ناوهڕۆك
ناساندن
گەشەپێدانی بەردەوام (بە عەرەبی: تنمية مستدامة، بە ئینگلیزی: Sustainable Development). کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژینگە و گەشەپێدان لە ساڵی ١٩٨٧ گەشەپێدانی بەردەوامی بەم جۆرە ناساندووە کە بریتییە لەو گەشەسەندنەی کە پێداویستییەکانی نەوەی ئێستا دابین دەکات بەبێ ئەوەی زیان بە تواناکانی نەوەکانی دواتر بگەیەنێت. بۆ ئەوەی لە چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام تێبگەین پێویستە سەرەتا چەمکی گەشەپێدان ڕوونبکەینەوە. چەمکی گەشەپێدان یەکێکە لە گرنگترین چەمکەکانی جیھانی کە لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم لەگەڵ سەربەخۆبوونی بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بەڕوونی دەرکەوت، بە چەند قۆناغێک تێپەڕی کە بریتیبوون لە:
- گەشەپێدانی ئابووری
- گەشەپێدانی مرۆیی
- گەشەپیدانی بەردەوام
چەمکی گەشەپێدان تاکوو ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم بەم شێوەیە سەیر دەکرا کە ”بریتییە لە توانا ئابوورییەکانی گەشەپێدان لە داھاتی نیشتیمانی“. بەڵام دوای ئەوەی ئەزموونی گەشەپێدان لە وڵاتانی جیھانی سێیەم تاقیکرایەوە، دەرکەوت کە ڕێژەی گەشەپێدان ئاستێکی باشی لە داھاتی نیشتیمانی بەدەستھێناوە، بەڵام ئاستی ژیانی خەڵک بەرزنەبۆتەوە و ئەو وڵاتانەش لەڕووی پێشکەوتنی شارستانی ھەر بە دواکەوتوووی ماونەتەوە، بۆیە ئەم گریمانە تاقیکراوە ئەم بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە کە بووترێت گەشەپێدانی ئابووری دەتوانێت ڕووبدات بە زیادکردنی داھاتی نیشتیمانی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا. بۆیە پڕۆسەی پەرەپێدان (Development Process) زیاترە لە پڕۆسەی گرنگیدان بە لایەنی ماددی و دارایی لە ژیانی گەلاندا.
تێڕوانینەکانی دیدگای مۆدێرن بۆ پڕۆسەی گەشەپێدان
دیدگای مۆدێرن بۆ پڕۆسەی گەشەپێدان زیاتر گەشەی ئابووری لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی بە واتای گەشەی ئابووری دێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە چەند تایبەتمەندییەکی گرنگ بەم شێوەیە:
- چەمکی مۆدێرن بۆ پڕۆسەی گەشەپێدان جەخت لەسەر گەشەکردنی ئەدای توخمەکانی بەرھەمھێنان دەکاتەوە لە پڕۆسەکەدا لەگەڵ پەرەپێدانی ئەو تەکنەلۆجیایەی کە مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدان بەکاری دێنێت.
- ڕێکخستنی ژینگەی سروشتی و مرۆیی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە.
- باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی و کات بەسەربردن و خزمەتگوزارییە ژێرخانییەکان.
- کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان لادێ و شارەکان لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و نیشتەجێبوونی دانیشتوان و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی دانیشتوان لە لادێکانەوە بۆ شارەکان.
- دابەشکردنی داھات بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگادا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژیان و وەبەرھێنانێکی گونجاو لە سەرچاوە سروشتییە ژینگەییەکان و ڕێکخستنیان و بەکارھێنانیان بە شێوەیەکی زانستییانە، بەجۆرێک کە خزمەتی نەوەکانی ئێستا و داھاتووش بکات.
سێ بەھای بنەڕەتی ھەن کە مانای فراوانی چەمکی گەشەپێدان دیاریدەکەن
١- توانای دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتوان وەکوو (جلوبەرگ و خانوو و خۆراک و ئاستێکی باشی خوێندن).
٢- سەربەخۆیی کە ھیچ وڵاتێک ناتوانێت بگات بە پڕۆسەی گەشەپێدان ئەگەر لەلایەن وڵاتێکی ترەوە داگیر کرابێت یاخود ژێر دەستەی وڵاتێکی تر بێت.
