سێرجیۆ بوسکێتس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-13-21:36:00 - کۆدی بابەت: 9003
سێرجیۆ بوسکێتس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێرجیۆ بوسکێتس بورگۆس (بە ئینگلیزی: Sergio busquets Burgos بە عەرەبی: سیرجو بوسکیتس). یاریزانی پیشەگەریی ناوەندی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە. لە ١٦/٧/١٩٨٨ لە ناوچەی سابەدێڵی سەر بە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەرگری ناوەندی مێژوو دادەنرێت.

ناوی تەواوەتی سێرجیۆ بوسکێتس بورگۆس
ناوی کورتکراوە بوسکێتس
بەرواری لەدایکبوون ١٦/٧/١٩٨٨
شوێنی لەدایکبوون سابادێڵ، بەرشەلۆنە، ئیسپانیا
باڵا ١٨٩ سانیمەتر
شوێنی یاریکردن بەرگری ناوەند

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

بەپێی ئەوەی بوسکێتس لە ناوچەی سابادێڵی بەرشەلۆنە لەدایکبووە، لە منداڵیدا لە چەندین یانەی منداڵاندا یاریکردووە، بەڵام پاشان لە هەرزەکارییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە کردووە. لە سەرەتادا لە پێکهاتەی بەرشەلۆنەی هەرزەکاراندا بوو بەڵام پاشان بەژداری یارییەکانی بەرشەلۆنەی ژمارە دووی کرد. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ژمارە یەکەوە کرد و لە ١٣/٩/٢٠٠٨ یەکەم یاری فەرمی خۆی لەگەڵ یانەکەدا لە خولی ژمارە یەکی ئیسپانی (لالیگا)دا ئەنجامدا. لە دوو وەرزی سەرەتادا بوسکێتس زیاتر وەکوو یەدەگ لە پێکهاتەی بەرشەلۆنەدا دەبینرا بەڵام بە درێژای وەرزەکانی ٢٠١٠-٢٠٢٢ بوسکێتس وەکوو یاریزانێکی سەرەکی لە یارییەکانی یانەکەدا بەژداربووە. توانیویەتی چەندین نازناو لەگەڵ یانەکەدە بەدەستبهێنێت. بەپێی ئەوەی هەموو ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا بەڕێکردووە بە (پیاوی یەک یانەکە) ناسراوە و بە یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەکە لەقەڵەم دەدرێت. یۆهان کرۆیفی ئەفسانەی هۆڵەندی دەربارەی بوسکێتس وتوویەتی: تۆپ لە هەر شوێنێکی یاریگادا بێت بوسکێتس لێهاتووی خۆی پیشان دەدات، ئەگەر تۆپەکە لە قاچەکانیدا بن ئەوا بە شێوازی خۆی یاری پێ دەکات و یاری دروستدەکات و ئەگەر تۆپ لە قاچەکانیدا نەبن هەمیشە لە باشترین شوێندا وەستاوە بۆ پچڕاندنی یاریزانی بەرامبەر بۆ ئەوەی کاتێک تۆپەکەی بەدەستهێنا بتوانێت بە خێرایی هەل دروستبکات. 

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

  لە ٢٨/١٢/٢٠٠٨ بوسکێتس یەکەم یاری فەرمی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیادا ئەنجامدا. لەجامی جیهانیی ٢٠١٠ و جامی یۆرۆی ٢٠١٢ بوسکێتس وەکوو یاریزانی سەرەکی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بەژداربوو و ڕۆڵیکی سەرەکی هەبوو لە بردنەوەی نازناوەکاندا، هەروەها لە جامی جیهانیی ٢٠١٤، جامی یۆرۆی ٢٠١٦، جامی جیهانیی ٢٠١٨ و جامی یۆرۆی ٢٠٢٠ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی بەژداری یارییەکانی هەڵبژاردەکەی کردووە.

شێوازی یاریکردن

شوێنی سەرەکی یاریکردنی بوسکێتس بەرگریکاری ناوەندە بەڵام دەتوانێت لە دڵی بەرگریشدا یاری بکات. سەرەڕای ئەوەی یاریزانێکی خاوە بەڵام توانای خاوکردنەوە و خێراکردنی شێوازی یاریکردن، توانای جەستەیی، خوێندنەوەی یاریزانی بەرامبەر، هێرش پچڕاندن و زیرەکی لە یارییەکەدا وای لێ دەکەن یاریزانێکی بەرگریکاری ناوەندی تەواوەتی بێت. بەهۆی بەرزی باڵایەوە بۆ لێدانی سەر پشتی پێ دەبەسترێت. ڕاهێنەر دێل بۆسکو دەربارەی بوسکێتس وتوویەتی: ئەگەر تەواوی کاتەکە سەیری یارییەکە بکەیت ئەوا بوسکێتس نابینیت، بەڵام ئەگەر تەواوی کاتەکە سەیری بوسکێتس بکەیت یارییەکە بە تەواوەتی دەبینیت و میسیش دەربارەی بوسکێتس وتوویەتی: بوسکێتس هەمیشە یارمەتیدەری یانەکەیە لە کاتی پێوسیتدا و ئەو کاریگەرییەی پێویستە بەرز بنەخشێنرێت. بەهۆی هەموو ئەم هۆکارانەوە بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەرگری ناوەندی مێژوو دادەنرێت.

ژیانی تایبەتی

بوسکێتس لە ١٦/٧/١٩٨٨ لە ناوچەی سابادێڵ لەدایکبووە. دایکی ناوی لولی بورگۆس و باوکی ناوی کارلێسە. بەپێی ئەوەی کارلێس لە ساڵەکانی یاریکردنیدا گۆڵپارێزی یانەی بەرشەلۆنە بووە، هەر لە منداڵییەوە بوسکێتسی هانداوە بۆ بوون بە یاریزان. کارلێس یارمەتی بوسکێتسی داوە لە سەرکەوتنەکانی وەکوو یاریزانێکی لاو، هەروەها لە کاتی یاریکردنیشیدا لە یانەی بەرشەلۆنە. بوسکێتس دەربارەی باوکی وتوویەتی: باوکم هەمیشە هاندەرم بووە و هەرگیز بەوەفایی و هەوڵدانی باوکم لەیاد ناکەم. لە ساڵی ٢٠١٣ بوسکێتس لەگەڵ ئێلانا گالێرادا لە پەیوەندی خۆشەویستیدایە و بەیەکەوە خاوەنی کوڕێکن بە ناوی ئێنزۆ. بوسکێتس ئاماژەی بەوەداوە کە لەبەر هەندێک هۆکاری تایبەت نەچوونەتە پەیوەندی هاوسەرگیرییەوە.


سەرچاوەکان



362 بینین