ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-12-01:31:00 - کۆدی بابەت: 8220
ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە و پێگەی لە ئیسلامدا

ئەبو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح (بە عەرەبی: أبو عبيدة بن الجراح) هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ و یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە، ناوی تەواوی ئەبوعوبەیدەی کوڕی عامڕی جەڕاحی فەهری قوڕەشییە، لە پێشەنگی تازە موسڵمانەکان بوو کە باوەڕیان بە ئیسلام هێنا و لەو هەشت کەسە بوون کە هەر لە سەرەتای بانگەوازییدا باوڕیان بە پەیامی پێغەمبەر ﷺ هێنا، بەشداری کۆچی یەکەمی موسڵمانانی کردووە بۆ حەبەشە بەڵام زۆر لەوێ نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ مەککە، پاشان لەگەڵ هاوەڵان کۆچی دووەمی کردووە بۆ شاری مەدینە، لەوێ برایەتی لە نێوان ئەو و ئەبو تەڵحە دروستکراوە هەندێکیش دەگێڕنەوە کە لەگەڵ سەعدی کوڕی مەعاز برایەتی لە نێوانیان دروستکراوە، ئەبوعوبەیدە کەسێکی خۆبەکەمزان، دەستپاک، ئازا و بوێر بووە، لە جەنگەکان سوارچاکێکی نەبەرد و سەرکردەیەکی لێهاتوو بووە، لە جەنگی بەدر و لە جەنگی ئوحود و هەموو جەنگەکانی تری سەردەمی پێغەمبەر ﷺ بەشداری کردووە، لە جەنگی ئوحود لەو کەسانە بوو کە گوێڕایەڵی پێغەمبەر ﷺـی کردووە تا کۆتایی جەنگەکە بە جێگیری مایەوە و شەڕی کرد، لە کاتی بریندار بوونی پێغەمبەر ﷺ ئەو دوو ئەڵقەیەی کە چووبووە نێو ڕوومەتی پەیامبەر و برینداری کردبوو، ئەو بەهێزی دەم و ددانی خۆی ئەو دوو ئەڵقەیەی دەرهێناوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ددانەکانی کەوتوون.
پێغەمبەر ﷺ لە بارەیەوە فەرموویەتی"إن لكل أمّة أميناً، وإن أميننا أيتها الأمة: أبو عبيدة بن الجراح" واتا: "هەموو ئوممەتێک نهێنی پارێزو متمانە پێکراوی خۆی هەیە، متمانە پپێکراوی ئوممەتی ئێمەش ئەبوعبەیدەی کوڕی جەڕاحە"، هەروەها یەکێک بووە لەو هاوەڵانەی کە پێغەمبەر ﷺ زۆری خۆشویستووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکری سدیق یەکێک بوو لەو چوار سەرکردەیەی کە ئەبوبەکر دیاریکردن بۆ ڕزگارکردن و فەتح کردنی وڵاتی شام، لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب و لەکاتی لەکارلابردنی خالیدی کوڕی وەلید لەلایەن عومەرەوە ئەبوعوبەیدە وەکوو جێگری خالیدی کوڕی وەلید دانرا و شاری دیمەشق و زۆرێک لە شارە گەورەکانی شامی فەتح کرد. 

کۆچی دوایی

لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب بەهۆی بڵاوبوونەوەی درمی ڕەشەمەرگ (تاعوون) لە وڵاتی شام زۆر کەس گیانیان لەدەستدا، ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح لە تەمەنی 58 ساڵیدا لە ساڵی 18ـی کۆچی بەهۆی تووشبوونی بەو پەتایە کۆچی دوایی کردووە، شوێنی مردنەکەی چەند ڕاجیاییەکی لەسەرە، هەندێک لە زانایان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە وڵاتی ئوردن کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش لە ناوچەی "غۆری ئوردن" بەخاک سپێردراوه و "مەعازی کوڕی جەبەل" نوێژی لەسەر کردووە، تەنانەت لە ناوچەکە مزگەوتێک دروستکراوە و مەزارەکەی تێدایە، هەندێکیش دەڵێن کە ئەبوعوبەیدە لە وڵاتی سووریا کۆچی دوایی کردووە، هەروەها چەند داستان و گێڕانەوەیەکی خەیاڵی کوردییش هەیە کە گوایە ئەبوعوبەیدە لە گوندی "عەبابەیلێ"ـی شاری هەڵەبجە شەهید کراوە و مەزارەکەیشی هەر لەو شوێنەیە، تەنانەت ناوی گوندەکەش پێشتر ئەبوعوبەیدە بووە، بەڵام بەپێی کات بووەتە "عەبابەیلێ"، ئەم گێڕانەوەیە تا ڕادەیەک دوورە لە ڕاستییەوە و بنەما و بەڵگەی تەواوی لەسەر نییە.


سەرچاوەکان



1277 بینین