زەیدی کوڕی حاریسە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-05-03:14:00 - کۆدی بابەت: 8140
زەیدی کوڕی حاریسە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی پێش ئیسلامی

زەیدی کوڕی حاریسە (بە عەرەبی: زَيْدُ بْنُ حَارِثَةَ) یەکێکە له هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ، ناوی تەواوی زەیدی کوڕی حاریسەی شەراحیلە، مێژووی لەدایکبوونەکەی بە دیاریکراوی ڕوون نییە، بە 35 ساڵ یاخود 43 ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی لەدایکبووە، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر هۆز و تیرەی "قەزاعەی" عەرەبی، لە تەمەنی منداڵیدا ڕفێندراوە و دواتر وەکوو کۆیلە فرۆشراوە، لەلایەن "حەکیمی کوڕی حەزام" بە بڕی 400 درهەمی ئەو سەردەمە کڕدراوە، حەکیم برازای "خەدیجەی کچی خوەیلد" بووە و زەیدی وەکوو خزمەتکار پێشکەشی پوری کردووە، دوای هاوسەرگیری پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ خەدیجە، ئەویش زەیدی پێشکەشی هاوسەرەکەی کردووە، پێغەمبەر ﷺ هیچ کات نەیویستووە کۆیلە لەلای خۆی ڕاگیر بکات هەر بۆیە ئازادی کردووە، زەید زۆر وابەستە و هۆگری پێغەمبەر ﷺ بووە و هەمیشە خزمەتی کردووە و ڕێزی تایبەتی گرتووە، لە ماڵی پێغەمبەردا پەروەردە بووە و خەڵکی هەر بە ناوی "زەیدی کوڕی محەمەد" ناوی ئەویان هێناوە، تەنانەت لە پاش تێپەڕبوونی چەندان ساڵ کەسوکاری زەید دەبیننەوە و دەیناسنەوە، داوا لە پێغەمبەر ﷺ  دەکەن کە پێیان بفرۆشێتەوە، بەڵام پێغەمبەر ﷺ ڕەتی دەکاتەوە و فەرمووی کە پێویستە بۆچوونی زەید لەو بارەیەوە وەربگیرێت، پاشان ئەگەر ڕازی بوو بێ بەرامبەر خۆی بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەی، بەڵام زەید ڕەتی کردەوە کە بگەڕێتەوە لای خێزانەکەی و بە پێغەمبەر ﷺ وت "تۆ بۆ من هاوشێوەی باوک و دایکی خۆمی و هەرگیز کەسی تر بەسەر تۆدا هەڵنابژێرم "، بۆیە زەید لە پێش ئیسلام بە "تەبەننی" بووەتە کوڕی پێغەمبەر و بە ناوی زەیدی کوڕی محەمەد ناسرا بوو.

موسڵمانبوونی و ڕۆڵی لە ئیسلامدا

زەید لە پێشەنگی ئەو لاوانەی مەککە بوو کە باوەڕی بە بانگەوازی پێغەمبەر ﷺ هێنا، لە پاش خەدیجەی کچی خوەیلد و عەلی کوڕی ئەبوتالیب و پێش ئەبوبەکری سدیق باوەڕی بە پەیامەکەی پێغەمبەر ﷺ هێنا، لە سەرەتای بانگەوازیدا زەید هەر لە مەککە هاوەڵیی و خزمەتی پێغەمبەری دەکرد، دوای ئەوەی فەرمان درا کە هاوەڵان کۆچ بکەن بۆ شاری مەدینە، لە مەدینە برایەتی لەنێوان زەید و حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب کرا.
زەید لە هەموو جەنگەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ بەشداری کردووە، نموونەی جەنگی بەدر، جەنگی ئوحود، جەنگی خەندەق، جەنگی خەیبەر و جەنگی موئتە، لە جەنگی موئتە کە لە دژی ڕۆمەکان ئەنجام درا، زەید کرایە ڕابەری یەکەمی سوپای موسڵمانان کە ژمارەیان سێ هەزار جەنگاوەری موسڵمان بوو، بەهۆی ئەوەی ڕۆمەکان بەهێزتر بوون زۆرێک لە هاوەڵان لەو جەنگەدا شەهید بوون، زەیدی کوڕی حاریسەیش هەر لەو جەنگەدا شەهید کرا.