٣- ئازادی لە ڕێگای ڕزگاربوون لە ھەژاری و نەزانی و گەندەڵی سیاسی و ئیداری و خاوەندارێتی مافی ھەڵبژاردن.
جیاوازی نێوان چەمکەکانی (گەشە و گەشەکردن و گەشەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوام و گەشەی ئابووری و مرۆیی چییە؟
١- چەمکی گەشە (prosperity Concept): تەنیا زیادبوونی تێکڕای داھاتی ڕاستەقینەی تاکە کەسە، کە مەرج نییە پەیوەست بێت بە گۆڕانکارییە پێکھاتەییەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
٢- چەمکی گەشەکردن (Growth Concept): بریتییە لە گۆڕانکاری لەلایەنە فیزیاییەکان (ماددییەکان) و لە قۆناغی ڕازیبووندا دەوەستێت و بە بەشێک لە گەشەکردن دادەنرێت، دوو جۆری ھەیە کە بریتین لە:
- گەشەکردنی چەندایەتی
- گەشەکردنی چۆنایەتی
٣- چەمکی گەشەپێدانی (Development Concept): بریتییە لە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا کە ئامانج لێی باشترکردنی گوزەرانی مرۆڤ و تێرکردنی حەزوو ئارەزووە ماددی و مەعنەوییەکانییەتی بەپێی ئەو پلانانەی کە پێشوەختە ئامادەکراون، ئەو تایبەتمەندییەی کە چەمکی گەشەپێدان لە چەمکی گەشە جیادەکاتەوە ئەو تایبەتمەندییە کە چەمکی گەشەپێدان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە ھەر ئاڕاستەیەک ڕوودەدات.
٤- گەشەپێدانی ئابووری (Economical Development): چەمکی گەشەپێدان بۆ یەکەمین جار لە بواری ئابووریدا دەرکەوت لەو شوێنانەی کە ئاماژەدەکەن بە پڕۆسەی ھێنانەدی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا، ئەم چەمکە ئامانجی ئیستغلالکردنی سەرچاوە ئابوورییە بەردەستەکان و دابەشکردنی داھاتەکانیان بە شێوەیەکی دروست بەکارھاتبوو.
٥- گەشەپێدانی مرۆیی (Human Development): بریتییە لەو چەمکەی کە گرنگی بە پشتیوانیکردنی تواناکانی تاک و باشترکردنی ئاستی ژیان لە کۆمەڵگا و نەھێشتنی نایەکسانی و کەمکردنەوەی ھەژاری و بێکاری دەدات.
٦- گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development): بریتییە لە دابینکردنی خواست و داواکاری نەوەکانی ئێستا، بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندی نەوەکانی داھاتوو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی ژیانی دانیشتوان لە ڕێگای دابەشکردنی داھات بە شێوەیەکی یەکسان و وەبەرھێنانی سەرچاوەی دەرامەتە ژینگەییەکان بە سوود وەرگرتن لە توانا سروشتی و مرۆییەکان بە لەبەر چاوگرتنی پاراستنی ژینگە.
جیاوازی نێوان چەمکی گەشەکردن و گەشەپێدان
١- گەشەکردن بریتییە لە سەرجەم گۆڕانکارییەکان لەلایەنە فیزیاییەکانی تاک و کۆمەڵگا، بەڵام گەشەپێدان گۆڕانی وردە وردەی (تدریجی) تاک و کۆمەڵگایە.
٢- گەشەکردن لە خاڵێکی دیاریکراودا دەوەستێت، بەڵام گەشەپێدان بە بەردەوامی دەمێنێتەوە.
٣- گەشەکردن بەشێکە لە پڕۆسەی گەشەپێدان، بەڵام گەشەپێدان بەشێک نییە لە پڕۆسەی گەشەکردن.
٤- گەشەکردن جۆری چەندایەتی و چۆنایەتی ھەیە، بەڵام گەشەپێدان نییەتی.
(چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام) ھاتە کایەوە دوای ئەوەی ھەریەک لە چەمکەکانی (گەشە و گەشەی مرۆیی و گەشەی ئابووری) لە توانایان نەبوو ئەو ئامانجە گرنگانە بپێکن کە مرۆڤایەتی مەبەستی بوو بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام ھاتە کایەوە دوای ئەوەی چەندین کۆنگرە و کۆنفڕانس لەسەر ئاستی جیھانی و ھەرێمی بەستران، لە گرنگترین ئەو کۆنفڕانسانەش بریتیبوون لە:
- کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگەیی مرۆیی لە ساڵی (١٩٧٢).
