ناوهڕۆك
سەرەتا
شێوازی دروستکردنی قورمەسەبزی (بە ئینگلیزی: How to cook Ghormeh sabzi)، (بە فارسی: طرز تهیە قرمە سبزی), خۆرشت سەوزی کە یەکێکە لە شلە ئێرانییەکان و خواردنێکی بەناوبانگی ئێرانە، وەکوو هەموو خواردنێکی تر شێوازی دروستکردنی خۆی هەیە، پاش ئامادەبوونی لەگەڵ برنج پێشکەش دەکرێت، بۆ ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە.
کەرەستەکانی
سەوزەی خۆرشتەکە سەوزەکانی پێکهاتووە لە کەوەر، کەرەوز، گژنیژ و شمڵی، دەتوانن لەماڵەوە سەوزەکە ئامادە بکەن، ئەگەر نەشکرێت سەوزەی ئامادەکراو و تایبەت بە خۆرشت سەوزی هەیە، دەتوانن بیکڕن، بۆ ئامادەکردنی ژەمێکی پێنج کەسی ٨٠٠ گرام سەوزە پێویستە.
- گۆشتی سوور
- لۆبیای سوور یان فاسۆلیای سوور
- پیاز یەک دانە
- خوێ، بیبەری ڕەش و زەردەچەوە بەپێی پێویست
- لیمۆ بەسڕایی (٤-٥)
- ڕۆن
شێوازی ئامادەکردنی
- سەرەتا لۆبیاکە لە مەنجەڵێکدا بەجیا دەکوڵێنرێت، دواتر ئاوەکەی دەڕێژرێت
- پاشان پیازەکە ورد دەکرێت، بەشێوەی زۆر بچووک، ئەگەریش حەز نەکەن پیازەکە بە خواردنەکەوە دیار بێت دەتوانن لە ڕەندەی بدەن
- پیازەکە لەگەڵ کەمێک ڕۆن تێکەڵ دەکرێت، تاکوو ڕەنگی دەگۆڕێت، پاشان گۆشتەکەی بۆ زیاد دەکرێت
- دوای ئەوەی ڕەنگی گۆشتەکەش گۆڕا، دوای خولەکێک بەهارەتەکانی بۆ زیاد دەکرێت (زەردەچەوە و بیبەری ڕەش)
کەمێک درەنگتر خوێکەی بۆ زیاد دەکرێت. - ئاویان بۆ زیاد دەکرێت و ئاگرەکەی بۆ زیاد دەکرێت، تاکوو گۆشتەکە نیوە کوڵاو دەبێت.
- لۆبیاکەی بۆ زیاد دەکرێت.
- بۆ ئامادەکردنی سەوزەکە، سەوزەکە دەکرێتە تاوەیەکەوە و ڕۆنی تێ دەکرێت، هیچ کات سەرەتا هەموو ڕۆنەکە مەکەمە تاوەکەوە، لەبەر ئەوەی سەوزەکە هەمووی هەڵدەمژێت، دەبێت لەگەڵ سووربوونەوەی کەم کەم ڕۆنی بۆ زیاد بکرێت.
- خوێی بۆزیاد دەکرێت.
- بۆماوەی ١٥ خولەک سەوزەکە تێکەڵ دەکەرێت تا بەجوانی سوور ببێتەوە و ڕەنگی تۆخ ببێت.
- دواتر سەوزەکەش بۆ مەنجەڵی گۆشت و لۆبیاکە زیاد دەکرێت.
- لیمۆ بەسڕاییەکان چەند کونێکی تێ دەکرێت تا تامەکەی بڵاو ببێتەوە، ئەگەر لیمۆ بەسڕاییەکان تاڵ بم ئەوا تامی شلەکە تاڵ دەکەن، دەکرێت لیمۆ بەسڕاییەکان ورد بکرێن و ناوکەکانیان دەربکرێت، بۆ سەر شلەکە زیاد دەکرێن.
- بەپێی پێویست ئاوی بۆ زیاد دەکرێت و ئاگرەکەی کز دەکرێت تاکوو بەجوانی دەکوڵێت.
سەرچاوەکان
1040 بینین