ناسر ڕەزازی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-19-16:42:00 - کۆدی بابەت: 8313
ناسر ڕەزازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناسر رەزازی (بە ئینگلیزی: Nasser Razazi) (بە فارسی: ناصر رزازی) یەکێک لە گورانیبێژەکانی کوردە. لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سنە لەدایکبووە و ھەر لەوێ دەستی بە گۆرانی وتن کردووە. لە تەمەنی گەنجیدا چەندین کاسێتی تۆمار کردووە، کاتێک لە ئێران شۆڕشکرا ناسر بوو بە ئەندامی کۆمەڵە، دوای ماوەیەک چوو بۆ ئەورووپا و لەوێ لە کارە ھونەرییەکانی بەردەوام بوو. لەدوای ڕووخانی رژێمی سەدام گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

ژیانی تایبەتی

ناسر ڕەزازی لە بنەماڵەیەکی دەستکورت و قەرەباڵغدا لەدایکبووە. لە ٦ ساڵیدا چووەتە خوێندنگای ھیدایەتی سنە. ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ هونەرمەند مەرزیە فەریقی هاوسەرگیری کردووە. لەدوای وەرگرتنی دیبلۆمی وێژە بووە بە مامۆستای سەرەتایی، بەڵام پێش ئەوەی کارەکەی دەست پێبکات، ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران ڕوویدا و خرایە زیندان. لەدوای ڕزگاربوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چوونە شاخ و بوون بە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٥ لەدوای وازھێنان لە پێشمەرگایەتی لەگەڵ مەرزیە و دوو منداڵەکەی دڵنیا و ماردین پەنا دەبەن بۆ وڵاتی سوید. لەوێ دەبن بە خاوەنی کوڕێکی تر بە ناوی کاردۆ. ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە شارۆچکەی دووکان نیشتەجێ دەبن. ھاوینی ساڵی ٢٠٠٥ مەرزیە لەبەر سەرکەوتوونەبوونی نەشتەرگەرییەکەی لە سوید ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. ناسر دەڵێت کە ھەرگیز ژن ناھێنێتەوە. بەڵام دوای ماوەیەک ژنێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئێران دەهێنێت. 

ژیانی هونەری

ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بۆ یەکەمجار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی (دەسماڵێ و دەسماڵێ)ـی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی شاری سنە تۆمارکرد. یەکەم بەرھەمی کاسێتی بڵاوکراوەی بریتیبوو لە چەند گۆرانییەکی دووبارەی گۆرانیبێژە کوردەکان، بۆ نموونە گۆرانی (ئای چەندەم خۆش ئەوێی)ـی عەلی مەردان. یەکەم کەس کە لە ژیانی ھونەریدا یارمەتی داوە (تۆفیق رەزایی) گۆرانیبێژی شاری سنەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە شاری سنە تیپی مۆسیقا نەبوو، ناچاربووە پەنا بباتە شاری سەقز لە فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە لەگەڵ (ڕەشید فەیزینەژاد) و (حەبیبوڵڵا نیکبین) و چەند کەسێکی تر درێژە بە ھونەری گۆرانی وتن بدات، لەگەڵ (پەروین مۆشیروەزیری) چەند کاروانی هۆنراوە و گۆرانییان لە تەلەفزیۆنی شاری سنە تۆمارکرد. ناسر ڕەزازی جگە لە کاری گۆرانی وتن شارەزایی زۆری ھەیە لە ئەدەبیاتی کوردی و چەندین بەرھەمی ئەدەبی ھەیە کە بریتیین لە ھۆنراوە چوارینە، و ئەمەش یەکێکە لە بەرھەمە شیعریەکانی:

خەمم سەربەرز و شاییم بێ دەماخە

دڵم بۆیە بەشی ھەر ئۆف و ئاخە

بڵێسەی ئاگری جەرگم وەھایە

ئەڵێی کەسی مردووە، ھێندە بەداخە

لە لایەکی تریشەوە ناوبراو توانی چەند ئاوازێک بۆ گۆرانییەکانی خۆی دابنێ، وەک: پەپوولە، دێوانەخۆم، ماچی خودایی، سەرەمەرگی ھیوا، نیشتمان.

ناسری ڕەزازی لە ژیانی گۆرانی وتنیدا لەگەڵ (تۆفیق ڕەزایی، محەمەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، محەمەد جەزا، جەماڵ موفتی، نەجمەدین غوڵامی و مەرزیە فەریقی) گۆرانی تۆمار کردووە.

ساڵی ١٩٧٨ کە خۆپیشاندانی خەڵک لە ئێران و ھەروەھا لە کوردستان دژی سیستمی پادشایەتی دەستی پێکرد، ڕەزازی بە سروودی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەشداری کرد، دوای ماوەیەک بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و لەگەڵ (فەریبۆرز فەخاری، نەجمەدین غوڵامی، کاک کاڵێ، ڕەزا بچکۆل و مەرزیە) تیپی بانگەوازیان دانا و لەو ھەلومەرجەدا توانی درێژە بە ھونەری خۆی بدات.

یەکەم سروودی بریتی بووە لە (ئەمڕۆ چ ڕۆژە ڕۆژی نۆرۆزە) کە ھۆنراوەی (عابدین موفتی‌زادە) یە، سروودی دووەم (دێم و دێم) بە هۆنراوەی ھێمن، پاشان چەندین سروودی تری وتوە لەوانە: ئەی شەھیدان، کارگەرین جەنگاوەرین، سەدەی بیستەمە، ھیوا، پێشەنگی زەحمەتکێشان، دەست لە چەکم ھەڵناگرم.

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٠ ھاتەوە بۆ باشووری کوردستان، لەناو خەڵکدا گۆرانی تۆمارکرد. ناسر ئەگەرچی لە سەرەتای گۆرانی وتنیدا بە لاسایی کردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژانی کورد دەستی پێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە خاوەن قوتابخانە لە گۆرانی کوردیدا. لە مەقامدا شێوازی مامۆستا تایەر تۆفیق، ھەروەھا قەتارەکانی محەمەد ماملێ، و لەمبەستەشدا زیاتر لەمدەنگی حەسەن زیرەک سوودی وەرگرتووە.

بەرھەم و ئەلبووم

  • دێوانە خۆم (١٩٧٩)
  • گۆمەشین (١٩٨٢)
  • لە گوڵان (١٩٨٤)
  • ھەڵەبجە (١٩٨٨)
  • ڕەزیانە (١٩٩٣)
  • نیاز (١٩٩٤)
  • بە پیرۆز (١٩٩٥)
  • خەمی نان (١٩٩٦)
  • كرماشان (٢٠٠٠)
  • ئێوارەیە (٢٠١٠)
  • بیرەوەری (٢٠١٢)


سەرچاوەکان



640 بینین