نەجمەدین غوڵامی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-17-22:06:00 - کۆدی بابەت: 8289
نەجمەدین غوڵامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەرمەند (نەجمەدین غوڵامی) (بە ئینگلیزی: najmadin gholami) شەوی نەورۆزی ساڵی ١٩۵٨ زایینی لە شاری سنە لە گەڕەکی (گوڵشەن)، کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی سنە و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست و هونەرمەنددا لەدایکبووە.

ژیانی هونەری

نەجمەدین هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە هەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو دنیای هونەرەوە و وەک خۆی دەڵێت زۆر منداڵ بووە کە لە مەیدانی وەرزشیی گەڕەکی گوڵشەن دارچنارێکی لێبووە، زۆرجار چووەتە سەر ئەو دارچنارە و دەستی بە گۆرانیوتن کردووە و خەڵک گوێیان بۆ دەنگی ڕاگرتووە. لە تەمەنی ١٠  بۆ ١٢ ساڵیدا دەگەڵ هەریەک لە گۆرانیبێژان (حەمە کەچەڵ) و (مەلێ دۆم) و (هوشەنگ)دا گۆرانی گەڕیانی وتووەتەوە.

بەیارمەتی هونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی نەتەوەی کورد (عەباسی کەمەندی)، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرهەمی خۆی تۆمارکردووە. ناوبراو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا و پێش ڕووخانی سیستمی پادشایەتی، دوو شریتی کە کۆمەڵێک گۆرانیی سۆزداری لەخۆ گرتووە، بە شێوازی جاز لە کۆمپانیای ئاونگ لە شاری تاران تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە و پێشوازییەکی یەکجار زۆری لێکراوە.

لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە نهێنی چەندین سروودی شۆڕشگێڕانەی لە شاری سنە تۆمارکردووە، کە لەماوەی خەباتی ڕزگاریخوازنەی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامی لەسەر زمانی خەڵک و پێشمەرگە و گەنج و لاوان بوون، کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبووە. دوای ڕووخانی نیزامی پاشایاتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هونەرمەند (نەجمەدین غوڵامی) چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و تێکەڵ بە بزووتنەوەی سیاسی دەبێت، لە پێشمەرگایەتیشدا جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سیاسی و پێشمەرگانەی، وەک مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ لە (کۆڕی بانگەواز) لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان: (ناسر ڕەزازی، غوڵامعەلی ئاتەشی ناسراو بە کاڵێ، مەرزیە فەریقی، ڕەزا یۆسف بەیگی، سابیر محەمەدی، فەریبۆرز فەخاری) درێژەی بە کاری هونەری داوە. ئەو هونەرمەندە مەزنە لە یەکەم گۆرانیبێژانی کوردبووە کە سروودی شۆڕشگێڕانە و گۆرانی نەتەوەیی وتوە، جگە لە کۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکان زیاتر لە ٢٥ شریت و سیدی و ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە و نزیکەی ١٥ بەرهەمی تری بڵاوکردووەتەوە.

ژیانی تایبەتی

هونەرمەند (نەجمەدین غوڵامی) پێش ڕووخانی سیستمی پادشایەتی لەگەڵ کچە خاڵی خۆی واتە خاتوو (شەرافەت خالیدیان)، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشەشیان دوو کوڕ بە ناوەکانی هێژا و هێرشە.

ئەلبوومەکان

نەجمەدین غوڵامی ٢٣ ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە ھەندێکیان ئەمانەن:

  • شەتاو (١٩٩٥)
  • پیری موغان (١٩٩٧)
  • خان و مان (١٩٩٨)
  • من و تۆ (٢٠٠١)
  • نیشتمان (٢٠٠٥)
  • ھاژەی خۆزگە (٢٠٠٧)


سەرچاوەکان



924 بینین