کۆمپانیای عەلی بابا

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-03-14-14:29:00 - کۆدی بابەت: 7980
کۆمپانیای عەلی بابا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمپانیای عەلی بابا (بە ئینگلیزی: Alibaba Company) لە ساڵی 1999ـەوە لەلایەن (جاک ما)ـوە دامەزراوە، بارەگای سەرەکی (عەلی بابا) دەکەوێتە شاری هانگتشوو لە کۆماری چینی میللی، جاک ما ویستی دەرگایەکی ئەلیکترۆنی نوێ بەڕووی کارکردن بکاتەوە لە جیهاندا بۆ بەستنەوەی کارساز و بازرگانە چینیەکان لەگەڵ کڕیارەکاندا بۆ ئەم مەبەستە  کۆمپانیاکەی دامەزراند، ناوی (علی بابا دۆت کۆم)ـی هەڵبژارد ئەم ناوە لە کتێبی هەزار و یەک شەوی ئەدەبیاتی عەرەبییەوە وەرگیراوە لەبەر ئەوەی عەلی بابا کەسایەتییەکی سەرنج ڕاکێش، کارناس، باش، میهرەبان بەخشندە بووە، هاوکارێکی باشی خەڵکی گوندەکەی بووە.
عەلی بابا زۆربەی زۆری خزمەتگوزارییەکان لەخۆدەگرێت، لە ئێستادا ئەم گروپە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کارەکانی بڵاوبکاتەوە و شکست بە (ئەبێڵ دۆفەر) بهێنێت،  ئاماری ساڵی 2014 ئەوە نیشان دەدات عەلی بابا و کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بە عەلی بابا (گروپی کۆمپانیاکانی عەلی بابا) زیاتر لە 22,000 کارمەندیان لە زیاتر لە 77 وڵات و ناوچە هەیه گرنگترینیان: (چین، هۆنگ کۆنگ، ژاپۆن، هیندستان، کۆریا، تایوان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا).

لە ساڵی 2012 دوو لە ماڵپەڕەکانی فرۆشت بە بڕی 170 ملیار دۆلار، بەمەش کەوتە پێش ڕکابەرەکانی (ئەمازۆن، ئیبەی)، لە ساڵی 2013 گۆڤاری ئابووری (زی ئیکۆنۆمیست)ی  بە بڕی 55 بۆ 120 ملیار دۆلار مەزەندە کرد.

جاک ما

جاک ما (بە ئینگلیزی: Jack Ma) لە ساڵی 1963 لە دایکبووە، خێرخواز و سەرمایەدار و کارسازێکی چینییە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی عەلی بابایە، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە، جاک چەندەها جار هەوڵی دەستخستنی کاری داوە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و لە خوێندنی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەمە وای نەکردووە بوەستێت لە گەشتن بە خەون و ئامانجەکانی، گۆڤاری (زی ئیکۆنۆمیست) ئەوەی ڕاگەیاند کە جاک ما تەنها کاریگەری لەسەر چین نییە بەڵکو لەسەر تەواوی جیهان کاریگەری هەیە.
لە کتێبی "هەرگیز کۆڵ مەدە" ئاماژە بەوە دەکات کە " لەو کاتەی ئێمە کۆمپانیاکەمان بنیادنا ئامانجمان ئەوەبوو بۆ 102 ساڵ بمێنێتەوە" مەبەستیشی لەو قسە ئەوە بوو کە (عەلی  بابا) لە ساڵی 1999ـەوە دامەزراوە کەواتە لە سەدەی پێشوو ساڵیک کاریکردووە ئەم سەدەیەش بە گرنگییەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە 101 ساڵ لە سەدەی داهاتووش یەک ساڵ خزمەت دەکەن، بەمەش دەیانەوێ بیسەلمێنن کە عەلی بابا سێ سەدە بەردەوام بووە لە خزمەتکردن، جاک ئاماژەشی بەوە کردووە لە کولتووری (عەلی بابا)دا زەردەخەنە زۆرگرنگە تەنانەت لۆگۆی کۆمپانیا ئاماژەیە بۆ زەردەخەنە.

(لی تشوان) کە بەرپرسێکی جێبەجێکاری گەورەیە لە کۆمپانیای عەلی بابا ڕایگەیاند لە ساڵی 2013 نەخشەی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی فرۆشتنی ئاسای و کردنەوەی کۆگاکانمان لەگەڵ کۆمپانیای (دالیان واندا)ـی چینی کە لە بواری خانووبەرە کاردەکات داڕشتووە.
لە ساڵی 2018 دا عەلی بابا ئەوەی ڕاگەیاند کە پیاوە ملیاردێر و بازرگانەکەی چین (جاک ما) بۆ ماوەی ساڵێک لە پۆستی سەرۆکی کۆمپانیا دوور دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر کارەکانی لە بواری خێرخوازیدا چڕ بکاتەوە. 

گرنگترین کۆمپانیا و ناوەندەکانی سەر بە عەلی بابا

عەلی بابا Alibaba

لە ساڵی 2014 عەلی بابا چالاکترینی گروپەکەی بووە، وەک مەزنترین سەکۆی ئاڵوگۆڕی چالاکییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەڵبژێردرا لەو کاتەدا لە 240 دەوڵەت و ناوچە کاری دەکرد، گرنگی بە  دەروازەی چینی (1688.com) دا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان و ماڵپەڕێکی تەرخانکرد ڕێگای بە کڕیارە بچووکەکاندا بۆ ئەوەی کاڵا بچووکەکانیان بکڕن بە شێوەی قیست و کۆ، عەلی بابا لە ساڵی 2007-2012 لە بۆرسەی هۆنگ کۆنگ بەشدار بوو، بەڵام لە ساڵی 2013 كەناڵێکی دامەزراند  بەشێوەی ڕاستەوخۆ کارەکانی دەکرد، ئەمە وای کرد فرۆشی ڕۆژانەی کۆمپانیا بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار زیاد بکات.

