ناوهڕۆك
ناساندن
کاکەی فەلاح ناوی (حەمە حەمەئەمین کوڕی قادر)ه، شاعیری خەبات و ڕاپەڕین و ڕۆژنامەنووسی لێهاتووی کوردە، لە ساڵی 1928دا لە چوارتا (شارباژێڕ)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و لە خێزانێکی هەژاردا پەروەردە بووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە، چووەتەپاڵ پارتی کۆمونیستی و خەباتی چینایەتی کردووە و هۆنراوەی نیشتمانی داناوە، لەسەر هەڵوێستی ڕامیاری چەند جارێک گیراوە و ئەشکەنجە دراوه، بەڵام کۆڵی نەداوە و هەر بەردەوام بووە لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی خۆی.
ژیانی هونەری
کاکەی فەلاح لە سەرەتای خوێندنیدا زۆر حەزی لە قسەو ئامۆژگارییەکانی شاعیر و نووسەر و پەروەردەکاری کورد مامۆستا (عەبدولواحید نووری) کردووە، کەوتووەتە ژێر گاریگەری ئەوەوە کە لەو کاتەدا لە شارباژێڕ مامۆستا بووە.
لە منداڵییەوە حەزی لە نووسینی هۆنراوە کردووە، بۆ خوێندنی ناوەندی باوکی ناردوویەتی بۆ سلێمانی و لەوێ چووەتە بەشی ناوخۆیی خوێندن، پاشان دەستی داوەتە سیاسەت و کاری ڕێکخراوەیی، تێکەڵ بە چالاکییەکانی یەکێتی قوتابیان بووە. بۆ یەکەمجار ساڵی (١٩٤٥-١٩٤٦) هۆنراوەی نووسیوە. زۆر بایەخی بە ئەدەبی مناڵان داوە، چەندین کۆمەڵە هۆنراوەی تەنیا بۆ مناڵان چاپ و بڵاوکردووەتەوە. جگە لەو هۆنراوانەی بەگشتی ئەدەبی بەرەنگاری و شیعری سیاسی بەشی زۆری بەرهەمەکانی پێکدەهێنن، بە زمانێکی سادەی بێگرێ و مانا و مەبەستی گەورەی بە دەستەوە داوە، ئەم شاعیرە بەهرەدارە بە هۆنراوەی ڕامیاری هاتووەتە گۆڕەپانی وێژەی کوردی و هەوڵی داوە بە وشەی سووک و سادە واتای قووڵ و جوان پێکەوەبنێ و بیخاتەسەر کێشی سووکی خۆماڵی، پشت لە کێشی کۆن بکات و لە گۆڕەپانی خەباتی ڕامیاری زیاتر چووەتە پێشەوه، بەردەوام هۆنراوەکانی خۆشتر دەبوون و چاکتر دەبوونە زمانحاڵی میللەتەکەی، لەبەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی ساڵی 1948ی گەلانی عێراق بە ساڵ و نیوێک سزادرا، لە ناسریە و ئەبوغرێب سزاکەی وەرگرت.
دوای تەواوبوونی سزاکەی گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی و خەباتی نهێنی دەکرد تاکوو لە ئەنجامدا کەوتە دەست پیاوانی ڕژێم، بە ٥ ساڵ زیندانیکردن و ٣ ساڵ دەستبەسەر بوون سزادرا و دوای تەواوکردنی سزاکەی هاتەوە شاری سلێمانی.
شاعیر خاوەنی بیروباوەڕێکی پتەو بووه، هەرچەند دوژمنانی ویستوویانە بە زەبر و زەنگ لە ڕێگای لابدەن، بەڵام بێسوود بووە. جگە لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و هۆنراوە و وێژە، بە دووبارە چاپکردنەوەی رۆژنامەی ژین لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٠، کە پێشتر پیرەمێرد لە ساڵی 1939 تاکوو ڕۆژی کۆچی دوایی لە 1950-06-19 چاپی دەکرد، ئەم مرۆڤە گەورەیە کارێکی بە نرخی لە رۆژنامەگەری کوردیدا کردووە، دوای ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان دەکرد.
