هەتا مابم له دونیا - ئەفزاری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-15-17:49:00 - کۆدی بابەت: 9025
هەتا مابم له دونیا - ئەفزاری

ناوه‌ڕۆك

هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود

شاعیر: مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری

بەرهەم: دیوانی شیعر

هۆنراوە: هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود

هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود
ئەسیری بسکی تاتاتم دەناڵێنم له نێو داوت

سەدان شێخ و مەلا و سۆفی فریوی جوانی توێان خوارد
هەزار عاشق دەبەن کڕنۆش له حاندی دوو برۆ و چاوت

پسا بەندی دڵی شاعیر، موداوای هەر به تۆ دەکرێ
بده پێم تاڵێ له زولفی وەکوو ئاوریشمی خاوت

عەزیزم کوشتەی تیغی دوو ئەبرۆت نایەنه ئەژمار
کەچی پێکای دڵ و جەرگی منیش تیری له ناکاوت

نەمامی عەرعەری باڵات تەنافی پەلکتی پێوه
دەخنکێنی ئەوی جارێ به چاوان دیتبی چاوت

له چاوی پیس به دوور بی ئەی نموونەی جوانی پیرانشار
خوداوند خوێ بپارێزێ له ئافەت ئەو قەدی لاوت

دوو لێوت هەر وەکوو خونچەی بەهاری تازه پشکووتون
نەکەی مانعی حافزی بی له ماچی تۆ سەری باوت

نەبوو پەروا له بەخشینی دل و گیانم به خەندێکت
کەچی نەمدی ئەتۆ ڕەحمێک بکەی بەو دیلی داماوت

له من گەر خۆ بپارێزی دەبی دەینم وه مل بگری
بەزێکت بی به دڵداری هەژار و کوێر و فەوتاوت

بەڕەحمەت بێ نەما هێمن بنووسی وەسفی بالاکەت
منی کوێر کەی شیاوی وەم بکەم باسی دەم و چاوت

له خاڵی لێو و کوڵمانت به کوێری چۆن بکەم تاریف
ئەوه هەر کاری هێمن بوو نەکەوته داو و بەر ڕاوت

ئەگەر خەڵکی بڵێن ئەفزار ئەدی چۆنه ئەتۆ ماوی
دەڵێم نەمدیتووه باڵات فەقەت گوێم لێ بووه ناوت

ئەوین و زەوقی دانشفەر[١] منی هان دا بڵێم شێعرێ
بەوەسفی خاڵ و ڕوخسار و قەدی ڕێکی خوداداوت

١. دانشفەر: مەبەستی حەسەن دانشفەر، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی پیرانشارییە ئێستا لە هەولێر دادەنیشی.


سەرچاوەکان



204 بینین