محیەدین کوردی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-14-16:00:00 - کۆدی بابەت: 9011
محیەدین کوردی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محیەدین کوردی (بە عەرەبی: محيي الدين الكردي)، یەکێک بووە لە گەورە قورئانخوێنەکانی شام، ناوی تەواوی محیەدینی کوڕی حەسەنی کوڕی مەڕعی کوردییە ناسراوە بە ئەبوحەسەن، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، لە ساڵی ١٩١٢ لە گەڕەکێکی کۆنی شاری دیمەشقی سووریا لە خێزانێکی ئایین پەروەر لەدایکبووە، سەرەتا لە حوجرەکەی باوکی دەستی بە خوێندن کردووە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەروەردەی دروستکردوە بەتایبەت دایکی کە ئافرەتێکی زۆر ئیماندار بووە.

ئەزموونی قورئان لەبەرکردنی محیەدین کوردی

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەستیکردوە بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لەلای (عیزەدین عەرەقسوسی دیمەشقی)، سەرەڕای کارکردنی لەگەڵ باوکیدا لە قەسابخانە لەسەر کار لاپەڕەیەکی لەبەرکردووە پاشان چووە بۆ لای مامۆستاکەی بۆ ئەوەی گوێی بۆ بگرێت تاکو گەیشتە سورەتی (طه)، دواتر ناچاربوو لەگەڵ باوکیدا بۆ کارکردن بچێت بۆ عەممان، پاشان لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا گەڕایەوە بۆ دیمەشق بۆ تەواوکردنی قورئانی پیرۆز.

خوێندکارەکانی محیەدین کوردی

ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە ڕاستەوخۆ قورئانیان بە ڕیوایەتی (حفص) لەلا خوێندووە ٥٢ پیاو و ٢١ ئافرەت بوون، هەروەها ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە هەر ١۰ شێوازەکەی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزیان لەلا خوێندووە ٢٨ پیاو و ٧ ئافرەت بوون، بەشێک لە ئەو خوێندکارانەی کە ١۰ شێوازەکەی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزیان لەلای محیەدین کوردی خوێندووە:

  1. دکتۆر ئەیمەن سوەید
  2. ئەحمەد ڕاتب سوبحی عەلاوی
  3. ئوسامە کوڕی یاسین حیجازی کیلانی
  4. عەبدولڕەحمانی کوڕی محەمەد حەسەن ماردینی
  5. محەمەد نزار محیەدین کوردی (کوڕەکەی خۆی)  

ئەو مامۆستایانەی کە محیەدین کوردی لەلایان خوێندوویەتی

  1. عیزەدین عەرەقسوسی
  2. محەمەد بەرەکات ئیمامی مزگەوتی (العنابي) بووە، کە سەرەتاکانی فیقهی شافعی لەلا خوێندووە.
  3. ڕەشید شەمیس ئیمامی مزگەوتی (الحيواطية) بووە، کە بەشێک لە فیقهی حەنەفی لەلا خوێندووە.
  4. الشيخ محەمەد حوسنی بەغال ئیمامی مزگەوتی (عز الدين) بووە.
  5. عەبدولکەریم ڕەفاعی لە مزگەوتی (زيد بن ثابت)  کە زانستەکانی (الأصول والفقه والمنطق وعلم التوحيد واللغة العربية) لەلا خوێندووە.
  6. بەدرەدین حەسەنی لە مزگەوتی ئومەوی.

محیەدین کوردی بە مامۆستاکانی زۆر کاریگەر بووە، بە تایبەت بە (بەدرەدین حەسەنی) لە خاکی بوون، دەروون سافی و پاک و خاوێنی، هەروەها بە (ساڵح عەقاد) لە خۆڕاگرتن و خواپەرستی زۆر، بە شێخ (مەحموود فائیز دەیڕوعەتانی) لە هیمەت بەرزی، ئەدەب، بەردەوام بوون لە کۆششکردن بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە کات، بە (عەبدولکەریم ڕەفاعی) لە ئارامگرتن لە بانگەوازدا و گرنگیدان بە گەنجان.

ئەزموونی کارکردنی

  1. بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێش نوێژی مزگەوتی (الفاخورة) بووە.
  2. نزیکەی ٧۰ ساڵ مامۆستا و پێش نوێژ و وتاربێژی مزگەوتی (الذهبية) بووە.
  3. مامۆستای وانەی تەجویدی قورئانی پیرۆز بووە لە (الأزهر الشريف).

یەکەم کەس بووە کە سوننەتی خەتم کردنی قورئانی پیرۆزی لەناو نوێژی تەراویحی مانگی ڕەمەزاندا لە مزگەوتەکانی شاری دیمەشق زیندوو کردوەتەوە، کە لە مزگەوتی زەیدی کوڕی سابتی ئەنساری دەستیپێکردووە، کە پێشتر لە دیمەشق تەنها لە مزگەوتی ئومەوی ئەم سوننەتە بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەو ساڵە زۆر بەفراوانی بڵاوبوویەوە، بە شێوەیەک زۆربەی مزگەوتەکانی دیمەشق و دەوروبەری و تەنانەت پارێزگاکانی تری سووریای گرتەوە.

محیەدین کوردی ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەبووە لە هاندان و پاڵپشتیکردنی ئافرەتان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە دیمەشق، شاراوە نییە کە ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەروەردە و پاراستنی خێزانی مسوڵماندا، کە ئەگەر باشبن هەموو کۆمەڵگەش باش دەبن، بەم شێوەیە محیەدین کوردی گرنگی زۆری داوە بە چاککردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئافرەتانەوە.

کۆچی دوایی

لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا و لە دوای نوێژی مەغریبی ڕۆژی هەینی (٧ ئابی ٢۰۰٩) لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە، لە ڕۆژی دواتر لە دوای نوێژی عەسر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر نوێژخوێن لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق نوێژی لەسەر کراوە و لە باخچەی زانایان لە گۆڕستانی (الباب الصغير) نێژراوە.


سەرچاوەکان



270 بینین