حەکیم کاکەوەیس

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-12-23:33:00 - کۆدی بابەت: 8995
حەکیم کاکەوەیس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەکیم عەبدوڵڵا کاکەوەیس ناسراو بە حەکیم کاکەوەیس (بە ئینگلیزی: Hakim Kakaways) نووسەر و وەرگێڕێکی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی حەسار لە نزیک شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە. بە شارەزایی و لێزانی لە زمانی کوردی ناسراوە و چەندین کتێبی عەرەبی و سویدی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ژیانی

حەکیم کاکەوەیس ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی حەساری نزیک شاری کەرکووک لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٧ کاتێک یەکەم قوتابخانە لە گوندی دارەمان بەدووری شەش کیلۆمەتر لە حەسار کراوەتەوە حەکیم کاکەوەیس لەو قوتابخانەیە چووەتە بەر خوێندنی سەرەتایی و هەروەها خوێندنی ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧٣ بەشی زانستی بیرکاری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی زانکۆ بووەتە پێشمەرگە تا کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول. ساڵی ١٩٧٥ لە بەغداد وەکوو فەرمانبەری پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پلاندانان دامەزراوە تا ساڵی ١٩٨٠ لەسەر ئەم کارە بووە. ماوەیەک لە زاخۆ کراوەتە سەربازی یەدەگ، دوای دەستپێکی جەنگی عێراق و ئێران، داوای لێ دەکرێت ببێتە بەعسی ئەویش داواکە ڕەت دەکاتەوە و ساڵی ١٩٨٤ خۆی دەگەیەنێتە وڵاتی سوید و لەوێ دەژی. لە ساڵی ٢٠٠٠ بەھۆی نەخۆشیی دڵ خانەنشین کراوە پاشان بەھۆی نەخۆشکەوتنی لە سوید دەگەڕێتەوە کوردستان و لە کەرکووک لە گوندی حەسار نیشتەجێ دەبێت. ژیانی دواتری بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەر بردووە. بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی دەچێتە شاری بەغداد و لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٦٩ ساڵی لە بەغداد بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.

بەرهەمەکانی

حەکیم کاکەوەیس خاوەنی ٢٨ بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە. زیاتر وەرگێڕانی لە زمانەکانی عەرەبی و سویدی بۆ کوردی کردووە. زۆربەی بەرھەمەکانی مەسعود محەمەدی کوڕی مەلای گەورەی کۆیەی بۆ کوردیی سۆرانی وەرگێڕاون. ئەمانە بەشێک لە بەرھەمە نووسراو و وەرگێڕدراوەکانی نووسەر و وەرگێڕن:

بەرهەمە نووسراوەکانی

  • تەونی جاڵجاڵۆکە
  • ئەوەی نابێ بگوەرێ دەبێ بگوەرێ
  • مەملەکەتی سەگەکان
  • نەتەوایەتی کورد و ئیسلامەتییەکەی
  • سەگەکە چوارەمیان بوو

بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی

  • شاخەکانیش دەنگیان دایەوە
  • بەردیش بەدەنگ دێ؛ منداڵی لە کەمبۆدیا ١٩٧٥ - ١٩٨٠
  • گورگی ڕووتەڵان
  • بەزمی تەگەکە
  • کۆچ ھەڵیبژاردم
  • ١٩٨٤
  • کێڵگەی ئاژەڵ
  • تاوان و سزا
  • کیمیاگەرەکە
  • کۆلارەفڕێن

وەرگێڕدراوەکانی مەسعود محەمەد

  • پەرەسترۆیکای گۆرباشۆڤ
  • دەمودووی ھزر
  • لسان الکرد
  • زمانی کورد
  • نامەکانی مەسعود محەمەد
  • ھاوسەنگکردنەوەی تەرازوویەکی سەنگەلا
  • حەجێکی تر بۆ بەردەرگای خەتێی زانا
  • کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت؟
  • بۆ گورباشۆڤی مەزن: لەگەڵ سڵاو و ھیواخوازیدا
  • بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو
  • لە پێناوی پتەوکردنی برایەتی عەرەب و کورددا


سەرچاوەکان



247 بینین