- کۆنفڕانسی جیھانی ژینگە و گەشەپێدان لە ساڵی (١٩٨٧).
- کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژینگە و گەشەپێدان لە ساڵی (١٩٩٢).
- دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی گشتی سەبارەت بە ژینگە لە ساڵی (١٩٩٧).
- لوتکەی جیھانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ساڵی (٢٠٠٢).
- کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوم لە ساڵی (٢٠١٢).
لە گرنگترین ئەو ئامانجانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کاریان لەسەر دەکەن لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام
- گەشەپێدانی بەردەوام بانگەوازێکی جیھانییە بۆ کارکردن بە مەبەستی کۆتای ھێنان بە ھەژاری و پاراستنی ژینگە و کەش و ھەوای زەوی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە مرۆڤەکان لە ھەموو شوێنێک چێژ لە ئارامی و خۆشگوزەرانی وەربگرن.
گرنگترین تێڕوانینەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لە بوارە جۆراوجۆرەکان
١- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە: بریتییە لە کەمکردنەوەی گەشەی جێگیری دانیشتوان و کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون و پێدانی مافی تەواو بە ژنان.
٢- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی یاساناسان: بریتییە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانەکان و بنیاتنانی یاسایەکی دروست بۆ کۆمەڵگا و باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نەھێشتنی کێشەی سنوورە ھاوبەشەکان و سەرچاوە ئاوییەکان.
٣- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی سیاسییەوە: بریتییە لە بەژداریکردنی ھەموو تاکەکان لە بڕیاردانی سیاسی ناو کۆمەڵگا و نەھێشتنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و چەسپاندنی بەھاکانی ھاوڵاتیبوون و ڕێزگرتنی یەکتری نێوان وڵاتان و گەڵان.
٤- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی ژینگەییەوە: بریتییە لە ڕێگاکانی بەکارھێنانی گونجاوترین زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان لە جیھاندا و سەوزکردنی بیابانەکان و بەکارھێنانی باشترین ڕێگا بۆ ئاودێریکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و لە ناوبردنی پاشماوەڕەقەکان بە شێوەیەکی گونجا و ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە.
٥- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان: بریتییە لە وەبەرھێنانی سەرچاوەی دەرامەتە سروشتییەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی دانیشتوان.
٦- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی وڵاتە پێشکەوتووەکان: بریتییە لە کەمکردنەوەی بەکارھێنانی سەرچاوەکانی وزە و سامانە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان و ئەو دوکەڵ و پاشماوانەی لە کارگە پیشەسازییەکانەوە بە ژینگەدا بڵاودەبنەوە.
٧- گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕوانگەی زانستی جوگرافییەوە: لقێکە لە لقەکانی زانستی جوگرافیای مرۆیی کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە بەردەستەکان بۆ دۆزینەوەی توانا و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی وەبەرھێنان بە مەبەستی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی سەرچاوەی دەرامەتە ژینگەییەکان کە ئامانج لێی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بەدیھێنانی بوونی مرۆڤ.
بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام
١- گشتگیری: گەشەپێدانی بەردەوام پێویستە گشتگیر بێت واتە، ھەموو لایەنەکانی ژیانی (سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری) لە خۆگرتبێت بە بەژداریکردنی سەرجەم دام و دەزگاکانی وڵات (حکوومی و ناحکوومییەکان).
٢- یەکخستنەوە: گەشەپێدانی بەردەوام دەبێت گرنگی بە ھەموو کەرتە جیاوازەکانی وڵات بدات، بە جۆرێک کە پێشکەوتنی هەر کەرتێک لەسەر حیسابی کەرتێکی تر نەبێت، بەڵکوو دەبێت پێشکەوتنی کەرتێک کاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆی ھەبێت لەسەر پێشکەوتنی کەرتێکی تر، بۆ نموونە پێشکەوتنی (کەرتی تەندروستی و پەروردە) کاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی ھەیە لەسەر کەرتی ئابووری لە وڵاتدا.
٣- بەردەوامبوون: ئامانجی سەرەکی لە ھێنانەدی پڕۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام ”بریتییە لە بەدیھێنانی ھاوسەنگی لە نێوان لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان لەکاتی ئێستا و داھاتوودا“.
