ڕۆدریگۆ سیلڤا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-18-20:23:00 - کۆدی بابەت: 8693
ڕۆدریگۆ سیلڤا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆدریگۆ سیلڤا دێ گۆس (بە ئینگلیزی: Rodyrygo Silva De Goes, بە عەرەبی: رودريغو سلفا) بە ڕۆدریگۆ ناسراوە، لە ٩\١\٢٠٠١ لە شاری ئۆساسکۆی وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە. یاریزانی باڵی ڕاستی یانەی ئیسپانی ڕیاڵ مەدرید و تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیلە.

سەرەتای ژیانی وەرزشی لە یانەی لۆس سانتۆسی بەڕازیلی دەستپێکرد. لە کۆکراوەی هەشتا یاریدا توانی حەڤدە گۆڵ بۆ یانەی لۆس سانتۆس تۆماربکات. پاشان لە ساڵی ٢٠١٩ و کاتێک ڕۆدریگۆ تەنها ١٨ ساڵ بوو یانەی ڕیاڵ مەدرید بە بڕی ٤٥ ملیۆن یۆرۆ ڕۆدریگۆیان گواستەوە بۆ ڕیزی یانەکەیان. 

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی ڕۆدریگۆ سیلڤا دێ گۆس
ناوی کورتکراوە ڕۆدریگۆ
بەرواری لەدایکبوون ٩\١\٢٠٠١
شوێنی لەدایکبوون ئۆساسکۆ، بەڕازیل
باڵا ١٧٤ سانتیمەتر
شوێنی یارکردن باڵی ڕاست (هێرشبەر)
یانە ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی

ژیانی وەرزشی لە یانەدا

لۆس سانتۆس

بەپێی ئەوەی ڕۆدریگۆ لە شاری ئۆساسکۆ لەدایکبووە،لە ساڵی ٢٠١١ و کاتێک ١٠ ساڵ بوو بەژداری ڕاهێنانەکانی یانەی منداڵانی لۆس سانتۆس کرد، لە ساڵی ٢٠١٧ و لە جامی لیبەرتۆدارس لەلایەن ڕاهێنەری یانەی سانتۆسەوە بانگهێشتکرا و یەکەم یاری فەرمی لە ژیانی وەرزشیدا ئەنجامدا. 
لە ٢١\٧\٢٠١٧ ڕۆدریگۆ بۆ یەکەم جار لە ژیانی وەرزشیدا گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی سانتۆسدا کە ماوەکەی ٥ ساڵ بوو بەست و پاشان لەلایەن ڕاهێنەر ئێلانۆوە لە پێکهاتەی سەرەکی یانە یاری پێ دەکرا.
لە ٤\١١\٢٠١٧ یەکەم یاری لە خوولی ژمارە یەکی بەڕازیلیدا ئەنجامدا. لە ٢٥\١\٢٠١٨ یەکەم گۆڵی ژیانی وەرزشی تۆمار کرد و بووە هۆکاری بردنەوەی یانەی لۆس سانتۆس لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی کۆمپوێنتۆ پاولیستای بەڕازیلی.
ڕۆدریگۆ لە سەرەتادا جلی ژمارە ٤٣ـی دەپۆشی پاشان لە ٢٦\٧\٢٠١٨ گۆڕی بۆ ژمارە ٩، پاشانیش بۆ ژمارە ١١ کە ژمارەی پێشووی ئەستێرەی یانەکی لۆس سانتۆس نەیمار بوو. 

