کوردستانم بۆ بێنەوه - جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-30-18:59:00 - کۆدی بابەت: 9232
کوردستانم بۆ بێنەوه - جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

کوردستانم بۆ بێنەوه

شاعیر: جەلال مەلەکشا

بەرهەم: شیعرەکان

هۆنراوە: کوردستانم بۆ بێنەوه

که خۆم ناسی
وتم: دایه ئەمن کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار کام وڵاتی سەر زەویم؟
وتی رۆڵه:
تۆ کوردی و دیل و هەژاری
نیشتیمانت کوردستانه
به لام ناوی نیشتیمانت له سەر نەخشەی
جوگرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه
وتم: دایە باوکم کوانێ؟
بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟
بە کام تاوان من هەتیوم؟
وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند
تفەنگی مافی کردە شان
ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بە سەر لێوی خاکا پژاند
وتم: دایە ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک
وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە
وتم: دایە ئەی من چ بکەم
هەستا سەر پێ
تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم
وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە
دەست و پێی زەنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ
دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسووڕمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە


سەرچاوەکان



322 بینین