گوڵی چاو و برۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-13-12:51:00 - کۆدی بابەت: 9814
گوڵی چاو و برۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاو و برۆ (بە عەرەبی: نبات اليهودي التائه یان نبات المکحلة، بە ئینگلیزی: wandering jew or Inchplant، ناوی زانستی: Tradescantia zebrine)، یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە چەندین جۆری جیاوازی هەیە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای ناوەڕاست و مەکسیک لەگەڵ کۆڵۆمبیا دەگرێتەوە، کە دواتر بۆ وڵاتە جیاوازەکانی تریش گوازراوەتەوە، بەگوێرەی جێگەکانی ژمارەیەکی زۆر ناوی باوی جیاوازی هەیە، ناوە ئینگلیزییەکەی بە واتای گەشەکردنی خێرا دێت، کە لە ڕاستیدا ئەم گوڵە تەنها کەمێک گرنگیپێدانی هەبێت زۆر بە خێرایی گەشەدەکات.

چاو و برۆ لە زۆرینەی ماڵەکاندا گرنگی پێدەدرێت، چونکە شێوەیەکی جوانی هەیە و زۆر بەهێزە، بەگشتی دەخرێتە گۆزەیەکی هەڵواسراوەوە چونکە لقەکانی زۆر درێژ دەبن، بۆ ئەوەی شۆڕببنەوە و جوانییەکەیان دەرکەوێت، هەروەها یەکێکە لە ئەو گوڵە نایابانەی کە لەگەڵ دیکۆر و نەخشی ناو ماڵدا دەگونجێت و کێشە دروستناکات، چونکە جۆری ڕەنگ جیاوازی هەیە و دەتوانرێت بەگوێرەی ڕەنگی ناوماڵ جۆری گوڵەکە داوابکرێت، بەڵام یەکێک لە خراپییەکانی ئەوەیە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە و زۆربوونی بێچووی جاڵجاڵۆکەی سوور.

شێوە و پێکهاتەی

هەموو جۆرەکانی چاو و برۆ ڕووکەشێکی درەوشاوەیان هەیە لەگەڵ بەشی ژێرەوەی ڕەنگ مۆر، بەشی سەرەوە دەکرێت هێڵی مۆر، زیوی، پەمەیی، سپی، کرێمی یان سەوزی تێدابێت، بەڵام بەشی ژێرەوەیان بەگشتی مۆرە، هەروەها کاتێک تەمەنی گەڵاکانی گەورەدەبێت ئەوا زەرد دەبن و دەوەرن، هەرچەندە خەڵکی زیاتر ئارەزووی گەڵاکانی دەکەن بەڵام چاو و برۆ گوڵیش دەگرێت، کە گوڵێکی بچووکی پەمەیی یاخود مۆرە، کاتی دەرکەوتنیشی لە کۆتایی بەهار یان سەرەتای هاویندایە.

لەنێو گەڵا و قەدەکانیدا ئاونگ و شیرێکی سروشتی هەیە، بۆ مرۆڤ و گیانەوەری وەک پشیلەکانیش بێ زیانە، بەڵام ئەگەر کەسێک هەستیاری هەبێت و بەتایبەتی ئەوانەی کێشەی پێستیان هەیە، باشترە دەستیان بشۆن دوای هەر بەرکەوتنێک یاخود دەستکێش بەکاربهێنن، درێژی ئەم گوڵە دەگاتە ١.٨ مەتر بەڵام ناتوانێت لە ١٥ سانتیمەتر زیاتر بەرزبێتەوە، واتە دەبێت لە جێگەیەکدابێت کە بتوانێت شۆڕببێتەوە و نەشکێتەوە.

