ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-25-20:50:00 - کۆدی بابەت: 9164
ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئالوودەبوون بە خۆشەویستی (بە ئینگلیزی: Love addiction) بریتییە لە بارودۆخێک کە بە هۆیەوە مرۆڤ پەرەدەدات بە ئارەزوویەکی خولیایی ناتەندروستی خۆشەویستی بەرانبەر بە کەسێک، کەوتنە ناو داوی خۆشەویستییەوە یەکێکە لە هەستە جوانەکان کە شایەنی ئەوەیە هەموو کاسێک ئەزموونی بکات، هەبوونی کەسێک کە خۆشت بوێت و خۆشی بوێیت ئەو شتەیە کە هەموو کەسێک لە پێناویدا تێدەکۆشێت، بەڵام هەندێک جار ئەم خۆشەویستییە دەکرێت بە شێوەیەکی ناتەدروست دەرببڕدرێت بۆ کەسی بەرانبەر، هەندێک جار ئەم خۆشەویستییە وا لە خەڵکی دەکات کە بە شێوەیەکی نامۆ و بەبێ بیرکردنەوە ڕەفتار بکەن و دواتر ئەم ڕەفتارە بە زیان بەسەر خۆیان و ئەو کەسەی خۆشیان دەوێت بشکێتەوە، بەڵام کەسێکی ئالوودە بە خۆشەویستییەوە هەمیشە ئەو شێوازە ڕەفتارە وەک گژنێیەک دەبینێت تاکوو پەرە بە خۆشەویستییەکەی بدات و لەتیاچوون بیپارێزێت، هەرچەندە ئەم جۆرە ئالوودەبوونە زیاتر لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان دوو کەسدا ڕوودەدات (کچ و کوڕ)، بەڵام دەکرێت ئالوودەبوون بە خۆشەویستی لە شێوە جیاوازەکانی تری پەیوەندییەکاندا ڕووبدات بۆ نموونە وەک پەیوەندی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی منداڵ بەرانبەر دایک و باوکی و چەندانی تر. کاتێک خەڵکی تووشی ئەم ئالوودەبوونی خۆشەویستییە دەبن، هەمیشە بیرکردنەوەیەکی ناڕاستی و تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ خۆشەویستی هەیە، لە کاتێکیشدا کە بەیەک ناگەن تەنها زیان بە خۆیان دەگەیەنن و بارودۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات، هەروەها هەندێک کات توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە و پەنا دەبەنە بەر کۆنتڕۆڵکردنی یەکتر. وەک هەر جۆرێکی تری ئالوودەبوون، کەسێکی ئالوودەبوو بە خۆشەویستییەوە دەکرێت هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوت ئەنجامبدات کە لە دەرەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی خۆیانەوەیە و ناتوانن بەسەر هەستەکانیاندا زاڵبن، بەڵام لە کۆتاییدا هەرچۆنێک بێت بە چارەسەر و چاودێرییەکی گونجاو دەتوانن ڕەفتار و هەڵسوکەوتە ناتەندروستەکانیان بەرانبەر بە خۆشویستنی کەسێک بگۆڕن و فێربن چۆن پەیوەندییەکی تەندروست و خۆشەویستییەکی دروست بکەن.

نیشانەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

نیشانەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر کەمێک جیاوازی هەیە، بەڵام باوترین نیشانەی ناسراوی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی ئەوەیە کە وات لێدەکات هەندێک کار ئەنجام بدەیت کە خووت پێوە گرتووە و ناتوانیت وازی لێبێبیت بۆ نموونە وەک ئەنجامدانی پەیوەندییەکی لەڕادەبەدەر بۆ ئەو کەسە و بێزارکردنی یان چاودێریکردنی کەسەکە. هەندێکی تر لەو نیشانانەی کە ئالوودەبوون بە خۆشەویستی دەردەخات بریتین لە:

• هەستکردن بە ونبوون و پەرتەوازەیی کاتێک خۆشەویستەکەت جێتدەهێڵێت.
• بەتەواوی پشت بە خۆشەویستەکەت دەبەستیت بۆ دڵخۆشکردنت.
• پەیوەندییە خۆشەویستییەکەت لە پێش هەموو پەیوەندییەکانی تری ژیانت دادەنێیت، هەندێک جار دەگاتە ڕادەی فەرامۆشکردنی پەیوەندییە خێزانی و هاوڕێیەتییەکانت.
• هەستکردن بە خەمۆکی و بێتاقەتی کاتێک دەزانیت پەیوەندییە خۆشەوسیتییەکەت لە خاڵێکدا وەستاوە و بەرەوپێشەوە ناڕوات.
• بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەیت کە پەیوەندییەکی خۆشەویستی ڕۆمانسییانە دروست بکەیت سەرەڕای ئەوەی کە دەزانیت ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت شیاوی تۆ نییە.
• هەستکردن بە نائومێدی کاتێک دەبینیت ئەو کەسەی تۆ هەڵتبژاردووە هەمان هەوڵ و تێکۆشانت بۆنادات کە تۆ بۆ ئەوی دەکەیت.
• هەستکردن بەوەی جێهێشتن و جیابوونەوە لەو کەسە کارێکی زۆر ئەستەمە.
• هەستکردن بە لاوازبوونی توانای بڕیاردارن بەرانبەر بەو کەسەی لە پەیوەندیدایت لەگەڵی.
• لەڕادەبەدەر بیرکردنەوە لەو کەسە.

چەندین نیشانەی تر هەن کە ئاماژەن بۆ ئالوودەبوون بە خۆشەویستی، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی نیشانەکانی ئەم بارودۆخە زۆر فراوان و جیاوازن، هەروەها ئەو شێوازەی کە کەسێک هەڵیدەبژێرێت بۆ دەربڕینی هەستەکانی خۆی، دەبێت بە ڕەنگدانەوەی نیشانەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی.


سەرچاوەکان



857 بینین