ناوهڕۆك
ساقی نامە
شاعیر: بەختیار زێوەر
بەرهەم: دیوانی بەختیار زێوەر
هۆنراوە: ساقی نامە
بۆ چ ئاو ئاگری لەمن بەرداوە
ساقی فیداتم دەروون سووتاوم
بۆ مەزە ماچێ نەدەی فەوتاوم
ساقی تۆ کەوا شۆخ و شیرینی
کە دێیتە لەنجە ڕێگری دینی
جارێ بە عیشوە جارێ بە بادە
حەسرەتی دڵم هەموو بە با دە
نەختێ تەماشای دەشت و چیا کە
دنیا گوڵزارە بەزمێ بەرپا کە
جارێ ساقی بە، جارێک دلبەر بە
جارێک موغەننی فەرەح ئاوەر بە
ساقی دەمێکە یارم تۆراوە
غەمی فیراقم ئێجگار کێشاوە
ئیمڕۆ تووشت بووم خێرم تووش بووە
هەر بە ئەووەڵ پێک فەرقم کردووە
ئەگەر ئەمجارە تازەی کەیتەوە
غەمی دووریی یار دوور ئەخەیتەوە
ساقی ها پارە ئەوە بازاڕە
شەرابێ بێنە بڵێ هی پارە
بێ غەل و غەش و پەمەیی و ساف بێ
مەقبوولی گەنج و پیر و ئەشراف بێ
نەشئە شکێنی شەمپانیا بێ
لابەری غەمی هەردوو دنیا بێ
هێندەم بۆ تێکە سێ ڕۆژ سەرخۆش بم
لارەلار بڕۆم هێندە بێ هۆش بم
بۆ ئیمڕۆ خۆشە ژیانی مەستی
چونکە ئەبەخشێ هەوای سەربەستی
سەرچاوەکان
578 بینین