علی ئێکسپرێس Ali Express

خزمەتگوزای دابەشکردنی بەرهەمەکانی پێشکەش بە کۆمپانیا بچووکەکان دەکات ئەوانیش بەرهەمەکانیان پێشکەش بە کڕیارە جیهانیەکانیان دەکەن لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە.

تاو باو taoba

لە ساڵی 2003 دامەزراوە، لەساڵی 2013 بووە مەزنترین بازاڕ بۆ بەکارهێنەرانی، بەرهەمەکانی هەمەجۆرن بەشێوەی دابەشکار کارەکانی دەکات، قازانجی تاو باو لە ساڵی 2010 گەشتە نزیکەی 235.7 ملیۆن دۆلار، جاک ما بە دوای (عەلی بابا) دا ماڵپەڕی (تاوباوی ) دامەزراند لەسەر شێوەی (ئیبەی) کە ئاڕاستە ئەکرێت لە بەکاربەرێکەوە بۆ بەکاربەرێکی تر، بە یەکێک لە 20 ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان دادەنرێت کە زۆرترین سەردانی کاریان هەیە لەسەر ئاستی جیهان کە نزیکەی یەک ملیار بەرهەم لە خۆدەگرێت

فلیچی

لە ساڵی 2016 دامەزراوە، پێش ئەم ناوە پێی دەوترا (Ali Trip)، وەک ناوەندێک دەستبەکار بوو بۆ بەڕێکردنی کارە بازرگانییەکان لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، بۆ مامەڵە بازرگانییەکانی وەک بریکاری کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانی، ئەم کۆمپانیایە دروشمی "بەرازی فڕیوی" دیاریکرد کە مەبەست لێی گەیاندنی پەیامێک بوو کە بریتی بوو لە " گەشتی ژیانت هاوشێوەی ژیانی بەراز لێدەکەین، بخۆ، بخەوە، چێژ ببینە"
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد ئەوان ئامانجیان گەنجانە، ئەوان ئاوات دەخوازن ببنە پێگەی یەکەم لە پلانی گەشتی گەنجانی دەرەوەی چین
لە ساڵی 2017 بە هاوبەشی نێوان (گروپی عەلی بابا و گروپی میوانخانەکانی ماریۆتی نێودەوڵەتی) واژۆ لەسەر ڕێککەوتنێک کرا، بە ئامانجی دروستکردنی کۆمپانیایەکی نوێ کە تێیدا میوانخانەی نوێ دروست بکرێن و بژاردەی یەکەمی عەلی بابا لە هەڵبژاردنی میوانخانەکان بریتیبێت لە (ماریۆت) و دەستەبەر کردنی شوێنی مانەوەش لەم میوانخانەیە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە دەبێت.

لازادا

یەکێکە لە کۆمپانیاکانی بواری ئەلیکترۆنیات لە سەنگاپوورە لە ساڵی 2011 دامەزراوە لەلایەن کۆمپانیای ڕۆکێتی ئینتەرنێتەوە بە ئامانجی ڕێکخستنی ماڵپەڕەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک (ئەندەنوسا، مالیزیا سەنگاپوورە، تایلاند، ڤێتنام)، لە ساڵی 2012 پێگەیەکی دامەزراند، لە ساڵی 2013 نموونەیەکی بازاڕیی زیاد کرد لە ڕێگای بازرگانەکانەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان دابەش بکەن لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، لازادا چەندین بەرهەمی پێشکەش کردووە لەوانە: (ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کاڵا و کەلوپەلی ناو ماڵ، جلوبەرگ، پێداویستی وەرزشی، یاری منداڵان)، لە ساڵی 2016  عەلی بابا ڕایگەیاند بەشێکی باڵای لازادا بەدەست دەهێنێت، لە ڕێگەی کڕینی پشکی تازەوە بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار، جیا لەو پشکانەی کە لە ڕێگای وەبەرهێنەکانەوە کڕی بووی.

عەلی پەی

لە ساڵی 2004 دامەزراوە، بووە پێگەیەک بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، بە جۆرێکە کڕیاران دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن لەو بەرهەمەی مەبەستیانە پێش ئەوەی بیکڕن، واتە بە گەرەنتییەوە خزمەتگوزارییەکانیان  پێشکەش بە  کڕیاران دەکەن، لە هەمان ساڵدا (عەلی بابا) کۆمپانیای (ئەنت) ی دامەزراند کە کڕیاران تێچووی بەرهەمەکەیان لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە پێشکەش دەکەن، نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی ماڵپەڕەکانی پێدانی ئەلیکترۆنی دەکات لە ناو چیندا وە پارەی کۆمپانیاکانی دیکە نیوەی لەلایەن (عەلی پەی)ـەوە دەدرێت.
لە ساڵی 2010 عەلی پەی لە گروپی کۆمپانیاکانی عەلی بابا جیابوویەوە، ئەم هەنگاوەش مشتوومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ڕاپۆرتی شیکەرەوەکان ئەوە دەردەخات عەلی پەی گەورەترین پشکی بازاڕی هەبووە لە چین، لەگەڵ 300 ملیۆن بەکاربەری چالاک.


سەرچاوەکان



2499 بینین