سوودەکانی

  • سوودی تەندروستی هەیە بۆ نموونە دژە ئۆکسێنی تێدایە کە دەبێتە هۆی هاوکاریکردنی جەستە لە دژی هەوکردن.
  • لە چەندین وڵاتی جیاوازدا بەکاردێت وەک دەرمانێکی سروشتی کولتووری، بۆ نموونە وەک چا دەخورێتەوە و باوەڕیان وایە کە چارەسەری چەندین نەخۆشی جیاواز دەکات، وەکوو هەڵامەت، ناڕێکی لێدانی دڵ، پەستانی خوێن، سیل و چەندین نەخۆشی بەکتریایی تر.
  • جوانییەکی زۆر هەیە و لە باخچە و ناوماڵەکاندا دادەنرێت.
  • دەبێتە هۆی خاوێنکردنەوەی هەوا، بەسوودە بۆ خەوتنێکی ئارام یاخود ئەو کەسانەی هەستیاری و تەنگەنەفەسییان هەیە.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

زۆربوونی ئەم گوڵە بە چاندنی قەدەکانی دەبێت، هەر قەدێکی دەکرێت ببێت بە بنجی چەند قەدێکی نوێ، واتە بەشێکی قەدەکەی دەبڕدرێت و دەخرێتە خاکەوە، دواتر گەورە دەبێت و گەشە دەکات، پێویست ناکات قەدەکە وشکبکرێتەوە یاخود بخرێتە ئاوەوە هەتاکوو ڕەگ بکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەخرێتە خاکەوە، بەڵام دەبێت گەڵاکانی خوارەوەی لێبکرێتەوە و نەچێتە خاکەکەوە چونکە دەبنە هۆی شکستهێنانی قەدەکە و گەشە ناکات، بۆ زۆربوون نزیکەی تەنها سێ سانتیمەتر لە قەدی ئەم گوڵە دەتوانێت چەکەرەبکات و زیاد بکات، پاشان هەموو هەفتەیەک دەتوانێت ٢،٥ سانتیمەتر زیادبکات، هەروەها لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا بەتەواوەتی گەشە دەکات، واتە گەشەیەکی زۆر خێرای هەیە، کە ئەگەر ئەم گوڵە لە دەرەوە بچێنرێت و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ئەوا لەناوبردنی زۆر قورس دەبێت چونکە هەتاکوو چەند سانتیمەترێکی بمێنێت چەکەرە دەکاتەوە. 

لە کاتی چاندنی لە ئینجانەدا باشترە کە لقەکان لە نزیک لێواری ئینجانەکەوە بن، کە تێیدا جێگەکەی گەرمترە و ڕەگەکەی خێراتر گەشە دەکات، گوڵی چاو و برۆ پێویستی زۆری بە تیشکی خۆر هەیە هەتاکوو ڕەنگی گەڵاکانی وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە ئەگەر ڕووناکی خۆری پێویستی نەبێت ئەوا ئەو ڕەنگانە دەگۆڕێن و تێکدەچن، بەڵام ڕووناکی خۆری زۆریشی هەبێت ئەوا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سووتاندنی گەڵاکان، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا لە دەرەوە بێت ئەوا دەکرێت بەتەواوەتی لەناوبچێت، واتە گوڵەکە لە کەشێکی مامناوەنددا دەژی، کە ژوورەوە گونجاوە و تووشی لەناوچوونی ناکات.

هەروەها گوڵی چاو و برۆ ئاو پێدانێکی زۆری ناوێت، تەنانەت هەندێکجار دەتوانێت بەرگەی وشکی و کەمئاوییەکی کەمیش بگرێت، بۆ گەشەکردنێکی تەندروست باشترە کە بە درێژایی هاوین بە ڕێکی ئاو بدرێت و خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە، دواتر لە زستاندا دەبێت ئاودانی کەمبکرێتەوە، چونکە گەشەکردنی دەوەستێت یاخود زۆر هێواشە و لە ئەنجامدا پێویستی بە ئاو نابێت.

پێدانی خۆراک بە خاکەکەی بە گوێرەی بۆچوونی خەڵکی جیاواز هەندێک دەڵێن پێویستە بە چڕی خۆراکی بۆ زیادبکرێت، هەندێکی تریش دەڵێن تەنها ئاوی پێویستە، باشترین بۆچوونیش ئەوەیە کە ساڵانە تەنها ١-٢ جار خۆراک بۆ خاکەکەی زیادبکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی گەڵاکانی بۆ سەوز، گوڵی چاو و برۆ دەتوانێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە هەمان گۆزەدا گەشەبکات، بەڵام دەکرێت خاک و گۆزەکەی بۆ بگۆڕدرێت هەتاکوو مەوداوی زۆرتر بۆ ڕەگەکەی بڕەخسێت.


سەرچاوەکان



650 بینین