وەکوو چوونە تەوالێت، شۆردنی دەست و دەمووچاو، لەبەرکردنی جلوبەرگ و پێڵاو ئەنجامبدات.

تایبەتمەندیی سێکسی

بابەتە سێکسییەکان لایەنێکی سروشتی ژیانی هەموو کەسێکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن. بە وتەی دەروونناسان ئەگەر منداڵان له تەمەنی چوار ساڵیدا بەرامبەر بە ئەندامە تایبەتەکانی جەستەیان کاردانەوە نیشان دەدەن و یان دەربارەی جەستەی کەسانیتر پرسیارتان لێدەکەن ئەمە نیگەرانی ناوێت. تەنها ئاگاداربن کە هەندێ شتی تایبەت وەکوو پەیوەندی سێکسی و بابەتی لەم شێوەیە نەبینن و ئەگەر ڕووداوێکی لەمجۆرە ڕوویدا پێویستە هاوکاری لە توێژەرێکی دەروونی وەربگرن.   

تایبەتمەندیی سۆزداری

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی منداڵی سێ ساڵە و چوار ساڵ ڕاستگۆیی و نزیکییەکە کە لە نیشاندان و دەربڕینی هەستەکانی خۆیدا هەیەتی. هەر بەوجۆرەی کە بە ئاسانی هەستەکانی ناخی خۆی دەردەبڕێت، بە هەمان شێوەش هەستەکانی زۆر بەخێرایی دەگۆڕێن، بە شێوەیەک کە خێراتر توشی هەستی تووڕەیی، ترس و ئیرەیی دەبێت. 

ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵی چوار ساڵ

بۆ پەروەردەکردنی منداڵی چوار ساڵ چەند ڕێگایەکی تایبەت بوونی هەیە. منداڵەکەی ئێوە چیتر بە ساوا داناندرێت، بەڵام ئەوەندەش گەورە نەبووە کە بتوانرێت بە منداڵێکی گەورە دابنرێت، منداڵان لە تەمەنێکی دیاریکراودا ئازادییەکی زیاتریان دەوێت بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان. 
گۆڕانکارییەکی زۆری گەشەکردن لە منداڵی چوار ساڵەدا ڕوودەدات، لە هەمووشیان گرنگتر نیشاندانی توانایەکی بەرچاوی منداڵە لە پەیڕەوکردنی یاساکاندا. بە بەراورد بە منداڵانی بچووکتر، منداڵی چوار ساڵ دەبێت بەڕادەیەک گەورە بووبێت کە بەڕوونی دەرئەنجامە نەرێنییەکان جیابکاتەوە و لێیان تێبگات. بەڵام ئەمە نابێته هۆی ئەوەی کە تێپەڕاندنی سنوورەکان و شکاندنی یاساکان تاقینەکاتەوە. لێرەدا هەندێک لە باشترین ڕێکارەکان باسکراوه کە دەتوانن فێری منداڵە چوار ساڵەکانتانی بکەن کە چۆن بتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕەفتارەکانی بکات.

منداڵان لەم تەمەنەدا لاسایی ڕەفتارەکانی گەورەکان دەکەنەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداربن کە ئەوان بچووکترین جووڵەی ئێوە هەڵدەگرنەوە تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت، هەر ئەمەش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ شێوەی دروستی ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵی چوار ساڵ و پەروەردەکردن و فێرکردنی مامەڵەی دروست لەناو خێزان و کۆمەڵگادا. بۆنموونە دەتوانن شێوازی دروستی نانخواردن، خواردنی خۆراکی تەندروست و نەریتی پێش و دوای نانخواردن وەکوو دەست شوشتن و سوپاس کردن لەم تەمەنەدا فێری منداڵان بکەن. 

