ناوهڕۆك
گرێ
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو
شیعر: گرێ
هەر ئەسووتێمهەتاکوو ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش،
هەر ئەسووتێم.
لە ڕۆژی زاوزێی گوناه و تۆبەوە، زاوزێی
تاوان و سزاوە، ئەسووتێم و هەڵئەقرچێم و ئەسووتێم.
لە ئەوەڵ وەرزی کەوڵکردنی هەقەنازدار و جوانەکانەوە
ئاه.. لەسەرەتای ئاهو و ناڵەی پەرییەکان و
گرمەژنی، بەرەژانی، بارانەوە.. ئاه
هەر ئەسووتێم و ئەسووتێم..
تا ئەم چرکەیە،
تا ئەم نووزەیە.
تا ئەم کڕووزەیە.
لە ژێر ئەم ئاسمانە گرژەدا و لە ژێر ئەم گومەزی ترسەدا
من و جەللادەکەم، هەردووکمان بێ وێنەین.
لە وێنەمان نەبووەو نییەو نایشبێ
من و جەللادەکەم، جەللادە هۆگرەکەم
هۆگر بەسەرە ڕووتاوەکەم.
هۆگر بە ئێسقانە سپییەکانم.
هۆگر بە خوێنە ڕۆشنەکەم.
لەم جوگرافیا خڕەدا
لەم مێژووە درێژەدا
لەم سیاسەتە بێشکڵەدا،
من و جەللادەکەم
کەسمان هاوڕێی
وەک خۆمانمان بۆ نادۆزرێتەوە
کەسمان
نە ئەو بۆ شمشێرەکەی و نە من بۆ گەردنم.
نە ئەو بۆ قولاپە بریسکەدارەکانی و
نە من بۆ ماسییە ڕەشەکانم.
نە ئەو بۆ ئاگرە شکۆدارەکانی و
نە من بۆ بەهەشتە بێ ناونیشانەکەم
نە ئەو بۆ دێوجامە ڕەنگینەکانی و
نە من بۆ قەفەزە نەخشینەکانم
نە ئەو بۆ دیوارە ئەستوورەکانی و
نە من بۆ چاوە پەڕاگەندەکانم
لە وێنەمان نەبووە و نییە و نایشبێ
کەسمان لە وێنەی یەکتر بۆ نابینرێتەوە
کەس
کەس
کەس!
نە جەللادێکی مەزن و خوێن ساردی وەکوو ئەو هەیە و
نە قوربانییەکی جوانی دەم بە پێکەنینی لەت و پەت کراوی
وەکوو منیش.
من و جەللادەکەم
ئەم جیهانەمان وەکوو گایەکی لە خم خۆرکدا چەقیو
سەرسام کردووە
قیبلەنماکانی ڕامیاریمان چەواشە کردووە..
سەرمان: لە مێژوو، لە دایالێکتیکی مێژوو
لە قانوونی دژەکان، لە یاساکانی گۆڕان و..
سەرمان لە کڵێسە و لە مزگەوت و لە کاتژمێری سەعات و
لە بۆچوونەکانی مارکس و لە نزاکانی پاپایش تێکداوە!
ئەوەتا جەللادەکەم، جەللادە هۆگرەکەم، لە ژێر زەمینە
کۆنکرێتییەکانی خۆیدا، «ئەدۆڵف هیتلەر» پەلکێش ئەکاو
هیتلەریش وەک پشیلەیەکی کێوی مۆمیاکراو لەبەردەم
ئازارەکانما ئەوق بووە ئەوق. جەللادە شەیداکەم،
کڵاوە قووچەکەی «جەنگیزخان»ی پڕ کردووە لە:
داهێنانی نوێ و شانازییە تازەکانی مردن و جۆری مردن،
لە دنیا نەبینراوەکانی دووکەڵ و خۆڵەمێش لە ئەشکەنجەی
تەڕ و پاراو، لە فڕ و فێڵی دەم بە گوڵ، لە کوشتاری
نەوازە، لە خاپوور کردنی بێ دەنگ، لە پرسەی
سەوز و سوور، لە مەرگی موفاجاتی خێراتر لە ئەسپی
بۆراق، ئەوەتا منیش:
بە پارچەی پچڕ پچڕی ئاڵ و واڵای جەستەم.
بەو ڕووبارە وەنەوشەییانەی کە ڕۆژانە لەبەرم ئەڕۆن.
