تۆپەکەی وەستا ڕەجەب

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-18-00:24:00 - کۆدی بابەت: 9064
تۆپەکەی وەستا ڕەجەب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

تۆپەکەی وەستا ڕەجەب (بە عەرەبی: مدفع الأسطة رجب، بە ئینگلیزی:  The Cannon of Wasta Rajab) چەکێکی بەرگری بوو لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی میر محەمەد پاشای گەورەی میرنشینی سۆراندا لەلایەن وەستا ڕەجەب لە ڕەواندز دروستکرا، تۆپەکانی وەک چەکی سەرەکی لە شەڕەکاندا بەکارهاتووە.

دەربارەی تۆپەکان

ڕەواندز لە سەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەد ناسراو بە پاشای كۆرە، خاوەنی كارگەی چەك و جبەخانە و خەنجەر بووە، هەر لەم کارگەیەدا دراو و شمشێر و کەل و پەلی ناوماڵ و ڕاکێشانی سکەی دراوی لێ دروست دەکرا، ئەمەش وەك چەكی بەرگری لە میرنشینەكەی كە تەمەنی فەرمانڕەوایی میرنشینەكەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە. لە ساڵی ١٨١٣ كاتێك میر محەمەد دەبێتە میری میرنشینی سۆران شارەزایەكی بواری ئاسنگەری بەناوی وەستا ڕەجەب دەنێرێتە وڵاتی فەڕەنسا بۆ فێربوونی دروستكردنی چەك، وەستا ڕەجەب فێری دروستكردنی تۆپ دەبێت كە لە دواجاردا ئەم تۆپانە وەك چەكی سەرەكی لەشەڕەكاندا بەكارهاتووە. وەستا ڕەجەب دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨١٣ دەچێتە فەڕەنسا و دەگەڕێتەوە، تۆپی دوور هاوێژ دروستدەکات، بەم هۆیەشەوە میرنشینی سۆران لە ڕیزی  میرنشینە بەهێزەكاندا بووە لە چەكی قورس و خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ تۆپی دەستی وەستا ڕەجەب بووە. دوای ڕوخاندنی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی عوسمانییەکان، تۆپەكانی وەستا ڕەجەب لەناو دەبرێن و فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری خەرەندی ڕەواندز، مێژووناسان لەم ڕووەوە دەڵێن "لەبەرئەوە تۆپەكان فڕێدراونەتە ناو ڕووباری خەرەند بۆ ئەوەی هێزەکانی ڕکابەری عوسمانییەکان سودی لێنەبینن، هەروەها دەوترێت ڕووسەكان خۆیان تۆپەكانیان بردووەتەوە بۆ ئەوەی ئینگلیزەكان و هاوپەیمانەكانیان عوسمانیەكان وا هەست نەكەن كە ڕووسەكان هاوكاری میرنشینی سۆرانیان كردووە". دوای هاتنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی ١٩٢٣ وەک یەكەم قائیمقامی شارۆچكەی ڕەواندز هەوڵی داوە تۆپەكان بدۆزێتەوە بەڵام تەنها سێ دانەیانی بۆ دۆزراوەتەوە، لە ڕەواندز و هەولێر و کۆیە پارێزراون.

بەکارهێنانی 

مەلا و مزگەوتەکانیش لە دوای دۆزینەوەی تۆپەکان، خەڵكی ڕەواندز لە مانگی ڕەمەزاندا بەكاریانهێناوە بۆ بەربانگ و هەروەها كاتی جەژنەكانانیش بەکارهێنراوە، تۆپەکەی وەستا ڕەجەب تا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش وەک نەریتێک بۆ بەربانگ بەکارهێنراوە. ساڵح محەمەد كەسایەتییەکی ڕەواندزە و یەكێكە لەو كەسانەی كە لە ساڵانی شەستەكان لەگەڵ ئەو كەسانە بەشدار بووە كە تۆپەكەیان لەمانگی ڕەمەزاندا تەقاندووە و دەڵێت "هەموو ئێوارانی مانگی ڕەمەزان هەموو كەسێك دەهاتە لای تۆپەكەی وەستا ڕەجەب، هەركەسێك پارچە قوماش و جل و بەرگی كۆنیان دەهێنا و لەگەڵ بارووت دەیانخستە ناو لولەی تۆپەكە، لەگەڵ ڕۆژئاوابوون ڕاستەوخۆ دوای ئەوە مەلای مزگەوت بانگی دەدا دەیان تەقاند و دەبوە بەربانگ کردنەوە".


سەرچاوەکان



1218 بینین