چەند ڕەفتارکردنێکی بەسوود لەگەڵ منداڵی چوار ساڵ

• ئەو یاسایانەی کە لە ماڵەوە دادەنرێن گرنگترین ئامڕازن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارەکانی منداڵ، جەخت لەسەر ئەو یاسایانە بکەنەوە کە دەبنە هۆی پاراستنی سەلامەتی منداڵ، یاسای وەکوو (لەسەر جادە دەستی کەسێکی گەورەترت بگرە)، دەربارەی ئەو بابەتە تایبەتانەی کە دەبنە هۆی پاراستنی سەلامەتی منداڵەکە پێی بڵێن دەستکاری شتە مەترسیدارەکان مەکە. 

• لە چوار ساڵیدا، شانازی دەکەن بە توانا و لێهاتووییەکانیان و لەو کارانەدا کە خۆیان بەتەنها دەتوانن ئەنجامی بدەن، وەکوو جل لەبەرکردن و ددان شۆردن، بەڵام گرنگە دەربارەی ئەو کارانەی کە خۆیان دەتوانن ئەنجامی بدەن سنوورییان بۆ دیاری بکەن و ئاگادارییان بکەنەوە، وەکوو ئەگەر شیری زیاترت دەوێت دەبێت بە من بڵێیت.

• پێویستە پێش چوونە ناو بارودۆخ یان شوێنێکی تازە منداڵەکانتان ئاگاداربکەنەوە کە چی چاوەڕوانییەکتان لێیان هەیە، منداڵی چوار ساڵ پێویستی بەوەیە بزانێت کە چ جۆرە ڕەفتارێک لە ناو کۆمەڵگادا جێگەی ڕەزامەندییە، بۆی ڕوون بکەنەوە کە لە کتێبخانەدا دەبێت هێواش و لەسەرخۆ قسە بکات بەڵام لەناو یاریگایەکدا دەتوانێت هاوار بکات و بەدەنگی بەرز قسە بکات.  

• قەدەغەکردن یەکێکە لەو ڕێکارەکانەی کە لە پەروەردەکردنی منداڵی چوار ساڵەدا بەکاردەهێنرێت. هەوڵ بدەن کە لە بەرامبەر ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی کە منداڵەکەتان تووشی دەبێت، ئێوە هەنگاوێک لە پێشتر بن و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن. یاسا و دەرئەنجام و چاوەڕوانی ڕوون و ئاشکرا بە لەبەرچاو گرتنی تەمەنی منداڵەکە دیاری بکەن.  

• تا کاتێک کە ئێوە بۆ کارە چاکەکانی منداڵە چوار ساڵەکەتان سوپاس و ستایشی ئەوان دەکەن، ئەوانیش بەردەوام دەبن لەسەر ڕەفتارە چاکەکانیان.
 
• پشت گوێ خستنی ڕەفتارە بچووکە خراپەکان دەتوانێت ڕێکارێکی کاریگەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕەفتارە خراپانەی کە منداڵ بۆ سەرنجڕاکێشان ئەنجامییان دەدات.  

• هەوڵ بدەن بۆ ماوەیەکی کورت سەرنجی منداڵە چوارساڵەکەتان بۆ شتێکی تر ڕابکێشن. بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکەتان لە شتێک کە خەریکە ئەنجامی دەدات و ئێوە ناتانەوێت ئەو کارە بکات، دەتوانن ڕێگای سەرنجڕاکێشانی بۆ شتێکی تر بەکاربهێنن. ئەگەر منداڵەکەتان زۆر حەزدەکات بە کیبۆردی کۆمپیوتەرەکەتاندا بکێشێت، شتێکی تری پێبدەن بۆئەوەی یاری پێبکات (بەشێوەیەک کە منداڵەکە نەزانێت ئێوە بە پیاکێشانی کیبۆردی کۆمپیوتەرەکە ناڕەحەت بوون).

• نابێت دایک و باوک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەیان هیچ جۆرە سزایەکی جەستەیی بەکاربهێنن، منداڵان نابێت ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی ببنەوە یان تووشی  دەستدرێژی جەستەیی ببن، بۆ منداڵان زۆر گرنگە کە لە ماڵەوە هەست بە پارێزراوی بکەن.


سەرچاوەکان



552 بینین