دوورگەی گەنجینە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-26-23:03:00 - کۆدی بابەت: 9563
دوورگەی گەنجینە

ناوه‌ڕۆك

دوورگەی گەنجینە

دوورگەی گەنجینە (بە ئینگلیزی: Treasure Island)، لە بنەڕەتدا ناوی (چێشتلێنەری دەریا، چیرۆکی کوڕەکان)، ڕۆمانێکی سەرکێشییە لەلایەن نووسەری سکۆتلەندی (ڕۆبێرت لویس ستیڤنسن)ـەوە نووسراوە، ئەم ڕۆمانە باس لە چیرۆکی چەتەکانی دەریا و ئاڵتوونی شاردراوە دەکات.

ڕۆمانەکە لە سەرەتادا لە ساڵی 1881 تا 1882 لە گۆڤاری منداڵانی یۆنگ فۆڵکس (Young Folks)ـدا، لەژێر ناوی دوورگەی گەنجینەی یان یاخیبوونی هیسپانیۆلا بە چەند بەشێکی یەک لەدوای یەک بڵاوکرایەوە. هەروەها لە 14ی تشرینی دووەمی 1883 لەلایەن کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی پەرتووک (کاسێل و کۆ)ـەوە بۆ یەکەمجار وەکوو پەرتووکێک بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە لەو کاتەوە و لە چەندین میدیادا بووەتە یەکێک لەو ڕۆمانانەی کە چیرۆکەکەی لە کاری شانۆیی فیلمدا بەکاردێت.

لە کاتی بڵاوکردنەوەیەوە، دوورگەی گەنجینە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر وێناکردنی چەتەکانی دەریا لە کولتووری باودا هەبووە، لەوانە دوورگە خولگەییە چۆڵەکان، نەخشەی گەنجینەکان کە بە زەڕبی سوور "X" نیشانە کراون، و دەریاوانە یەک قاچەکان کە تووتیەکان‌ لەسەر شانیان دانیشتوون.

زنجیرە ڕووداوەکانی چیرۆکی ناو ڕۆمانەکە

چیرۆکە سەرەکییەکە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا ڕوویدا، کاتێک کۆنە دەریاوانێک بە ناوی (بیڵی بۆنز)، لە میوانخانەی (ئەدمیڕاڵ بێنبۆو) لە نزیک شاری بریستۆڵی وڵاتی ئینگلتەرا ژوورێک بە کرێ دەگرێت، و داوا لە کوڕی بەڕێوبەری میوانخانەکە دەکات، کە ناوی (جیم هاوکینز)ـە، تا چاوی لەسەر پیاوێکی یەک قاچ بێت.

هاوڕێیەکی پێشووی یاریدەدەری کەشتییەکە بە ناوی (بلاگ دۆگ) ڕووبەڕووی (بۆنز) دەبێتەوە بەهۆی باسوخواسی نەخشەیەک کە لە نێوانیاندایە. بۆیە شەڕ دەکەن و بلاگ دۆگ هەڵدێت. دواتر سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی (پیو) سەردانی میوانخانەکە دەکات و ئاگادار‌کردنەوەیەک دەگەیەنێتە دەست بۆنز کە پێی دەوترێت "پەڵەی ڕەش". دوای ماوەیەکی کەم، بۆنز تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت و دەمرێت. پیو و هاوکارەکانی هێرش دەکەنە سەر میوانخانەکە، بەڵام لەلایەن ئەفسەرەکانی دەوڵەتەوە دەبەزێنرێن و پیو دەکەوێتە ژێر پێی ئەسپەکانی ئەفسەرەکانەوە و دەمرێت. جیم و دایکی بە پاکەتێکی نهێنی لە سندووقی دەریایی بۆنزەوە دەریان هێناوە هەڵدێن، پاشان دەردەکەوێت نەخشەی ئەو دوورگەیەی تێدایە کە (کاپتن فلینت) چەتەی دەریایی بەناوبانگ گەنجینەکەی خۆیی تێدا شاردۆتەوە. جیم نەخشەکە پیشانی پزیشکی ناوچەکە دکتۆر لیڤسی و سکوایەر جۆن تڕێلاونی دەدات و بڕیار دەدەن گەشتێک بکەن بۆ دوورگەکە.

