سەرئێشەی پێش سووڕی مانگانە لە خانماندا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-19-15:36:00 - کۆدی بابەت: 13196
سەرئێشەی پێش سووڕی مانگانە لە خانماندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەرئێشەی پێش سووڕی مانگانە لە خانماندا (بە ئینگلیزی: women's headache before period، بە عەرەبی: الصداع عند النساء قبل الدورة الشهرییة)، یەکێک لە کۆنیشانەکانی سووڕی مانگانە هەبوونی سەرئێشەیە، بەم ئازارە دەوترێت سەرئێشەی پەیوەندیدار بە هۆڕمۆنەوە، یاخود هەندێکجاریش پێی دەوترێت سەرئێشەی سووڕی مانگانە، هۆکاری سەرئێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن لە جەستەی خانمەکەدا.

دەکرێت لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە هۆڕمۆنییەوە کاریگەری لەسەر سیرۆتۆنین و دەمارە گوێزەرەوەکانی تری مێشک دروستببێت، لە دواتردا کەسەکە توشی سەرئێشە دەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئازارەکە زۆر تووندبوو بە ئاسانی چارەسەرنەکرا، ئەوا باشترە کەسی تووشبوو دڵنیابێتەوە لە ئەوەی کە ئاخۆ تووشی ئازاری لا سەرئێشە نەبووە، بۆ دڵنیابوونەوەش لە ئەو نەخۆشییە کۆمەڵێک نیشانەی تایبەت بە خۆی هەیە و پێویستی بە چاودێری و سەرنجدانە.

هۆکاری دروستبوون

هەبوونی سەرئێشە لە پێش سووڕی مانگانە دوو کۆمەڵە هۆکاری سەرەکی هەیە کە بریتین لە هۆڕمۆنەکان و سیرۆتۆنین:

  • هۆڕمۆنەکان: لە پێش سووڕی مانگانەدا ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن دادەبەزێت، ئەم دابەزینەش دەبێتە هۆکاری سەرئێشەکە، گۆڕان و نزمبوونەوەی هۆڕمۆنەکان لە هەموو ئەو خانمانەی کە سووڕی مانگانەیان هەیە ڕوودەدات، بەڵام جەستەی هەندێکیان زیاتر هەستیارە و دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرئێشە، لە کاتێکدا جەستەی ئەوانی تر کە بەوڕادەیە هەستیار نین تووشی سەرئێشەنابن.
  • سیرۆتۆنین: یەکێکی تر لە هۆکارەکانی سەرئێشە نزمبوونەوەی ڕێژەی سیرۆتۆنینە لە مێشکدا، بە هۆیەوە لوولەکانی خوێن کرژدەبن و دەچنەوە یەک پاشانیش دەبنە هۆی سەرئێشە، لە پێش سووڕی مانگانەشدا لەگەڵ نزمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە مێشکیشدا سیرۆتۆنین دادەبەزێت، لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی سەرئێشەدەبێت.

ڕێگریکردن لە تووشبوون

ئەوکەسانەی بە بەردەوامی و پێش سووڕی مانگانە سەرئێشەیان هەیە، باشتر وایە کۆمەڵێک ڕێگا بگرنەبەر بۆئەوەی ڕێگری بکەن لە تووشبوونی هەموو مانگێک، وەک ئەم ڕێگایانە:

  • چالاکی جەستەیی: ئەنجامدانی وەرزش هەفتانە ٣-٤ جار و هەرجارێک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، دەبێتە هۆی دەردانی ئیندۆرفین و لە ئەنجامدا بەرزکردنەوەی ڕێژەی سیرۆتۆنین.
  • دەرمان: ئەگەر هەموو جارێک بە نزیکەیی لە هەمان کاتدا سەرئێشەکە ڕوودەدات باشترە دوو ڕۆژ پێش ئەوە دەرمانی ڕێگریکەر بەکاربهێنرێت.
  • گۆڕانکاری لە خواردن: کەمکردنەوەی شەکر، خوێ و چەوری لە نزیک کاتی سووڕی مانگانە دەکرێت هۆکارێکبێت بۆ کەمکردنەوەی سەرئێشە.
  • خەوتن: خەوتنی شەوانەی ٧-٩ کاتژمێر و بە شێوەیەکی ڕێکخراو، واتە بە گشتی لە هەمان کاتدا شەوانە بخەوێت.
  • جڵەوکردنی فشار: ئەگەر کەسێک فشار و دڵەڕاوکێی هەبێت ئەوا سەرئێشەی بەئاسانی تووشدەبێت.

ئەو کەسانەی کە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە

  • خانمانی تەمەن ١٨-٢٩ ساڵ.
  • هەبوونی سەرئێشەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی هۆرمۆنەکان بە شێوەی خێزانی و بۆماوەیی.
  • گەشتن بە قۆناغەکانی نائومێدی و نەمانی سووڕی مانگانە.

چارەسەرکردن

  • بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن.
  • بەکارهێنانی سەهۆڵ و پارچەی سارد بۆ نەهێشتنی سەرئێشە.
  • پشوودان و ئەنجامدانی تەکنیکەکانی هێورکردنەوە.
  • دەرزی ئاژنین.


سەرچاوەکان



196 بینین