لاس ڤێگاس

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-07-24-22:20:00 - کۆدی بابەت: 9530
لاس ڤێگاس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لاس ڤێگاس (بە ئینگلیزی: Las Vegas، بە عەرەبی: لاس فیغاس)، کە ئاوەدانترین شاری ویلایەتی نیڤادایە و بە پلەی ٢٦ دێت لەشارە ئاوەدانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شوێنێکی گەشتیاری نێودەوڵەتی بەناوبانگە، بەشێوەیەکی سەرەکی بە (میوانداری گەشتیاران، گازینۆ، هۆتێل و قومارخانەکان)ـی ناسراوە. ناوەندی دارایی و بازرگانی و ڕۆشنبیرییە بۆ نیڤادا، یەکێکە لە سێ شوێنە سەرەکییەکانی کۆنگرەی بازرگانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. بە شاری ڕووناکی ناسراوە، چونکە یەکێکە لە شارە ڕووناکەکان کاتێک لە بۆشایی ئاسمانەوە سەیر دەکرێت. بە پایتەختی هاوسەرگیری ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی یەکێکە لەو شوێنانەی کە تێیدا مۆڵەتی هاوسەرگیری بەشێوەیەکی ئاسان و تێچوویەکی کەم دەدرێت، لەبەر هەمان هۆکار ڕێژەی جیابوونەوەش زۆرە لەم شارە.

شوێنی جوگرافی

ڤێگاس ئەکەوێتە بیابانەکانی مۆهاڤ، لە هەرێمی کلارک، لە ولایەتی نیڤادای باشوور، لە باشووری ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شارەکە لە هەموو لایەکەوە بەزنجیرە چیا دەورەدراوە. دیمەنێکی بەردین و وشکی هەیە، لەگەڵ ڕووەکی بیابانی و خۆڕسک، لە ناوجەرگەی شارەکە چەندین دار و درەخت و سەوزایی هەیە.

مێژوو

کۆنترین مێژووی بۆ ١٠٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە کۆچبەرە هیندییەکان لە لاس ڤێگاس ژیاون و شوێنەوار و بەردی نەخشێنراویان لە دوای خۆیان جێهێشتووە. لە ڕێکەوتی ١٥ـی ئایاری ١٩٠٥، بۆ یەکەم جار وەک شارێک دۆزرایەوە، کاتێک ١١٠ دۆنم زەوی لە نزیک هێڵی شەمەندەفەری یەکێتی پاسفیک بۆ فرۆشتن مەزاد کرا، کە ئێستا ئەو ناوچەیە پێی دەوترێت داون تاون. لە ساڵی ١٩١١ لاس ڤێگاس بە فەرمی وەکوو شارێک ناسێنرا. 

کەشوهەوا

لاس ڤێگاس بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەی کەشوهەوایەکی گەرمی نیمچەبیابانی هەیە. هاوینێکی درێژ و گەرم، زستانێکی کورت و فێنکی هەیە. بەنزیکەیی ٣١٠ ڕۆژ لە ساڵێکدا خۆرە و ٢٦ ڕۆژ بارانە. یەکێکە لە گەرمترین و وشکترین شارەکانی ئەمریکای باکوور. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، چەندین جار تووشی وشکەساڵی بووە. لە نێوان مانگەکانی تەممووز و ئابدا بای وەرزی هەور و نمە بارانی هەیە و کانوونی یەکەم فێنکترین و هەوراویترین وەرزی ساڵە.

لاس ڤێگاس ستریپ

شارۆچکەیەکی باشووری پارێزگای لاس ڤێگاسە، کە هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکە سەربەخۆکانی پارادایس و وینچێستەر. ناوەندی قومارکردنە و زۆرینەی هۆتێل و گازینۆکانی ڤێگاس لەم شارۆچکەیەن. زۆرترین گەشتیار و سەردانیکەری هەیە و بەناوبانگترین شوێنی لاس ڤێگاسە.

ئاماری دانیشتووان

بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتووانی شارەکە نزیکەی ٦٥٤ هەزار کەسە، لەکاتێکدا لەساڵی ١٩٠٠ دانیشتووانەکەی تەنها ٢٥ کەس بووە، دانیشتووانی پارێزگاکەی زیاترە لە دوو ملیۆن کەس.
ڕێژەی دانیشتووان بە پێی تەمەن بەم شێوەیەیە:

ڕێژەی دانیشتووان تەمەن
 ٪٢٥.٩ خوار ١٨ ساڵ
٪٨.٨ ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ
٪٣٢ ٢٥ بۆ ٤٤ ساڵ
٪٢١.٧ ٤٥ بۆ ٦٤ ساڵ
٪١١.٦ زیاتر لە ٦٥ ساڵ

شوێنە گەشتیارییەکانی

  • کۆشکی سیزەر
  • گۆندۆلا و هۆتێلی ڤێنیتەین
  • گراند کانیۆن و دۆڵەکانی ڤێگاس
  • هۆتێلی پاریس و تاوەری ئیڤڵ لە ڤێگاس ستریپ
  • فوارەکانی بلاژیۆ
  • مۆزەخانەی مۆب
  • هۆتێل و گازینۆکانی داون تاون


سەرچاوەکان



483 بینین