ڕۆژووگرتن و سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-15-16:19:00 - کۆدی بابەت: 8257
ڕۆژووگرتن و سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو ئەوانەی باوەڕدارن حەزدەکەن لە مانگی ڕەمەزاندا هەموو ڕۆژووەکانیان بگرن، بەڵام کۆمەڵێک حاڵەت دێتە پێشەوە کە لەوانەیە نەتوانن هەمووی بگرن، بۆ نموونە بەگشتی خانمان لە مانگی ڕەمەزاندا ناتوانن هەموو ڕۆژووەکانیان بگرن بەهۆی سوڕی مانگانەوە.

ڕۆژووگرتن و سوڕی مانگانە

خانمان زۆر کێشەیان دێتە پێش لە مانگی ڕەمەزاندا، سوڕی مانگانە، دووگیانی، شیردان هەموو ئەمانە زۆرجار کێشە درووست دەکەن بۆ ڕۆژووگرتن، بەڵام ئەو حاڵەتەی کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت تێیدا ڕۆژوو بگریت بریتییە لە سوڕی مانگانە، هەر وەک چۆن لە ڕۆژانی ئاساییدا لە کاتی سوڕی مانگانەدا خانمان ناتوانن نوێژ بکەن بەهەمان شێوە ناتوانن بەڕۆژووشبن.

لە ڕوانگەی شەرعەوە

بەهیچ شێوەیەک خانمان ناتوانن لە کاتی سوڕی مانگانەدا بەڕۆژووببن، ئەگەریش ڕۆژووبگرن ئەوا گوناهبار دەبن و بەتاڵە.

لە ڕوانگەی پزیشکییەوە

لەماوەی سوڕی مانگانەدا خانمان بەردەوام خوێنیان لێدەڕوات و کێشەی جەستەیی و دەروونی زۆریان تووش دەبێت، تووشی بێهێزی و ماندوویەتی دەبنەوە بۆیە پێویستییان بە خۆراکی باش هەیە تاکوو بەدرێژیی ڕۆژەکە بیخۆن.

کاردانەوەی خانمان

کاردانەوەی خانمان بۆ سوڕی مانگانە لە مانگی ڕەمەزاند جیاوازە و هەر خانمێک و بە جۆرێک لێی دەڕوانێت، هەندێک لە خانمان ترسیان هەیە بەرامبەر بە سوڕی مانگانە لە ڕەمەزاندا چونکە ئیتر ناتوانن ڕۆژوو بگرن، بەڵام ئەگەر لەلایەنە ئایینیەکەیەوە بیری لێ بکەیتەوە، ئەمە فەرمانێکی خوداییە کە خانمان نابێت لەوکاتەدا ڕۆژووبگرن و دەبێت پەیڕەوکردنی فەرمانی خودا دڵخۆشییان بکات.
ڕاستە کە خانمان بێبەش دەبن لە هەندێک پەرستش بەڵام لە داهاتوودا ئەو پەرستشانە دەگێڕیتەوە و قەرزێکە لە سەرت.
لە هەمان کاتدا کۆمەڵە پەرستشێکی تر هەیە کە دەتوانیت بیکەیت، وەک زیکر خوێندن، نزاکردن و ئەمانە ڕێگەپدراون.

هەڵەکان 

هەبوونی دڵەڕاوکێ 

هەندێک کات خانمان ئەوەندە دڵەڕاوکێیان دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا و ئەوەندە بیر دەکەنەوە لەوەی کە چی دەبێت ئەگەر ئەم مانگە نەکەوینە سوڕی مانگانەوە و بتوانین ڕۆژوو بگرین یاخود ئایا چەند ڕۆژی لێ دەخۆین، هەموو ئەمانە وادەکەن کە تووشی دڵەڕاوکێ ببیت و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر سوڕی مانگانە و دەبێتە هۆی تێکچوونی سوڕەکە، چونکە هەر جۆرە کێشەیەکی جەستەیی و دەروونی کاردەکاتە سەر سوڕی مانگانە و تێکی دەدات.
واباشترە خانمان هەر وەک مانگەکانی تر ئاسایی وەریبگرن و هیچ بیری لێ نەکەنەوە تاکوو سوڕەکەیان تێک نەچێت.

بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی

هەندێک لە خانمان بۆ ئەوەی لەو مانگەدا نەکەونە سوڕی مانگانەوە و بتوانن هەموو ڕۆژووەکان بگرن، ئەو حەپانە بەکاردەهێنن کە هۆڕمۆنیان تێدایە و دەبنە هۆی وەستاندنی سوڕی مانگانە، بەکارهێنانی ئەم حەپانە لە ڕووی پزیشکییەوە هەڵەیە و زیانی لاوەکی زۆری بەدواوەیە.
یاخود هەندێک جاریش بەهەڵە بەکاردەهێنرێن و لەبری ئەوەی سوڕەکە بوەستێنێت سوڕی مانگانە تێک دەدات یاخود خانمەکە پەڵە خوێنی دەبێت.

