ڕۆژووگرتنی منداڵان لە مانگی ڕەمەزاندا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-08-22:56:00 - کۆدی بابەت: 8172
ڕۆژووگرتنی منداڵان لە مانگی ڕەمەزاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەگەڵ دەسپێکردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا زۆربەی دایکان و باوکان بیر لە ڕۆژووگرتنی منداڵەکانیان دەکەنەوە و ئەوەی کە چۆن ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن، لە ڕاستیدا منداڵان بە بێ ئەوەی کە باش لە ڕۆژوو تێگەیشتبن، بە لاساییکردنەوەی دایک و باوکیان هەوڵ دەدەن وای دەربخەن گەورەن و حەز بە ڕۆژووگرتن دەکەن، لێرەشدا باوان دەتوانن بە هاندانی منداڵەکانیان و ڕۆژووگرتنی خۆیان ببنە نموونەیەکی باش بۆ ڕۆژووگرتنی منداڵەکان لەم مانگەدا.
دەبێت ئەوە بزانرێت کە منداڵەکان زۆر ناسکن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەرگەگرتنی تەواوی ڕۆژێک بە برسێتی مەحاڵە و ناکرێت، بەڵام دایکان و باوکان دەتوانن ئەم بۆچوونەی منداڵەکانیان بگۆڕن، یەکێک لە ڕێگا چارەسەرەکان بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئاگاداری قسەکانیان بن لەبەردەم منداڵەکاندا و باسی تونییەتی و برسێتی زۆر و لاوازی نەکەن، منداڵەکان بۆ گرتنی ڕۆژووی چەند کاتژمێری یان نیوەی ڕۆژەکە هان بدەن.

چۆنییەتی باسکردنی ڕەمەزان بۆ منداڵان

کاتێک باسی پەروەردەکردنی منداڵ دەکەین و قسە لەگەڵ منداڵ دەکەین زمانێکی منداڵانە و ئاسان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، دەبێت بەپێی تێگەشتن و ئەزموونیان مانگی ڕەمەزانیان پێ بناسێنین، بە بیرهێنانەوەی ئەو میوانی و بۆنانەی کە منداڵەکان حەزیان لێ بووە و خۆش بووە لایان مانگی ڕەمەزانیش وەکوو بۆنەیەکی پڕ لە کاری باش و خۆش دەناسێنین، هەندێ تایبەتمەندی وەکوو قسەکردن لەگەڵ خودا، داواکردن لە خودا، قبوڵکردنی نزاکان، میهرەبانی لەگەڵ کەسانی تر و ئەو شتانەی کە منداڵ حەزی لێیانە باس دەکەین.

چیرۆکی منداڵان زۆر شت لە بیری منداڵاندا جێ دەهێڵن، دەتوانین لەم مانگەدا ژیاننامە و باسی پێغەمبەرەکان وەکوو چیرۆک بۆ منداڵەکان باس بکەین و هانیان بدەین بۆ گوێگرتن. 

یەکەم ئەزموونی خۆمان لە ڕۆژووگرتن لەگەڵ منداڵ باس بکەین و داوایان لێ بکەین ئەو یادەوەرییانە لە بیری خۆیاندا هەڵبگرن.

بە شێوازێکی منداڵانە و بە نەرمونیانی، هەندێ بەهای ڕەوشتی وەکوو پابەندبوون بە بەڵێن، پاراستنی نهێنی، ڕاستگۆیی، پاراستنی ئەمانەت و پاراستنی زمان لە قسەی هەڵە لە مانگی ڕەمەزاندا فێری منداڵ بکەین. 

منداڵان دەبێت کاریگەری ئەرێنی ڕۆژووگرتن لەسەر ئێمە ببینن و هەست بکەن کە ڕۆژووگرتن دەبێتە هۆی ڕەوشت جوانی، میهرەبانی و ئارامگرتن، نابێت بەڕۆژووبوون ڕێگری لە چالاکی منداڵاکان بکات، جیا لەوەش لاوازی جەستەیی دایک و باوک لەم ڕۆژانەدا نابێت کاریگەری لەسەر ڕەفتاریشیان بکات.
خێزانەکان بەگشتی پێش هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز پێداویستی و خۆراکی پێویست دەکڕن، ئەم وەکوو هەلێک وەربگرن و کاتێک دەچن بۆ شت کڕین منداڵەکان لەگەڵ خۆتان ببەن، ڕێگای پێ بدەن ئەو خۆراکانەی حەزی لێیەتی هەڵیانبژێرێت، تا دواتر لە دوای بەربانگ بیانخوات.

هەندێک خاڵی گرنگ لە ڕۆژووگرتنی منداڵاندا

1- دەبێت دایکان و باوکان ئەوە بزانن کە هاندانی منداڵەکان بە پارە و شتی ماددی کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ هەیە و باشترە وەکوو هاندان کاتێک کە منداڵ بەڕۆژووە، داوایان لێ بکەن کە نزاتان بۆ بکەن.
2- یەکێک لەو ڕەوشتانەی کە دەبێت لە کەسی ڕۆژووگردا هەبێت ئەوەیە کە ڕەوشتی باش و جوان بێت، میهرەبانی زیاتری دایک و باوک و خۆشەویستی بەخشین بە منداڵ لە کاتی بەڕۆژووبووندا، دەکرێت باشترین هاندان بێت.
3- دەبێت دایکان و باوکان هەر لە سەرەتاوە ئەوە بە منداڵ بڵێن کە ڕۆژووگرتن تەنها نەخواردن و نەخواردنەوە نییە، بەڵکوو کاتێک کە بەڕۆژوون دەبێت ئاگاداری هەموو کار و ڕەفتارێکیان بن.
4- دەبێت باوان ئەوە بزانن کە زۆر لێکردن و بەزۆر ئەنجامدانی ئەرکە ئایینییەکان وادەکا منداڵ حەزی لە ئەنجامدانیان نەبێت و کاریگەری خراپی هەبێت.
5- بەو پێیەی کە دەبێت بەیانیان زوو منداڵەکان بۆ پارشێو هەڵبستێنن، باشترە کە کاتی خەو و پشوودانی پێویست بۆ منداڵ دابین بکەن، کاتی خەبەرکردنەوەیان وشە و قسەی نەرم بەکار بهێنن.


سەرچاوەکان



721 بینین