ڕەق

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-11-17:47:00 - کۆدی بابەت: 8971
ڕەق

ناوه‌ڕۆك

دۆخی ڕەقی 

دۆخی ڕەقی (بە ئینگلیزی: Solid state) یەکێکە لە چوار دۆخە سەرەکییەکەی ماددە، کە سێ دۆخەکەی تری بریتیین لە (شل و گاز و پلازما). لە ماددە ڕەقەکاندا گەردەکان لە نزیک یەکترن و کەمترین بڕی جووڵە وزەیان هەیە. ماددەی ڕەق بە توندی و ڕەقی پێکهاتەکەی و بەرگری دژی ئەو هێزەی دەخرێتە سەر ڕووکارەکەی دەناسرێتەوە. بە پێچەوانەی ماددە شلەکانەوە، ماددەی ڕەق ناڕژێت تاکوو شێوازی ئەو دەفرە وەربگرێت کە تێی دەکرێت، هەروەها وەک گازەکانیش فراوان نابێت تاکوو تەواوی قەبارەی دەفرەکە پڕ بکاتەوە. گەردیلەکانی ماددەی ڕەق لە تۆڕێکی ئەندازەیی ڕێکدا (کریستاڵی ڕەق، وەک سەهۆڵ) بەیەکەوە پەیوەستن، یان بەشێوەی ناڕێک (ڕەقی شێواوی وەک شووشەی پەنجەرە). ماددەی ڕەقەکان بە پەستانێکی کەم ناپەستێورێن، لە کاتێکدا کە گازەکان لەبەر ئەوەی گەردەکانیان لەیەکتر دوورن بەئاسانی و بە پەستانێکی کەم دەپەستێورێن.

تایبەتمەندیی ماددە ڕەقەکان

  1. ماددە ڕەقەکان بە ئاسانی ناپەستێورێن، واتە دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان لە نزیک یەکترەوە ڕیزبوون و بۆشاییەکی زۆر کەمیان لە نێواندایە.
  2. ماددە ڕەقەکان پتەون، ئەمەش لەبەر نەبوونی بۆشاییە لەنێوان دەنکۆڵە پێکهێنەرەکاندا کە وای لێکردووە پتەو و توند و بەهێز بێت.
  3. ماددە ڕەقەکان لەبەر ئەوەی دەنکۆڵە پێکهێنەرەکانیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕیزبوون، قەبارە و بارستایی و شێوەیەکی دیاریکراویان هەیە.
  4. لەبەر ئەوەی دووریی هێزی نێوانگەردیی دەنکۆڵەکان کەمە، بۆیە هێزی نێوان دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان (گەرد یان گەردیلە یان ئایۆن) زۆر بەهێزە.
  5. دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان دەتوانن تەنها لە شوێنی خۆیاندا لەرینەوە بکەن و جووڵەی سەربەستیان نییە.

جۆرەکانی دۆخی ڕەقی

بە پشت بەستن بە ڕیزبوونی دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان، ماددە ڕەقەکان دەکرێن بە دوو پۆلی سەرەکییەوە، کە بریتیین لە (ڕەقی کریستاڵی و ڕەقی شێواو)

ڕەقە کریستاڵییەکان

ڕەقە کریستاڵییەکان (بلوورییەکان) ئەوانەن کە ئەندازەیەکی نموونەییان هەیە. لە ئەم جۆرە ڕەقانەدا، دەنکۆڵەکان بەشێوەیەکی دیاریکراو لە ڕێگەی تۆڕی سێ دووریی کریستاڵی لە ڕیزبەندییەکی مەودا درێژدا ڕیزبوون. نموونەی ئەم جۆرە ڕەقانەش بریتییە لە (کلۆریدی سۆدیۆم (خوێی چێشت) و کوارتز و ئەڵماس)

