ڕۆژی جیهانیی تەندروستی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-11-15:38:00 - کۆدی بابەت: 7962
ڕۆژی جیهانیی تەندروستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژی جیهانی تەندروستی (بە عەرەبی: يوم الصحة العالمي، بە ئینگلیزی: World Health Day) هەموو ساڵێک حەوتی نیسان بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستی دەستنیشان کراوە، "ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO" لە حەوتی نیسانی ساڵی 1948 دامەزرا، بۆیە هەمان ڕۆژ وەکوو یادکردنەوەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە دانرا و لە هەمان کات کرا بە ڕۆژی تەندروستی جیهانی، ساڵی 1950 بۆ یەکەم جار ئەو یادە کرایەوە بە فەرمی ڕۆژەکە کرا بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستی.
یادەکە هەر ساڵەو لەژێر ناونیشانێک و گرنگیدان بە بابەتێکی دیاریکراو دەکرێتەوە،
هەموو ساڵێک تیشک دەکرێتە سەر بابەتێکی تەندروستی دیاریکراو و لەبارەیەوە گفتوگۆ دەکرێت و چارەسەریی و هۆشیارکردنەوەی تاک لەسەر ئەو بابەتە تەندروستییە دەخرێنە بەرباس.
هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی تەندروستی هەمەجۆرەوە دەتوانێت بەشداریی لەو ڕۆژەدا بکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

لە حەوتی نیسانی ساڵی 1948 ڕکخراوی تەندروستی جیهانی WHO دامەزرا و بارەگای سەرەکی لە جنێفی سویسرایە، ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە مەبەستی گرنگیدان بە تەندروستی گشتی لە هەموو وڵاتانی جیهان دامەزرا، لەگەڵ دابینکردنی هاوکاریی تەندروستی بۆ ئەو وڵاتانەی کە نەخۆشییان تێدا بڵاوبووەتەوە و کێشە و قەیرانی تەندروستیان هەیە. 

چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی تەندروستی

ـ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆری تەندروستی.
ـ سازدانی سیمینار و کۆنفڕانس و وۆرکشۆپ بە سەرپەرشتی کارمەندانی تەندروستی و پسپۆڕان و ڕێکخراوە تەندروستییەکان و سەندیکای پزیشکان.
ـ ئەنجامدانی پێشانگا بۆ دوایین داهێنان و دۆزینەوە تەندروستییەکان کە تایبەتن بە لایەنی تەندروستی و خستنەڕووی چارەسەرە تازە دۆزراوەکان.
ـ بەدەستهێنانی پشتیوانی زۆرترین جەماوەری ناوداران و وەرزشوانان و بەرپرسان،  ئەنجامدانی چالاکییەکان لە ڕێگەی ئەوانەوە. 

بابەتی ڕۆژە تەندروستییەکانی ساڵەکانی ڕابردوو

- 2021: "جیهانێکی پڕ یەکسانی و تەندروستی بۆ هەموان"
- 2020: "ساڵی پەرستار و مامانی، بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی مامان و پەرستارەکان لە هەموو جیهاندا"
- 2019: "تەندروستی گشتی بۆ هەموو کەسە"
- 2018: "تەندروستی بۆ هەموانە"
- 2017: "با لە بارەی خەمۆکییەوە قسە بکەین"
ـ 2016: "نەخۆشی شەکرە"
ـ 2015: "ئاسایشی خۆراکی"
ـ 2014: "نەخۆشییە گوێزراوەکان کە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ"
ـ 2013: "فشاری خوێن"
ـ 2012: "پیربوون و تەندروستی، تەندروستی باش ژیانی کەسانی بەتەمەن زیاتر دەکات"
ـ 2011: "بەرگریی دژە میکرۆبەکان"
ـ 2010: "ببە بەشێک لە جیهان بۆ ئەوەی شارەکان تەندروست تر بن"
ـ 2009 "نەخۆشخانە سەلامەتەکان لەکاتی باودۆخی فریاکەوتندا ژیانی کەسەکان دەپارێزن"
ـ 2008: "پارێزگاریکردن لە تەندروستی لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان"
ـ 2007: "ئاساییشی تەندروستی نێودەوڵەتی"
ـ 2006: "با هەموان لە پێناو تەندروستی کاربکەین"
ـ 2005: "پێگەی دایک و منداڵان لە کۆمەڵگا بە کەم مەزانن"
ـ 2004: "سەلامەتی هاتوچۆ"
ـ 2003: "پەروەردەکردنی منداڵ لە ژینگەیەکی تەندروست داهاتووی دەستەبەر دەکات"
ـ 2002: "لە جووڵەکردن تەندروستی و بەرەکەت هەیە"
ـ 2001: "تەندروستی دەروونی"
ـ 2000: "خوێن و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی خوێنیان هەیە"
ـ 1999: "وەرزش و کەسانی بەتەمەن"
ـ 1998: "دایکایەتییەکی تەندروست"
ـ 1997: "نەخۆشییە گوێزراوەکان"
ـ 1996: "شاری تەندروست بۆ ژیانێکی باشتر"
ـ 1995: "ئیفلیجی منداڵان"


سەرچاوەکان



624 بینین