چۆن دەتوانرێت گەشەپێدانی بەردەوام بەدەست بھێنرێت؟
بە گەیشتن بە ھاوسەنگی نێوان گەشەپێدانی ئابووری و مرۆیی لەلایەک و بەڕێوەبردنی سەرچاوەی دەرامەتە ژینگەییەکان و پاراستنیان لەلایەکی تر، چونکە گەشەپێدانی بەردەوام ”بریتییە لەو بوارەی کە کۆمەڵگا و ئابووری و ژینگە تیایدا بەژدارن“. بەو مەرجەی کە گەرەنتی گەیشتن بە گەشەی ئابووری و دادپەروەری و کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە و گۆمەڵگا مسۆگەر بکات.
جۆرەکانی گەشەپێدان
بە شێوەیەکی گشتی گەشەپێدان دابەش دەبێت بۆ:
- گەشەپێدانی سروشتی: بریتییە لە نووێبوونەوەی ھەندێک لە سەرچاوە کشتوکاڵییەکان و دەرامەتە ژینگەییەکان، وەکوو (خاک و سەرچاوە نەوتییەکان).
- گەشەپێدانی مرۆیی: بریتییە لە گەشەپێدانی تواناکانی مرۆڤ و زانست و پەروەردەکردنی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تواناکانی و لێھاتوویی مرۆڤ لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا.
بۆ ئەوەی بە ڕوونی لە چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام تێبگەین، پێویستە بزانین تایبەتمەندی و ڕەھەندە فەلسەفییەکانی چین؟
١- توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگەی ئەو ڕاستییەوە کە گەشەپێدانی بەردەوام گەشەکردن و کەڵەکەبوونی زانست و گەشەسەندنی بەردەوام بەدەست دەھێنێت لە ھەردوو بواری ماددی و مەعنەوی لە وڵاتدا.
٢- گەشەپێدانی بەردەوام ئامانجەکانی ھەمەلایەنە، بەجۆرێک تەنھا کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی داھاتی نیشتیمانی وڵاتان و پاراستنی ژینگە ناکات، بەڵکوو ئامانجی پێشکەوتنی ھەموو بوارەکانی ژیانە وەکوو خزمەتگوزاری (تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، خۆشگوزەرانی) یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی داھات و ئەرک و مافەکان.
٣- گەشەپێدانی بەردەوام بە (دینامیزم) ناسراوە، بەو پێیەی پڕۆسەیەکی بەردەوام نوێبووەوەیە، بە جۆرێک ھەرکاتێک ئاستێکی دیاریکراو بەدەستبھێنرێت لە گەشەپێدانەوە پێویستە ھەوڵبدات بە مەبەستی گەیشتن بە ئاستێکی باشتر و بەرزتر بۆ قۆناغی داھاتوو، ئەم تایبەتمەندییەش تایبەتمەندی بەردەوامی دەبەخشێتە چەمکی گەشەپێدان.
پەیوەندی نێوان زانستی جوگرافیا و گەشەپێدانی بەردەوام
زانستی جوگرافیا بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە لە دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی سەر ڕووی زەوی لە ڕووی دابەشبوونیان و پەیوەندی نێوانیان لە ڕێگای کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوە و خستنەڕووی دەرئەنجام و پێشبینیکردن بۆ داھاتوو، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو گرفتانەی دێنە پێشەوە، بەڵام گەشەپێدانی بەردەوام بریتییە لە پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوەی ئێستا بە کەمترین تیچوو و لێکەوتەی ژینگەیی بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییەکانی نەوەی داھاتوو.
ئەوەی بە (پردی پەیوەندی نێوان زانستی جوگرافیا و چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام دادەنرێت) بریتییە لەوەی کە ناتوانرێت دەست بۆ ھیچ پڕۆژە و کەرتێک ببرێت بەبێ زانین و خوێندنەوە و دەسنیشانکردنی پێداویستییەکان و تایبەتمەندییە سروشتی و مرۆییەکانی ئەو شوێنەی کە لەڕووی جوگرافییەوە پلان وایە پەرەی پێبدرێت بۆ دیاریکردنی گرنگترین پێداویستییەکانی گەشەپێدان بۆ ئەم شوێنە.