تایبەتمەندیی ڕەقە کریستاڵییەکان

  • کریستاڵەکان پلەی توانەوەیەکی دیاریکراو و وردیان هەیە، هەروەها کاتێک دەگەنە پلەی گەرمیی دیاریکراو دەست بە شلبوونەوە دەکەن.
  • شێوەی ڕەقە کریستاڵییەکان دیاریکراوە و ڕیزبوونی دەنکۆڵەکانیان دیاریکراو و تایبەتە.
  • تایبەتمەندیی درزبردنیان هەیە، واتە کاتێک بە کەرەستەیەکی تیژ لەت دەکرێن، دەبن بە دوو لەتەوە و ڕووکارە نوێیەکانی هەردوو لەتەکە تەخت و سافن.
  • گەرمیی توانەوەیان دیاریکراوە (گەرمیی توانەوە (بە ئینگلیزی: heat of fusion) بریتییە لە بڕی ئەو وزەیەی کە بۆ تواندنەوەی بارستاییەکی دیاریکراو لە ماددەیەکی ڕەق لە پلەی توانەوەکەیدا پێویستە).
  • کریستاڵەکان چەندلاخوازن (بە ئینگلیزی: anisotropic) کە بە واتای ئەوە دێت تایبەتمەندییە فیزیاییەکان وەک بەرگری کارەبایی، کاتێک بە ئاڕاستەی جیاواز لە هەمان کریستاڵدا دەپێورێن بڕی جیاواز دەدەن.

جۆرەکانی ڕەقە کریستاڵییەکان

بە پشت بەستن بە سروشتی هێزە نێوانگەردییەکان یان بەندی کیمیاییەکان، ڕەقە کریستاڵییەکان دەکرێن بە چوار جۆری سەرەکییەوە کە بریتیین لە:

  1. ڕەقە گەردییەکان
  2. ڕەقە ئایۆنییەکان
  3. ڕەقە کانزاییەکان
  4. ڕەقە هاوبەشەکان

1. ڕەقە گەردییەکان

لە ڕەقە گەردییەکاندا دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان بریتیین لە گەرد. کە ئەم ڕەقانە دەکرێن بە سێ بەشەوە:

- ڕەقە بێجەمسەرە گەردییەکان: ئەم ڕەقانە لە ئەو گەرد یان گەردیلانە پێکدێن کە بەندی هاوبەشی بێجەمسەریان لەنێواندایە، ماددە ڕەقە بێجەمسەرەکان بەشێوەیەکی فیزیایی نەرمن. کارەبا ناگەیەنن و پلەی توانەوەیەکی زۆر نزمیان هەیە. نموونە بۆ ئەم جۆرە ڕەقانە: H2, Cl2, I2

- ڕەقە جەمسەردارە گەردییەکان: ئەم ڕەقانە بە بەندی هاوبەشی جەمسەردار بەیەکەوە پەیوەستن. بەشێوەیەکی فیزیایی سروشتی نەرمن و زۆربەیان لە پلەی گەرمی ژووردا شل یان گازن. کارەبا ناگەیەنن و لە ڕەقە بێجەمسەرە گەردییەکان پلەی توانەوەیەکی نزمتریان هەیە. نموونە: HCl, SO2, NH3

- ڕەقە گەردییەکانی بەندی هایدرۆجینی: ئەم ڕەقانە بەندی هاوبەشی جەمسەردار لەگەڵ گەردیلەکانی هایدرۆجین و فلۆرین و ئۆکسجین و نایترۆجین لەخۆ دەگرن. لە ئەم ماددە ڕەقانەدا گەردەکان بە بەندی بەهێزی هایدرۆجینی بەیەکەوە بەستراون. لە ڕووی سروشتی فزیاییەوە ڕەقێکی توند و بەهێزن. کارەبا ناگەیەنن. دۆخی فیزیاییان لە پلەی گەرمی ژووردا بریتییە لە شلی هەڵمیوو یان ڕەقێکی نەرم. پلەی شلبوونەوەیان نزمە. نموونە: سەهۆڵی ئاو.