هاوسەرگیری و جیابوونەوەی و ناوهێنانی لە قورئاندا

زەید هاوسەرگیری لەگەڵ "زەینەبی کچی جەحش" کردووە کە کچی پوری پێغەمبەر ﷺ بووە، بەهۆی ناکۆکی نێوانیان لەیەکتری جیابوونەوە.
لە پێش ئیسلامدا زەید لەلایەن پێغەمبەر ﷺـەوە تەبەننی کرابوو، واتا پەروەردەکردن و بەخێوکردنی لە ئەستۆی پێغەمبەر ﷺ بوو و هەر بە ناوی ئەویشەوە بانگ دەکرا، ئەوە نەریتێکی باوی سەردەمی نەزانی بوو و کاتێک پەیامی ئیسلام بڵاوبووەوە ئەو نەریتەی قەدەغەکرد، دوای جیابوونەوەی زەید لە "زەینەب"، پێغەمبەر ﷺ ویستی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات بەڵام ڕاڕا بوو چونکە زەینەب بە ژنی کوڕە بە تەبەننی کراوەکەی دادەنرا کە لەو سەردەمەدا بە کوڕی خۆی هەژمار دەکرا، بۆیە خودای گەورە سروشی بۆ نارد لە سوڕەتی الأحزاب ئایەتی37 دەفەرموێت: (وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا) واتا: تۆ ئه‌ی محەمەد ﷺ کاتێک بەو که‌سه‌ی کە (زید)ـه و کە خودا نیعمه‌تی ئیمانی پێبه‌خشیوه‌ و تۆش‌ نیعمه‌تی ئازادیی و په‌روه‌رده‌کردنیت له‌ نزیکی خۆته‌وه‌ پێداوه‌ ده‌ڵێیت: هاوسه‌ری خۆت بهێڵه‌ره‌وه‌ لای خۆت که‌ (زه‌ینه‌ب)ـه‌ و له‌ خودا بترسه‌ و ته‌ڵاقی مه‌ده‌، شتێک له‌ دڵ و ده‌روونی خۆتدا ده‌شاریته‌وه‌ که‌ خودا ده‌یه‌وێت ئاشکرای بکات و تۆ له‌ خه‌ڵکی ده‌ترسیت، له‌به‌ر ئه‌وه کاتێک که‌ زه‌ید خواستی و بوو به‌ هاوسه‌ری (پاشان ڕێک نه‌که‌وتن و جیابوونه‌وه‌ و ته‌ڵاق که‌وه‌ته‌ نێوانیان)، ئێمه (زه‌ینه‌ب)ـمان له‌ تۆ ماره‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ جێپێ لێژبوون و دڵته‌نگییه‌ک بۆ ئیمانداران دروست نه‌بێت، له‌ هێنانی هاوسه‌رانی به‌ناو کوڕیان کاتێک که‌ پێشتر هاوسه‌ر و حه‌ڵاڵیان بوون، فه‌رمانی خوداش ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت.

بنبڕکردنی دیاردەی تەبەننی و بە کوڕکردنی کۆیلە و خزمەتکار تا ڕادەیەک لەو سەردەمەدا سەخت بوو، بۆیە لە ڕێگەی هاوسەرگیری پێغەمبەر  ﷺ لەگەڵ زەینەبی کچی جەحش ئەو نەریتە کۆتایی پێهات، هەروەها شایەنی باسە کە زەیدی کوڕی حاریسە تاکە هاوەڵی پێغەمبەرە کە ناوی بە ئاشکرا لە قورئانی پیرۆزدا هێنراوە.
هەروەها لە سوڕەتی الأحزاب ئایەتی 5 خودای گەورە دەفەرموێت: (ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِنْدَ اللَّهِ فَإِنْ لَمْ تَعْلَمُوا آبَاءَهُمْ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ وَمَوَالِيكُمْ وَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ فِيمَا أَخْطَأْتُمْ بِهِ وَلَكِنْ مَا تَعَمَّدَتْ قُلُوبُكُمْ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا) واتا: هه‌ر به‌ناوی باوكی خۆیانه‌وه‌ بانگیان بكه‌ن و نێویان به‌رن، بەو واتایەی مه‌ڵێن (زه‌یدی كوڕی محه‌مه‌د)، به‌ڵكو بڵێن: (زه‌یدی كوڕی حاریسه‌)، چونكه‌ لای خودا هه‌ر ئه‌وه‌ په‌سه‌ند و دادگه‌رانه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ناوی باوكیشیانتان نه‌دەزانی هه‌تا به‌ ناوی باوكیانه‌وه‌ بانگیان بكه‌ن ئه‌وه‌ برای ئایینی و دۆستانن، ئه‌گه‌ر موسڵمان بن، ئەوا خۆشه‌ویست و مه‌ولاتانن، واتا پاش ئازادبوونی له‌ كۆیله‌یی ده‌بێت بڵێن فڵانه‌ كه‌سی مه‌ولام، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌ جارێكیش بانگتان لێ كردبن و زمانتان وا ڕاهاتبێ، ئه‌وه‌ هیچ گوناهێكتان ناگات، به‌ڵكو گوناح له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌دڵه‌وه‌ و به‌ده‌ست ئه‌نقه‌ست ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و نێویان به‌رن به‌غه‌یری باوكیان، خوداش هه‌میشه ‌گوناح پۆش و دلۆڤان و میهره‌بانه‌.
بۆیه‌ دوای ئەم ئایەتە په‌یامبه‌ر به‌ زه‌یدی ده‌فەرموو: "أنت أخونا ومولانا" واتا: "تۆ برا و مه‌ولای ئێمه‌یت"، لەم ئایەتەوە نەریتی تەبەننی هەڵوەشێندرایەوە و چیتر زەید بە ناوی باوکی خۆیەوە بانگ کرا.
لە پاش هاوسەرگیری کردنی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ "زەینەبی کچی جەحش" دووڕووەکان و بێباوەڕان تانەیان لەو هاوسەرگیرییە دەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی کوڕەکەی کردووە، بۆیە خودای گەورە لە سوڕەتی الأحزاب ئایەتی 40 دابەزاند کەدەفەرموێت: (مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا)، واتا: محه‌مه‌د ﷺ باوکی هیچ یه‌ك له‌ پیاوه‌کانی ئێوە نییه‌ (مەبەستی زەیدە)، به‌ڵکوو ئه‌و نێردراوی خودا و کۆتاهەمینی پێغه‌مبه‌رانه‌ و خوداش به‌ هه‌موو شتێك زانایه‌.

شەهیدکردنی

زەیدی کوڕی حاریسە لە ساڵی هەشتی کۆچی لە جەنگی "موئتە" لە تەمەنی 55 ساڵیدا شەهید کرا.


سەرچاوەکان



1321 بینین