کاکەی فەلاح لە 1990-10-09 لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
بۆچی ناسناوی کاکەی فەلاحە؟
سەرەتای ئەم ناسناوە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەڕلەمان لە ساڵی ١٩٤٧، کە (پارتی کۆمۆنیست و حیزبی ئازادکردنی نیشتمانی) لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی گەورەیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەی ناوەندیی (غازی) کە ئێستا گۆڕاوە بۆ (قوتابخانەی شێخ مەحمودی سەرەتایی) سازکرد، لە کۆبوونەوەکەدا کاکەی فەلاح پەخشانێکی درێژی خوێندەوە کە ناوی زۆربەی چین و توێژەکانی تێدا هێنا و هانیدان بۆ تێکۆشان و ڕاپەڕین بۆ سەربەستی و هاتنەدی دادپەروەری، لەو پەخشانەدا ناوی جووتیاری بە (کاکەی فەلاح) هێناوە:
کرێکار و قوتابی و چینەکانی ڕووت و بێ نانت
سەپان و کاکەی فەللاحی بەرەی تاڵان کراوانت
لەگەڵ کیژ و هەتیوانی کزی بێ سووچ و تاوانت
ئەڵێ دەی ڕاپەڕە و گوێ بگرە کففەی خوێنی لاوانت
ئیتر لێرەوە، کە شاعیر بە ناوی جووتیارانی ڕەشوڕووتی شارباژێڕەوە پێشەکییەکی بە پەخشان خوێندەوە و لەو ناوهێنانەی کاکەی فەلاحەوە، ناسناوی کاکەی فەلاحی بەسەردا بڕا.
بەرهەمەکان
کاکەی فەلاح وێژەناسێکی خامەڕەنگینی بەرهەم زۆربوو، لەماوەی ژینی دا چەندین کتێبی بەنرخی بە چاپ گەیاندووە لەوانە:
- سۆزی دەروون، شیعر، ١٩٦٢
- دیوانی چـرۆ، شیعر بۆ مناڵان، ١٩٦٥
- لەگەڵ شەپۆلەکاندا، شیعر، ١٩٦٧
- شێری ساختە، شیعر بۆ مناڵان، ١٩٦٨
- جگەرگۆشەکان، شیعر بۆ مناڵان، دوو جار چاپکراوە ١٩٧٨ و ١٩٨۰
- کاروانی شیعری نوێی کوردی، سێ جار چاپکراوە ١٩٧٩ و ١٩٨۰ و ١٩٨٧
- دیوانی کاکەی فەلاح، شیعر، ١٩٨۰
- چۆلەکە پاساری، شیعر بۆ مناڵان، ١٩٨٣
- ئۆپەرێتی ماڵ و قوتابخانە، شیعر، ١٩٨٤
- سروود بۆ قوتابیان، شیعر، ١٩٦٨
- مـەم و زین، پیرەمێرد، ١٩٦٨
- چوارینەکانی نەخەعی، شێخ سەلام عازەبانی، گۆڕیویەتی، ١٩٦٩
- ڕوباعیاتی خەیام، شێخ سەلام، گۆڕیویەتی، دووجار چاپکراوە ١٩٦٧ و ١٩٨۰
- مـەولـەوی، پـیرەمێرد، ١٩٦٥
- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی یەکەم، ١٩٦٩ و ١٩٨٢
- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، ١٩٦٩
- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی سێ یەم، ١٩٧٢
- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی چوارەم، ١٩٨٠
- گـاڵـتـە و گەپ، پیرەمێرد، ١٩٧٠
- کـەمانچـەژەن پیرەمێرد گۆڕیویەتی، ١٩٧٩
- ئۆدیبی پاشا، گۆڕینی کاکەی فەلاح، ١٩٨٠
- چۆلەکە بچکۆلەکە، گۆڕینی کاکەی فەلاح، ١٩٨١
- ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد، ئەمین فەیزی، ١٩٨٢
- دوانزە سوارەی مەریوان، پیرەمێرد، ١٩٨٣
- دیوانی نـاری، ١٩٨٤
- مەحمود ئاغای شیوەکەڵ، ١٩٨٥
زۆر لە هۆنراوەکانی کاکەی فەلاح کراون بە گۆرانی و سروود بۆ نموونە: (خۆشم ئەوێی وڵاتەکەم) کە هونەرمەند ئیبراهیم خەیات کردوویەتی بە سروود، (شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم) کە لە زیندانەوە بۆ مناڵەکانی نووسیوە، مەرزیە فەریقی کردوویەتی بە گۆرانی.
لەدوای کۆچی دوایی شاعیریش دیوانێکی نوێی کاکەی فەلاح لەساڵی 2004 بەچاپ گەیەنراوە و لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بنەماڵەکەیەتی.