2. ڕەقە ئایۆنییەکان

  • لە ڕەقە ئایۆنییەکاندا دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان بریتیین لە ئایۆنەکان. کە ئەم پێکهاتەیەش لە ئەنجامی هێز کۆڵۆمبیک لە نێوان کەتایۆن و ئەنایۆنەکاندا دروست دەبێت.
  • ئەم جۆرە ڕەقانە لە سروشتدا توند و شکۆکن.
  • ڕەقە ئایۆنییەکان لە دۆخی ڕەقیاندا نەگەیەنەرن، بەڵام کاتێک شل دەکرێنەوە لە توانای گەیاندنیان دەبێت.
  • پلەی کوڵانیان بەرزە
  • نموونە: NaCl, MgO, ZnS, CaF2

3. ڕەقە کانزاییەکان

  • ئایۆنی کانزایی پۆزەتیڤ لە دەریایەک لە ئەلیکترۆندان، ئەم ئەلیکترۆنانە بەشێوەیەکی سەربەست لەناو کریستاڵەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
  • بەهۆی بوونی ئەلیکترۆنی سەربەست و جووڵاو تیایاندا، توانایەکی بەرزی گەیاندنی کارەبا و گەرمییان هەیە.
  • لە هەردوو دۆخی ڕەقی و شلیدا توانای گەیاندنیان هەیە.
  • لەڕووی سروشتی فیزیاییەوە ئەم ڕەقانە بەهێزن، بەڵام شکۆک و کوتۆکن.
  • پلەی توانەوەیان لە ڕەقە ئایۆنییەکان بەرزترە.
  • نموونە: Fe, Cu, Ag, Mg

4. ڕەقە هاوبەشەکان یان تۆڕییەکان

  • بریتیین لە مەودایەکی فراوان لە ڕەقە کریستاڵییە ناکانزاییەکان کە بەندی هاوبەش لەنێوان گەردیلە نزیکەکانی کریستاڵدا دروست دەکەن، لە ئەنجامدا گەردێکی گەورە دروست دەبێت.
  • ئەم ڕەقانە وەک ئەڵماس بەهێز و وەک گرافیت نەرمن.
  • دەکرێت وەک نەگەیەنەربن وەک ئەڵماس، یان وەکوو گرافیت بەهۆی بوونی ئەلیکترۆنی سەربەستەوە گەیەنەربن.

ڕەقە شێواوەکان (ئەمۆرفەسەکان)

  • ڕەقە شێواوەکان (بە ئینگلیزی: Amorphous solids) بە ئەو ڕەقانە دەوترێت کە تاکوو بوارێکی دیاریکراو تایبەتمەندیی توندی و نەپەستێوراویان هەیە.
  • ئەندازەیەکی دیاریکراویان نییە.
  • نموونە: شووشە و پلاستیک و لاستیک 

تابەتمەندیی ڕەقە شێواوەکان

  • ڕەقە شێواوەکان لەسەروو مەودایەکی پلەی گەرمییەوە نەرم دەبن و لە کاتی گەرمکردنیاندا دەتوانرێت شێوەی جیاوازیان لێ دروست بکرێت.
  • ڕەقە شێواوەکان ڕەقی ناڕاستین یان شلی تەواو سادکراوەن، واتە دەتوانن زۆر بە هێواشی بجووڵێن. ئەگەر سەرنجی شووشەی پەنجەرەی باڵەخانە کۆنەکان بدەیت، ئەوا دەبینیت کە لە بەشی خوارەوە باریکترن بە بەراورد بە بەشی سەرەوەیان.
  • ڕەقە شێواوەکان شێوەیەکی ناڕێکیان هەیە. 
  • کاتێک ئەم ڕەقانە بە کەرەستەیەکی ڕەق دەبڕدرێن ئەوا پارچەکانیان ڕووکارێکی ناڕێکی هەیە.
  • لەبەر ڕیزبوونی ناڕێکی دەنکۆڵەکانیان، ڕەقە شێواوەکان گەرمیی توانەوەیان دیاری نەکراوە.


سەرچاوەکان

72 بینین