ڕیاڵ مەدرید

لە ١٥\٦\٢٠١٨ و کاتێک ڕۆدریگۆ تەمەنی تەنها ١٩ ساڵ بوو یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی پەیوەندی کرد بە یانەی لۆس سانتۆسەوە و بە بڕی ٤٥ ملیۆن یۆرۆ ڕۆدریگۆیان گواستەوە بۆ ڕیزی یانە شاهانەییەکە. 
لە ٢٥\٩\٢٠١٩ ڕۆدریگۆ یەکەم یاری خۆی بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدا و توانی گۆڵێک دژی یانەی ئۆساسۆنای ئیسپانی تۆماربکات. لە یاری یانەکەی دژی یانەی گەلەتەسارای تورکی لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا توانی یەکەم هاتریکی ژیانی تۆماربکات و بە دووەم گەنجترین یاریزان کە هاتریکی تۆمارکردبێت لەو خوولەدا دەستنیشاکرا.
لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەژداری ١٩ یاری کردبوو و توانیبووی ٢ گۆڵ تۆماربکات و یانەی ڕیاڵ مەدرید نازناوی خوولی ئیسپانی ژمارە یەک لالیگایان بەدەستهێنا. 
لە ١٢\٤\٢٠٢٢ و لە چارەکی کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا توانی گۆڵی یەکسان بوونەوە دژی یانەی ئینگلیزی چێڵسی تۆماربکات و یارییەکە چووە کاتی زیادکراو، لە کاتی زیاد کراودا کەریم بێنزیما بە لێدانێکی سەر توانی یارییەکە بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید مسۆگەر بکات و بگەنە یاری پێش کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکان.
لە یاری پێش کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە خولەکی ٨٥ جێی یاریزان ئەسێنسیۆ دەگرێتەوە و دژی یانەی ئینگلیزی مانچستەر سیتی لە ماوەی دوو خولەکدا دوو گۆڵ تۆماردەکات و پاشان لە کاتی زیادکراودا کەریم بێنزیما بە لێدانی سزا شوێنی ڕیاڵ مەدرید لە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکان دژی یانەی لیڤەرپووڵی ئینگلیزی جێگیر دەکات.

ژیانی وەرزشی بۆ تیمی نێودەوڵەتی

لە ٣۰/ ٣ / ٢۰١٧ ڕۆدریگۆ وەکوو یاریزانی نێودەوڵەتی بۆ خوار تەمەنی 17 ساڵان بانگهێشتکرا و توانی لە یەکەم دەرکەوتنیدا دژی دانیمارک گۆڵێک تۆماربکات بەڵام تیمی نێودەوڵەتی دانیمارک بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ یارییەکەیان بردەوە.
لە ٧\٣\٢٠١٨ ڕۆدریگۆ و یاریزانی یانەکەی یوری ئەلبێرتۆ هەردووکیان بانگهێشتکران بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەڕازیل بۆ خوار تەمەن بیست ساڵان، بەڵام دواتر بەهۆی داخوازی سەرۆکی یانەی لۆس سانتۆس هەردوو یاریزان دوورخرانەوە.
لە مانگی ١١ـی ٢٠١٩ ڕۆدریگۆ بۆ یەکەمجار بە بانگهێشت کرا بۆ تیمی فەرمی نێودەوڵەتی بەڕازیل.

ژیانی تایبەتی

باوکی ڕۆدریگۆ ئێریک یاریزانێکی لێهاتووی تۆپی پێ بووە کە شوێنی یاری کردنی باڵی ڕاستی بەرگریکردن بووە و لە باشترین خوولی بەڕازیلی یاری کردووە، هەروەها ئێریک پاڵنەرێکی باش بووە بۆ ڕۆدریگۆی کوڕی و وەکوو هاندانێک بووە بۆ ڕۆدریگۆ. ڕۆدریگۆ نەیمار جونیۆری بەڕازیلی وەکوو پاڵەوانی خۆی دەبینێت و لە چاوپێکەوتێکدا دەڵێت هەر لە منداڵییەوە بە لێهاتووی و تواناکانی نەیمار سەرسام بووم و هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەمان ئاستی ئەو پێشکەش بکەم.

شێوازی یاریکردن

لەگەڵ ئەوەی ڕۆدریگۆ تا ڕادەیەک باڵای کورتە، بە لێهاتووی و خێراییەکەی شوێنی گرتۆتەوە. شێوازی یاری کردنی خێرا و تێپەڕاندنی یاریزانەکان بووبو بە جێی سەرنجی یانەی ڕیاڵ مەدرید. ڕۆدریگۆ لە باڵی ڕاستی هێرشبردندا یاری دەکات بەڵام هەندێ کات وەکوو سەرەڕم دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



504 بینین