مارسێلۆ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-29-03:52:00 - کۆدی بابەت: 8832
مارسێلۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مارسێلۆ دا سیلڤا جونیۆر (بە ئینگلیزی: Marcelo Da Silva Junior, بە عەرەبی: مارسيلو دا سلفا جونيور). یاریزانی پیشەگەری باڵی چەپی بەرگریکردنی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی بەڕازیلە. لە ١٢\٥\١٩٨٨ لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەڕازیل لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەرگری باڵی چەپ دادەنرێت بە درێژایی مێژوو. مارسێلۆ توانیویتی زۆرترین ژمارەی نازناو لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید کە ٢٤ نازناوە بەدەستبهێنێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی مارسێلۆ دا سیلڤا جونیۆر
ناوی کورتکراوە مارسێلۆ
بەرواری لەدایکبوون ١٢\٥\١٩٨٨
شوێنی لەدایکبوون ڕیۆ دی جانیرۆ، بەڕازیل
باڵا ١٧٤ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن باڵی چەپی بەرگریکردن

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

فووتساڵ

مارسێلۆ یەکەمجار بە یاری تۆپی پێی فووتساڵ دەستی بە یاریکردن کرد.

پەیوەندی کردن بە ڕیاڵ مەدریدەوە

مارسێلۆ لە ساڵی ٢٠٠٧ پەیوەندی کرد بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە و سەرۆکی ئەوکاتی یانەکە دەربارەی مارسێلۆ ووتی (زۆر دڵخۆشین بەم گرێبەستە مارسێلۆ یاریزانێکی گەنجە و دەتوانێت گۆڕانکاری بۆ یانەکە دەستەبەر بکات). لە کاتی پەیوەندی کردن بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە هەندێک پێیان وابوو مارسێۆ ڕۆبەرتۆ کارلۆسی نوێ دەبێت. لە وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ لە باڵی چەپی بەرگریکردندا یاری دەکرد و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. لە وەرزی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ و کاتێک شوێنی یاریکردنی گۆڕی بۆ باڵی چەپی هێرشبردن ئاستێکی نزمی پێشکەش کرد و زیاتر لەسەر کورسی یەدەگ دەبینرا. لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ گەڕایەوە شوێنی سەرەکی خۆی و وەکوو باڵی چەپی بەرگریکردن یاری دەکرد. وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ و لەژێر دەستی ڕاهێنەری ئەوکاتی ڕیاڵ مەدرید جۆسێ مۆرینیۆ لە هەموو یارییەکاندا وەکوو یاریزانێکی سەرەکی بەژداری دەکرد لەم وەرزەدا ئاستی ڕاستەقینەی مارسێلۆ دەرکەوت و سەرەڕای ئەوەی بەرگریکار بوو بەڵام لە یارییەکاندا بەژداری هێرشەکانی دەکرد و لەگەڵیشیدا ڕۆڵی بەرگریکردنی زۆر بە باشی دەبینی. لە وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ ئاستێکی زۆر نایابی پێشکەش کرد و هەریەک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ، پاولۆ ماڵدینی و ڕۆبەرتۆ کارلۆس بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی باڵی چەپی بەرگریکردنیان لە مێژووی تۆپی پێ لەقەڵەمدا. لە وەرزەکانی ٢٠١٣-٢٠١٩ مارسێلۆ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی بەژداری یارییەکانی یانە شاهانەییەکەی دەکرد. لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ و پاشان ڕیاڵ مەدرید نازناوی لالیگای بردەوە مارسێلۆ چووە ڕیزبەندی یەکەمەوە لە ڕووی بەدەستهێنانی زۆرترین نازناو لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید، کە لەگەڵ یانەکەدا توانیویەتی ٢٤ نازناو بەدەستبهێنێت. بڕیار وایە لە دوای وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ چیتر مارسێلۆ لە یانەی ڕیاڵ مەدرید نەمێنێت.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

مارسێلۆ لە ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم یاری خۆی بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل ئەنجامدا و توانی گۆڵێک تۆماربکات. لە جامی ئۆڵۆمپییاتی ٢٠٠٨، جامی جیهانیی ٢٠١٠، جامی ئۆڵۆمپییاتی ٢٠١٢، جامی جیهانیی ٢٠١٤، جامی ئۆڵۆمپییاتی ٢٠١٦، جامی جیهانیی ٢٠١٨ و جامی کۆپا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠١٩ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی هەڵبژاردەی بەڕازیل یاری کردووە.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ کڵاریس ئاڵڤێسی خۆشەویستی هاوسەرگیرییان کردووە. لە ٢٤\٩\٢٠٠٩ کوڕی یەکەمییان لەدایکبووە و لە ١\٩\٢٠١٥ کووڕی دووەمییان لەدایکبووە. مارسێلۆ لە سەرکەوتنەکانی تۆپی پێ و لە ژیانی بە گشتی باپیری وەکوو هاندەر و پاڵنەری سەرەکی خۆی داناوە، هەروەها باپیری لە ڕووی مادییەوە یارمەتی داوە و نەیهێشتووە مارسێلۆ لە تۆپی پێ داببڕێت.

شێوازی یاریکردن

مارسێلۆ زۆربەی کات بە ڕۆبەرتۆ کارلۆسی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی بەراورد کراوە. بەهۆی خێرایی، لێسەندن و گۆڵ دروستکردنەکەیەوە بە یاریزانێکی تەواوەتی ناسراوە. زۆرکەس پێیان وایە مارسێلۆ شێوازی بەرگریکردنی گۆڕیوە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی هێرشبردندا بەژداری هێرشەکانی دەکرد و دەیتوانی گۆڵ دروست بکات یاخوود گۆڵ تۆماربکات. بە درێژایی وەرزەکانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یاریزان کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هەبووە و بەپێی ئەوەی هەردوو یاریزان لە باڵی چەپی یاریگا یارییان دەکرد یارمەتیدەری یەکتر بوون لەنێو یاریگادا. کریستیانۆ دەربارەی مارسێلۆ وتی: ئەو یەکێکە لە باشترین هاوشانەکانم و لە ڕاستید بڕوا ناکەم هیچ یاریزانێکی تر بەو شێوەیە لەگەڵم ڕێکبکەوێت و یارمەتیم بدات.


سەرچاوەکان



427 بینین