باتمان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-05-16-22:44:00 - کۆدی بابەت: 8677
باتمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باتمان یان پیاوی شەمشەمەکوێرە (بە ئینگلیزی: Batman) کەسایەتییەکی خەیاڵییە و یەکێکە لە بەناوبانگترین پاڵەوانە بەهێزەکانی مێژوو. سوپەرهیرۆیەکە لەلایەن کۆمیکەکانی دی سییەوە بڵاودەکرێتەوە. لە شاری گاسەم دەژی وەکوو پارێزەری شارەکە، هێمای شەمشەمەکوێرە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ترس بخاتە دڵی تاوانبارانەوە. بە پێچەوانەی سوپەرهیرۆیەکانی تر زۆرجار وا پەسنی باتمان دراوە کە هێزی نائاسایی و سەرووسروشتی نییە، لەجیاتی ئەوە بە ڕاهێنانی درێژخایەن و بەکارهێنانی چەک و کەرەستە لە دژی تاوان دەجەنگێت. ناسنامە نهێنییەکەی بروس وەینە، کە پیاوێکی دەوڵەمەندە زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ ئافرەتاندا بەسەردەبات و چاکەخوازیشە، سوێندی خواردووە دژی تاوانکاری بجەنگێت لەدوای ئەوەی گەواهیدەری کوشتنە بێبەزه‌ییانەكه‌ی دایبابی بوو.
کەسایەتی باتمان لەلایەن هونەرمەند بۆب کەین و بیڵ فینگەری نووسەرەوە دروستکراوە. یەکەم دەرکەوتنی باتمان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٩ لە کۆمیکی لێکۆڵەرەکان. هەر زوو دوای یەکەم دەرکەوتن و ناساندنی ناوبانگێکی باشی پەیداکرد و ساڵێک دواتر بوو بە خاوەنی بڵاوکراوەی کۆمیکی خۆی. باتمان ئایکۆنێکی کولتووریە، زۆرجار بە یەکێک لە بەناوبانگترین و ناسراوترین سوپەرهیرۆکان دادەنرێت، کەسایەتییەکەی لە زۆر بواری میدیاییدا بەکارهێنراوە لە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە شێوەی ئەنیمەیشن و یارییە ڤیدیۆییەکان.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

باتمان لە ڕێکەوتی ١٩ی شوبات لەدایکبووە. باوکی ناوی د.تۆماس وەین و دایکیشی مارسا کەین، دوو هاوسەری دەوڵەمەند و چاکەخوازی سۆسیالیستی شاری گاسەم بوون. بروس تا تەمەنی هەشت ساڵی ژیانێکی خۆش ژیا، تا ئەوەی شەوێک لەگەڵ دایک و باوکی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، لە ڕێگادا لەلایەن تاوانبارێکەوە دزییان لێ دەکرێت و تاوانبارەکە تەقەیان لێ دەکات، تۆماس وەینیش لە هەوڵی پاراستنی خێزانەکەیدا دەکوژرێت و و مارساش بەهەمان شێوە، هەموو ئەمانە بەبەرچاوی بروسی منداڵەوە ڕوودەدەن و ئەویش سوێند دەخوات شارەکە لەو خراپەکارییە پاک بکاتەوە کە بووە هۆی مردنی دایبابی.
لەگەڵ گەورەبوونیدا بروس خەریکی ڕاهێنانی جەستەیی و هزری دەبێت. گەشت دەکات بۆ دەرەوەی گاسەم، مەشقی جۆراوجۆر دەکات لە بواری هونەری شەڕکردن، بوارە جیاجیاکانی زانست، زانستی تاوان و تواناکانی لێکۆڵەرایەتی. لە دوای گەڕانەوەی بۆ شاری گاسەم بروس ئەوەی بۆ دەردەکەوێت بە تەنها تواناکانی بەس نین. بروس دەڵێت: "تاوانبارەکان بە زۆری خورافی و ترسنۆکن، دەبێت شاردنەوەی ناسنامەکەم ترس بچەقێنێت لە دڵیاندا. دەبێت بوونەوەرێک بم لە شەو، تاریکی، سامناکی" وەکوو ئەوەی وەڵامی ویستەکانی بدرێتەوە، شەمشەمەکوێرەیەک بەناو پەنجەرەکەدا دەفڕێت، ئەمە سروش دەدات بە بروس بۆ ئەوەی ببێت بە کەسایەتی باتمان.