ئەو پەرستشانەی ڕێگەپێدراوە

کۆمەڵێک پەرستش ڕێگەپێدراوە بۆ ئەو خانمانەی لە سوڕی مانگانەدان لە مانگی ڕەمەزاندا وەک:

  • زیکر و ویردەکان و یادکردنەوەی خودا
  • نزاکردن 
  • قورئان خوێندن و گوێگرتن لێی بەو مەرجەی کە دەستت لە قورئانەکە نەدەیت و هەڵینەگریت، یاخود دەتوانیت لە مۆبایلدا قورئان بخوێنیت

ئەو پەرستشانەی کە ڕێگەپێنەدراوە

بەهیچ شێوەیەک خانمان نابێت لە مانگی ڕەمەزاندا ئەم دوو جۆرە پەرستشە ئەنجام بدەن:

  • نوێژکردن
  • ڕۆژووگرتن 

ئایا خانمان لەم کاتەدا خێریان بۆ دەنوسرێت؟

هەندێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن مرۆڤ لە کاتی نەخۆشی و گەشتدا خێر و پاداشتی ئەو کارەی دەست دەکەوێت کە لە کاتی سەلامەتی ئەنجامی دەدات، سوڕی مانگانەش لێرەدا نەخۆشییە کە ژنان بێبەری دەکات لە نوێژ و ڕۆژوو، کەواتە ئەگەر خانمێک خۆی لەو کاتانەی کە لە سوڕی مانگانەدا نەبێت بەردەوام نوێژەکانی دەکات و ڕۆژوو دەگرێت و پەرستشەکانی ئەنجام دەدات، کاتێکیش دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە هەمان خێری و پاداشتی بۆ دەنوسرێت.

دەگێڕنەوە:

پێغەمبەری خودا ﷺ سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان و بزەیەکی کرد، لە هۆکاری ئەمەیان پرسی و فەرمووی (سەیرم لە دوو فریشتە هات کە لە ئاسمانەوە هاتنە سەر زەوی و چوونە لای بەندەیەکی باوەڕدار بۆ ئەو شوێنەی کە نوێژی تێدا دەکرد تاکوو کردەوەکانی بنووسن، بەڵام ئەویان لە شوێنی نوێژکردنەکەدا نەدۆزییەوە و بۆیە گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار و گلەییان کرد لەوەی کە خوایە ئێمە چووینە لای بەندەکەت، بەڵام ئەومان لە شوێنی نوێژکردنەکەدا نەبینی بەڵکوو نەخۆش بوو، پاشان خودای تاک و تەنها فەرمووی: تاکوو چاک دەبێتەوە لە نەخۆشییەکەی هەمان ئەو خێر و چاکەیە بنووسن بۆ بەندەکەم کە لە ڕۆژانی پەرستشەکانیدا دەتاننووسی.
چونکە ئەرکی منە کاتێک کە سەلامەتی لەو دەسەنمەوە، پاداشتی ئەو کارەی پێ بدەم کە لە کاتی لەشساغیدا ئەنجامی دەدات) 

کۆمەڵێک حوکمی شەرعی

  • ئەو خانمەی لە مانگی ڕەمەزاندا بەهۆی سوڕی مانگانەوە چەند ڕۆژێک ڕۆژوو ناگرێت، دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان پێویستە هەموو ئەو ڕۆژووانە بگرێتەوە.
  • ئەگەر خانمێک بەڕۆژووبوو، بەڵام کەوتە سەر خوێن ئەوە ڕۆژووی ئەو ڕۆژەی بەتاڵ دەبێتەوە ئەگەر پێنج خولەکیش پێش بانگی مەغریب بێت، واتە خوێن بینین پێش بانگی مەغریب ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە.
  • کاتێک خانمێک پێش نوێژی بەیانی پاک دەبێتەوە و ئیتر خوێن نابینێت بەڵام ناتوانێت ئەوکاتە خۆی بشوات، ئەوە ڕۆژووەکەی قبووڵە و بەڵام نوێژەکەی دەڕوات لەم کاتەدا دەتوانێت تەیموم بکات بۆ نوێژەکەی، دەبێت تاکوو پێش بانگی مەغریب خۆی بشوات.
  • ئەگەر خانمێک دوای نوێژی بەیانی خوێنی بینییەوە ئەگەریش دڵۆپێک بێت و دواتر نەمێنێت، ئەوە ڕۆژووەکەی قبووڵ نییە و ئەو ڕۆژەشی لەسەر سوڕی مانگانەکە بۆ حساب دەکرێت.
  • ڕێگەپێدراو نییە بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی بۆ وەستاندنی سوڕی مانگانە تاکوو خوێن نەبینیت و و بتوانیت هەموو ڕۆژووەکان بگریت، نابێت بەبێ پرسی پزیشکی پسپۆڕ ئەو کارە ئەنجام بدەیت، چونکە ئەو حەپانە زیانێکی زۆری تەندروستیان هەیە و لە شەرعیشدا هەر کارێک بۆ تەندروستی خراپ بێت ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام ئەگەر هاتوو لە حاڵەتێکی تایبەتدا پزیشک بڕیار بدات کە ئەم کەسە دەبێت ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان هەمووی بگرێت و دواتر ناتوانێت بیگرێتەوە، بەکارهێنانی حەپەکە لەم کاتەدا زیانبەخش نییە ئەوە ئاساییە و دەتوانێت.
    واتە بەبێ پرسی پزیشک بەکارهێنانی حەپ بۆ وەستاندنی سوڕی مانگانە ڕێگەپێدراو نییە، چونکە هەبوونی سوڕی مانگانە سوودی زۆری هەیە و کاری خودایە.


سەرچاوەکان



4191 بینین