پەری شیعر - جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-27-16:18:00 - کۆدی بابەت: 9193
پەری شیعر - جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

پەری شیعر

شاعیر: جەلال مەلەکشا

بەرهەم: شیعرەکان

هۆنراوە: پەری شیعر

بارانێکی لێڵ دەبارێ
لەبەر دەرکەی هەڵبەستێکا راوەستاوم
دڵم پڕيه له هەنسک و
چاوم تەژی پرمەی گريان
پەری!
دەرکەم لێ كەرەوە
خەم خەريكه دڵم ئەخوات، پێدەكەنی
هاكا له بەر دەركەكەتا
سينگی شەق بێ گوڵ خەندەران!
پەری؛
دەرکەم لێ كەرەوە
دڵم تەنگه دەخيلت بم
گۆری بێدەنگی تاريكه
وەرە له ناو باخچەی دڵما بچريكێنه
به بێ قام و حەيران دەمرم!
هاوار نەكەم ئەم ئازاره دەمخنكێنێ
پەری!
وەک هەور بگرمێنه
سينگه شەقارەكەم تەڕ كه
سۆزی دڵم دامركێنه
پەری!
ئيمشەو دا نەباریي ئاگر ئەگرم
تۆ خوا پەری! لێم مەتوره
بۆ تۆ پشتم له دنيا كرد
بووم به شاعير، خۆم ريسوا كرد
ئەمزانی تۆ تۆفانێکی بێ ئامانی
دەريايەكه بێ بەنده ر و خرۆشانی
من ئەمزانێ هەزاران دڵ
له تەنورەی تۆفانی تۆدا خنكاوه
من ئەمزانی تو ئاگری
گیانی هەزاران پەپووله
بۆ گەیشتن به سەرچاوکەی تیشکی رووخسارت سووتاوه!
بەڵام هاتم
خۆشەویستی تۆم کرده رێی هات ونەهات
وەک شەپۆلێکی نائارام
رووم کرده بەحری کارەسات
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوه
بارانێکی لێڵ دەباری
ئیمشەو هاتووم.... .
خەمەکانم له باوشتا بتوێنمەوه
تەمەنێکه رێگا دەبڕم
کەوشی پۆڵام داڕزاوه
گوچانی ئاسنم شکاوه
توێشەم خاڵی، رۆحم تەنیا
خۆم غەریب و دڵم هێلانەی باڵندەی
هەزار ئاواتی سووتاوه!
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوه
ئەوناقم کرد!
رۆحم وێنەی چولەکەی بەر لێزمەی باران هەڵدەلەرزێ
له بەر دەرکەی ماڵەکەتا راوەستاوم
بارانێکی لێڵ دەبارێ
شەو درەنگه! دڵ خاوێره
رۆحی تەنیام به شەپۆلی خۆت بسپێره
وەره بۆ ناو هەستی ئاڵۆز و شێواوم
ئەی فریشته، ئەی شیعری جوانی دڵداری!
ئیمشەو هاتووم
به هاواری خوێن و فرمێسک بتهۆنمەوه
ئەی دوایین نرکەی رزگاری!


سەرچاوەکان



328 بینین