سیڕەمی خوێن

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-08-23:53:00 - کۆدی بابەت: 9334
سیڕەمی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سیڕەمی خوێن (بە عەرەبی: سیروم، بە ئینگلیزی: Serum) ئەو پێکهاتە شلەیەی خوێنە کە بەشداری لە کردەی مەیاندنی خوێندا ناکات. خوێنی مرۆڤ لە چەند پێکهاتەیەکی جیاواز پێکدێت کە هەر یەکەیان فرمانی جیاوازیان هەیە. پێکهاتەکان بریتیین لە پلازما، خڕۆکە سپییەکانی خوێن و خڕۆکە سوورەکانی خوێن. پلازما ئەو بەشەی خوێنە کە دژەتەن، هۆڕمۆن، کانزا، ڤیتامین، شەکر، چەوری، هۆکارەکانی مەیاندنی خوێن و پڕۆتینەکانی تێدایە وەکوو ئەلبۆمین و فایبرینۆجین. خڕۆکە سوورەکانی خوێن ئەو خانانەن کە ئۆکسجین دەگوازنەوە بۆ هەموو بەشەکانی جەستە و خڕۆکە سپییەکانیش لە دژی نەخۆشی و تەنە نامۆکان دەجەنگن.

پلازما و سیڕەم لەیەکدەچن بەڵام گەورەترین جیاوازی نێوانیان بریتییە لە هۆکارەکانی خوێن مەیاندن. فایبرینۆجین پێکهاتەیەکی گرنگە لە کرداری خوێن مەیاندندا، کاتێک سیڕەم و پلازما لە خوێنی مرۆڤدا جیادەکرێنەوە، پلازماکە دەبێتە ئەو بەشەی خوێن کە فایبرینۆجینی تێدایە، بەڵام سیڕەم ئەو بەشە پێکدەهێنێت کە فایبرینۆجینی تێدا نییە. سیڕەمی مرۆڤ دەتوانرێت بەوە  پێناسە بکرێت کە بریتییە لە پلازمای خوێن بە بێ هۆکارەکانی مەیاندنی خوێن یاخود دەتوانرێت بوترێت سیڕەم خوێنە بەبێ خانە و هۆکارەکانی مەیاندن.

ئەو زانستەی لە سیڕەم دەکۆڵێتەوە پێی دەوترێت سیڕەمزانی (Serology) و ڕۆڵی گرنگی هەیە لە پشکنینە تاقیگەییەکان و دیاریکردنی کۆمەڵەی خوێن.

چۆنییەتی بەدەستهێنانی سیڕەم

دوای ڕاکێشانی خوێن لە بەخشەری خوێنەکە، خوێنەکە دەخرێتە ناو تیوبێکەوە کە هیچ هۆکارێکی دژەمەیاندنی تێدا نەبێت، یاخود دەخرێتە ناو تیوبێکی ئاساییەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە پلەی گەرمی ژووردا دادەنرێت تا پڕۆسەی خوێن مەیاندن بە تەواوی ڕوودەدات و فایبرینۆجین دەگۆڕێت بۆ فایبرین. دواتر تیوبەکە دەخرێتە ناو ئامێری سەنتەرفیوج. دوای دەرهێنانی تیوبەکە لە ئامێرەکە تێبینی دەکرێت دوو چین دروست بووە لەناو تیوبەکە، بەشی خوارەوەی خانەکانە و بەشی سەرەوە شلەیەکی ڕەنگ زەردە کە هیچ هۆکارێکی خوێن مەیاندنی تێدا نییە و پێی دەوترێت سیڕەم.

فرمانەکانی سیڕەم

لە کاتێکدا سیڕەمی مرۆڤ فایبرینۆجینی تێدا نییە، بەڵام هۆڕمۆن، کانزاکان، پڕۆتین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی تێدایە. ئەلبۆمین پڕۆتینێکی گرنگە لە سیڕەمی مرۆڤدا، دەتوانێت چەوری، ترشە چەوری و هۆڕمۆنی سایرۆید لە خوێندا بگوازێتەوە. سیڕەمی مرۆڤ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئایۆنەکانیشە. سیڕەمی مرۆڤ ڕێگە دەدات گەردیلەکان بنووسێن بە پێکهاتەکانی ناویەوە، ئەم پێکەوە نووسانە تووندە ڕێگە دەدات بە سیڕەم بۆ ئەوەی ترشە چەوری، هۆڕمۆنی سایرۆید و پێکهاتەکانی تر بگوازێتەوە. لەبەرئەوەی ئەلبۆمینی ناو سیڕەم وەکوو هەڵگرێک کاردەکات لەناو خوێندا، کارگەکانی دروستکردنی دەرمان دیزاینی دەرمانەکان بە شێوەیەک دەکەن کە بتوانن بنووسێن بە پڕۆتینەکانەوە و بۆ ئەوەی بە تایبەتی بنووسێن بە ئەلبۆمینەوە.

کۆمپانیاکانی پیشەسازی دەرمان سوود لە فرمانی ئەلبۆمین وەردەگرن وەکوو هەڵگرێک بۆ دەرمانەکان. ئەلبۆمین دەرمانەکە هەڵدەگرێت بەناو خوێندا و دەیگوازێتەوە بۆ ئەو شانە و ئەندامی ئامانج.

بەکارهێنان و سوودەکانی سیڕەم

سیڕەمی مرۆڤ یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکان لە تاقیگە پزیشکییەکاندا. سیڕەمی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت بۆ چاندن و گەشەپێکردنی خانەکانی مرۆڤ، بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەری دەرمان، بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر سەبارەت بە سیستمی بەرگری مرۆڤ و ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ.

گرنگترین بەکارهێنانەکانی سیڕەمی مرۆڤ بریتیین لە:

  1. لە زۆربەی پشکنینە تاقیگەییەکاندا سیڕەم بەکاردەهێنرێت و پشتی پێ دەبەسترێت.
  2. لە کاتی پڕۆسەی چاندنی خانەدا، بەکارهێنانی سیڕەمی مرۆڤ باشترە وەکوو سەرچاوەی خۆراکی بۆ خانە چێنراوەکان لە جیاتی سیڕەمی ئاژەڵ.
  3. پشکنینی HLA: بەکاردەهێنرێت لە کاتی گواستنەوەی خانە، شانە یاخود ئەندام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر
  4. بەکارهێنانی ئەلبۆمینی ناو سیڕەم بۆ گواستنەوەی دەرمان.
  5. سیڕەمی AB مرۆڤ: سیڕەمی ئەو بەخشەرانەی جۆری خوێنەکەیان ABیە هیچ دژەتەنێکی دژی دژەپەیداکەرەکانی A و B تێدا نییە، بەمەش کارلێک ڕوونادات. سیڕەمی AB مرۆڤ لە پڕۆسەی چارەسەرکردنی خانەیی و چاندندا بەکاردەهێنرێت.
  6. چارەسەری سیڕەمی: بریتییە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەک کە هۆکارەکەی میکرۆبێکی نەخۆشخەرە، ئەویش بە بەکارهێنانی سیڕەمی گیانەوەرێک یان مرۆڤێک کە پێشتر بەرگری پەیداکردووە لە دژی ئەو میکرۆبە یان پێکهاتە نەخۆشخەرە.


سەرچاوەکان



768 بینین