کەسایەتی

باتمان خاوەن کەسایەتییەکی تاریک و پاڵەوانێکی تووڕەیە و وێڵی تۆڵەسەندنەوەیەکی تاکەکەسییە بەرامبەر بە تاوان و نادادپەروەری. لەلایەنی دەروونییەوە تووشی تراوما بووە بە مردنی دایبابی. باتمان سوێندی خواردووە شاری گاسەم لە هەموو تاوانکارییەک پاک بکاتەوە. کەسێکی ڕەشبین و بە گومانە و بەم هۆیەوە ناتوانێت متمانە بە هەموو کەسێک بکات. کەسێکە بە وریاییەوە بیر لە پیلانەکان دەکاتەوە پێش ئەوەی جێبەجێیان بکات. باتمان ئەوەی بۆ دەردەکەوێت بە ئەنجامدانی کوشتن هیچی لە تاوانبارەکان کەمتر نابێت، بۆیە واز لە کوشتن دەهێنێت. باتمان ئەندامێکی گرنگی دەستەی دادپەروەرییە و دامەزرێنەری کۆمەڵەی بێگانەکانیشە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی باتمان

دۆست و هاوڕێکانی

  • دیک گرەیسن
  • جەیمس گۆردن
  • ئاڵفرێد پێنیۆرس
  • کاتومەن
  • ۆندەر ومەن

دوژمنەکانی

  • سکێرکرۆو
  • جۆکەر
  • ڕیدڵەر
  • پێنگوین
  • پۆیزن ئایڤی

تواناکانی باتمان

سەرەڕای ئەوەی خاوەنی هیچ هێزێکی سەروو سروشتی و نائاسایی نییە، بەڵام بە ڕاهێنانی بەردەوام و زیادکردنی زانیاری زانستی و توانای لێکۆڵینەوە توانیویەتی چەند توانا و بەهرەیەک پەرەپێبدات لە خۆیدا، وەکوو:

- گەیشتووەتە ترۆپکی توانای جەستەیی: بەهۆی  ڕاهێنانە بەردەوامەکانی و شێوازی خواردنی ڕێکخراوەوە توانیویەتی بگاتە لوتکە لەسەر ئاستی توانای جەستەیی. لەلایەنی توانا، خێرایی، چوست و چالاکی، هەست، پەرچەکردار و توانای چاکبوونەوە و سیستەمی بەرگری گەشتووەتە بەرزترین ئاست و بە دەگمەن خواردنەوە کحولییەکان دەخواتەوە.
- شارەزای هونەری شەڕکردنە: باتمان زۆر شارەزایە لە شەڕدا و هەموو شێوازێکی شەڕکردن بە دەست و کۆڵەمست بە تەواوی دەزانێت و یەکێکە لە باشترین شەڕکەرەکانی سەر زەوی.
- ترس: باتمان ترس دەچێنێت لە ناخی دوژمنەکانیدا و دوژمنەکانی لێی دەترسن
- نیشانه شکێنێکی شارەزایە
- هاژۆرێکی شارەزایە
- شارەزایی هەیە لە هاککردن و دزەکردنە ناو سیستمە جیاوازەکان
- شارەزایی هەیە لە دانانی تاکتیک و ستراتیجی
- شارەزایی هەیە لە چەکدا
- زیاتر لە ١٠ زمان دەزانێت
- کۆلکەی زیرەکییەکەی زیاترە لە ٢٠٠ و بە یەکێک لە باشترین لێکۆڵەرەکانی جیهان دادەنرێت

خاڵی لاواز

بەتەنها مرۆڤبوونی یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی لەپاڵ چەند خاڵێکی تریشدا، وەکوو:

- دەکرێت بکەوێتە ژێر کاریگەری تووڕەییەکەیەوە و جڵەوی خۆی لەدەست بدات
- ناسنامە، تەنها هەندێک لە دوژمنەکانی ناسنامە ڕاستەقینەکەی دەزانن و ئاشکرابوونی ناسنامەکەی دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی گاسەم دژی بوەستنەوە
- زۆر پشتی بەستووە بە تەکنەلۆجیا و ئەگەر لەکار بکەون دەبێتە کێشە بۆی
- دوکەڵە ژەهراوییەکان زۆر کاری لێ دەکەن
- لە شەمشەمەکوێرە دەترسێت
- نایەوێت کەس بکوژێت ئەمەش لەلایەن دوژمنەکانییەوە لە دژی بەکاردەهێنرێت
- سەرەڕای ئەوەی شارەزایی لە زۆر بواردا هەیە، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوی شارەزای جادوو ببێت
- ناتوانێت لە دژی سەگ بوەستێتەوە
- بەهۆی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی لە نێوانیان هەیە باتمان ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە بۆ کاتومەن، واتا ئەگەر بکەوێتە ناو داوی هەست و سۆزەوە دەکرێت بە ئاسانی ببەزێنرێت

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی باتمان تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

١. ئادەم وێست
٢. مایکڵ کیتن 
٣. کێڤن کۆنڕۆی
٤. جۆرج کڵوونی
٥. کریسچن بەیڵ
٦. بێن ئافڵێک
٧. ڕۆبەرت پاتینسن

دیارترین فیلم و زنجیرەکان بریتین لە:

١. فیلمی Batman 1966
٢. زنجیرەی تەلەفزیۆنی Batman (1966-1968)
٣. فیلمی Batman 1989
٤. فیلمی Batman returns 1992
٥. فیلمی Batman Begins 2005
٦. فیلمی Batman the dark knight 2008
٧. فیلمی Batman the dark knight rises 2012
٨. زنجیرەی Gotham 2014-2019
٩. فیلمی Batman vs Superman :Dawn of justice 2016
١٠. فیلمی Suicide Squad 2016
١١. فیلمی Justice league 2017,2021
١٢. زنجیرەی Titans 2018
١٣ .فیلمی The batman 2022


سەرچاوەکان



456 بینین