بە واق و ویقی برینە بچکۆلەکانم
بە قیژە قیژی دار و پەردووی کارەساتەکانم
بە گاشە بەردی سەرشانم و بە هەورازی بێ کۆتاییم
بە لێکترازانی سەر و لەش و گۆشت و جومگەم
ئازادییم وەک شینەشاهۆیەکی خوێن گرتوو
حەپەساندووە!
من و جەللادەکەم
هەرچی پێشبینی، سیاسەتمەداران و ئابووریی ناسان و
AIC و BGK ی و چەپەکان و ڕاستەکان و
ڕۆژنامەنووسان و سەرخۆشی مەیخانەکان و هۆڵی
کۆنگرەکانە هەر هەموویانمان بە درۆ خستنەوە، بەدرۆ!
ئەو.. بەوەی تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش
ئەبوو.. ئەبوو: خۆڵ، کرم، ماروو، جانەوەرە گوناهەکان و
شارە مێروولە ژەم بووردەکانی دوای هەشتی شوبات! .
مشک و جرج و گۆڕهەڵکەنە هەژارەکان.. هەموو.. هەموو
دەمیان تێبژەندایە و کەچی تا ئێستەیش
تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش..
ئاخ
هەر.. ماوە، ئاخ!
منیش بەوەی
ئەبوو لەسەر شانی زیوینی (داد)ەوە
ئەستێرەم دابگرتایە و بەژنی ئەم مێژووەم
لە پشتکۆوە هەتا لەک
لە پەلکە گیا و لە گوڵەباخ و لە گوڵە گەنم و
لە کازیوەی بەیانەوە بپێچایە
بەڵام تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش
هەر بەسەر: وەرین و
هەر بەسەر: سووتان و
هەر بەسەر: ژەهر و
هەر بەسەر دووکەڵدا دابەش ئەبم!
تۆ بڵێی جەللادەکەم «نوح» پێغەمبەر
تەمەنی درێژی خۆی پێ بەخشیبێ؟ !
تۆ بڵێی منیش.. منی هەوێنی ئازاریش
تا هەتایە هەر میراتگری
خاچە جوانەکەی عیسا پێغەمبەر بم؟ !
ئێوەش!
ئەی جێ نیشتەکانی پایتەختی تاعوون و شاری فەلاکەت!
ئەی ئەوانەی بەردەوام
لە کەرنەڤاڵی مردنی ڕەنگاو ڕەنگی خۆتان ورد ئەبنەوە و
لەسەر لێواری خەرەندێکی قووڵیش دیلانێ ئەکەن
تانە و تەشەر لە برینە سەرکەشەکانی من ئەدەن!
گازندەیش لە خوێنی خەواڵووی خۆتان ئەکەن
ئەی هاووڵاتیانی مەملەکەتی نانی گریا و و
«کۆماری ترس»!
من عومری درێژی جەللادەکەم
لە ئەفسانەی وەنەوزی ئێوە و
لە گۆڕستانی بێ دەنگیتاندا ئەبینم!
ئۆباڵی ئەو تەمەنە لە ئەستۆی زەردی ترسنۆکی و
لە ڕازی بوونی کۆت و زنجیری ڕۆژگارتاندایە.
لە خەونی زڕ و نەزۆکتاندایە.
لە قایلبوونی برسێتی و
لە بەستەڵەکی ئارامتاندایە.
ئێوەش!
ئەی ئەفسەر و دەرەجەدارانی
شان و مل و سەرسنگ پڕ لە:
نیشانە و مەدالییا نەفرەتییەکانی کوردستان:
پڕ لە: ئەستێرە کوێر و بەدبەختەکانی!
ئێران و کوێت!
ئەی کەڵەشێر ڕوکنەکان!
ئەی سوپای -باسل-!
بەرانبەر مریشکە جانەوەرەکانمان و
بەرانبەر منداڵە دڕندەکانمان و
بەرانبەر ژنە وەحشییەکانمان!
بێ وێنەیی جەللادەکەم و تەمەنی درێژی شمشێرەکەی
لەسەر چەپۆکان و حیلەی لە ناکاوی
غیرەتە ئەسپی ئێوە وەستابوو
بەڵام، ئۆه! «بەداخیشەوە نا»
ئەو غیرەتە گوێ تەپانە هەرزوو لە کەلاوەکانی
کوردستاندا و لەسەر نوێڵکی قەراغ زۆنگاوەکان
سەگ خواردنی
سەگ خواردنی
سەگ!