بە کەشتیی تڕێلاونی بە ناوی هیسپانیۆلا لە ژێر دەستی کاپتن سمۆلێتدا بەڕێکەوتن و جیم پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ چێشتلێنەری یەک قاچی کەشتییەکە دروست دەکات، کە ناوی لۆنگ جۆن سیلڤەرە. تیمەکە تووشی کارەسات دەبن کاتێک بەڕێز ئارۆوی سەرخۆش لە کاتی زریانێکدا لە دەریادا دیارنامێنێت. جیم کە لەناو بەرمیلێک سێودا خۆی شاردۆتەوە گوێی لە گفتوگۆیەک دەبێت لە نێوان دەستەی هیسپانیۆلا کە ئەوە ئاشکرا دەکات کە زۆربەیان چەتەی دەریایین و لە کەشتیی کاپتن فلینتدا بەناوی (کەشتیی واڵڕوس) خزمەتیان کردووە، سیلڤەریش سەرکردایەتیان دەکات. پلانیان وایە دوای دۆزینەوەی گەنجینەکە یاخی بن، هەروەها کاپتنەکە و ئەو چەند دەستە دڵسۆزەی کە ماونەتەوە بکوژن.

هەر کە دەگەنە دەوورگەکە دەست دەکەن بە گەڕان. جیم چاوی ​​بە چەتەیەکی دەریا بە ناوی (بین گەن) دەکەوێت کە ئەندامی پێشووی دەستەی فلینتە و لە دوورگەکە بەجێ هێڵراوە. یاخیبووەکان خۆیان پڕچەک دەکەن و کەشتییەکە دەبەن لە کاتێکدا پیاوە دڵسۆزەکانی سمۆلێت دەچنە سەنگەرێکی بەجێهێڵراو لە دوورگەکەدا تا خۆیان بپارێزن. دوای ئاگربەستێکی کوورت، یاخیبووان هێرش دەکەنە سەریان و زیانی گیانی لە هەردوولایەنیان دەکەوێتەوە. جیم خۆی دەگەیەنێتە هیسپانیۆلا، قولاپی کەشتییەکە دەبڕێت، سواری کەشتیی هیسپانیۆلا دەبێت و ڕووبەڕووی چەتەی دەریایی ئیزرایل هاندس دەبێتەوە کە لە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانیدا شەڕی کردبوو و بریندار بووبوو. هاندس یارمەتی جیم دەدات کەشتییەکە ببات بۆ کەنار دەریا لە کەنداوی باکوور، پاشان هەوڵدەدات بە چەقۆ جیم بکوژێت، بەڵام جیم بە دوو دەمانچە تەقەی لێدەکات و دەیکوژێت.

پاشان جیم دەگەڕێتەوە بۆ سەنگەرەکە، کاتێک تەنها سیلڤەر و چەتەکانی دەریا دەبینێت ترسی لێ دەنیشێت. کاتێک هەمووان بۆیان دەرکەوت کە کەشتییەکە نەماوە، سیلڤەر بە جیم دەڵێت کە لایەنی کاپتن فلینت ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەستێک کە بەهۆیەوە نەخشەکە وەربگرن و ڕێگە بە لایەنی گەمارۆدراوەکە بدەن بڕۆن. سبەی لیڤسی دەگاتە ئەوێ بۆ چارەسەرکردنی برینداران و چەتە نەخۆشەکان. لەدوای ناکۆکی لەسەر سەرکردایەتی، سیلڤەر و چەتەکانی تر جیم وەک بارمتە دەبەن. پاشان ئێسکەپەیکەرێک دەبیننەوە کە قۆڵەکانی بەرەو گەنجینەکە ئاراستە کراوە و بەمەش بێوورە دەبن و ترسیان لێ دەنیشێت. بین گەن لە دارستانەوە هاوار دەکات دوا قسەی کاپتن فلینت دەڵێتەوە، بەمەش دەستەکە دەترسن وا لە چەتەکانی دەریا دەکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە جنۆکەی فلینت سەری لە دوورگەکە داوە. لە کۆتاییدا حەشارگەی گەنجینەکە دەدۆزنەوە، بەڵام بەتاڵە. چەتەکانی دەریا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کوشتنی سیلڤەر و جیم، بەڵام لەلایەن ئەفسەرەکان و گەنەوە دەکەونە بۆسەیەکەوە. لیڤسی ڕوونی دەکاتەوە کە گەن پێشتر گەنجینەکەی دۆزیبووەوە و بردبووی بۆ ئەشکەوتێکی دوور. ئەندامانی گەشتەکە بەشێک لە گەنجینەکە بار دەکەنە سەر کەشتیی هیسپانیۆلا و دوورگەکە بەجێدەهێڵن، سیلڤەر وەک دیلێک لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە. لە یەکەم بەندەردا، سیلڤەر جانتایەک پارە دەدزێت و هەڵدێت. باقی ئەوانی تر بە کەشتییەکە دەگەڕێنەوە بۆ بریستۆڵ و گەنجینەکە لەنێو خۆیاندا دابەش دەکەن.

کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو ڕۆمانەکە

جیم هاوکنس: جیم گێڕەرەوەی تەواوی ڕۆمانەکە و کوڕی بەڕێوبەری میوانخانەیەکی نزیک شاری بریستۆڵە لە وڵاتی ئینگلتەرا، وادەردەکەوێت کە تەمەنی جیم لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵیدا بێت. ئەم کوڕە بە پەرۆشە بۆ چوون بۆ ناو دەریا و گەڕان بەدوای گەنجینەکەدا. سەرەڕای ئەوەی جیم ڕۆڵی کەسایەتییەکی زیرەک و پاڵەوان دەبینێت، بەڵام هەندێکجار سەرەڕۆ و هەڵەشەیە.

لۆنگ جۆن سیلڤەر: چێشتلێنەری سەر کەشتی هیسپانیۆلا و پیاوە یەک قاچەکە، سیلڤەر سەرکردەی نهێنی چەتەکانە و پیاوێکی فێڵباز و چاوچنۆکە، سەرەڕای ئەوەش توانای سەرکردایەتی هەیە و توانای جەستەیی و ئەقڵی زۆر کاریگەرە. سیلڤەر بەرامبەر جۆن میهرەبانی دەنوێنێت و وا دەردەکەوێت کە جۆنی خۆش دەوێت.

دکتۆر دەیڤد لیڤیسی: پزیشک و داردپرسێکە، کە چەند بەندێکی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە. ئەم پزیشکە کەسێکی ژیرە و بەویژدانە، لەگەڵ ئەوەشدا چۆن چارەسەری هاوڕێکانی خۆی دەکات بە هەمان شێوە چارەسەری برینی چەتەکان دەکات. چەند ساڵێک پێش ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بەژداری جەنگی فۆنتینۆیی کرد و بریندار بوو.

کاپتن ئالکساندەر سمۆڵێت: کاپتنی کەشتی هیسپانیۆلا، سمۆلێت پیاوێکی بەئەزموونە و گومانی لەو دەستە هەیە کە تڕێلاونی بە کرێی گرتووە. سمۆڵێت کابرایەکی زۆر پیشەگەرە و ئیشەکەی بەجدی ئەنجام دەدات و بڕوای بە یاساکان هەیە و یاخیبوونەکەی جیمی بەدڵ نییە، بەڵام دواتر لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت ئەم و جیم پێکەوە جارێکی تر بچنەوە بۆ دەریا، لەبەرئەوەی جیم زۆر بێگوێیە.‌

سکوایەر جۆن تڕێلاونی: خاوەن زەوییەکی ساماندارە کە گەشتی دوورگەکە ڕێک دەخات. ئەم کابرایە کەسێکی خۆش باوەڕە و لەلایەن سیلڤەرەوە فریوو دەدرێت.

بیڵی بۆنز: دەریاوانێکی بەتەمەنە و نیشتەجێی میوانخانەکەیە. بۆنز یەکەم هاوڕێی فلینتە، هەروەها کەسێکی وشک و قسەلەڕووە. جیم هاندەدات تا چاودێری پیاوێکی یەک قاچ بکات.

بین گەن: ئەندامێکی پێشووی دەستەکەی کاپتن فلینتە کە لە دوورگەکە دۆزرایەوه، چەند ساڵێکی پێشوو لەلایەن دەستەکەی فلینتەوە لە دوورگەکە بەجێهێڵرا. بە کەسێکی شێت وەسفکرا و زۆر حەزی لە پەنیرە.

کەسایەتییە لاوەکییەکانی ناو ڕۆمانەکە

ئالان: دەریاوانێکی ڕاستگۆیە کە لەکاتی گەشتنە سەر دوورگەکە لەلایەن یاخیبووەکانەوە دەکوژرێت و هاواری مردنەکەی لە تەواوی دوورگەکەدا دەبیسترێت. ئەم ڕووداوەش ڕێک پێش ئەوەی لۆنگ جۆن تۆم بکوژێت ڕوودەدات.

ئالاردیس: یەکێکە لە شەش ئەندامەکەی دەستەکەی فلینت، کە دوای شاردنەوەی گەنجینەکە لەژێر خاکدا و لەگەڵ سیلڤەردا سەنگەر لە دوورگەکەدا دروست دەکات، هەمووشیان لەلایەن فلینتەوە دەکوژرێن، کە بەتەنیا دەگەڕێتەوە بۆ لای کەشتییەکەی. تەرمی ئالاردیس لەلایەن فلینتەوە وەکوو نیشانەدانەری قیبلەنمایەک بۆ حەشارگەکە بەکارهات.

جۆب ئەندرسن: سەرکاری کەشتییەوانانی کەشتییەکە و یەکێک لە سەرکردە یاخیبووەکانە. لە کاتێکدا کە هێرش دەکاتە سەر جیم لەلایەن گرەیەوە دەکوژرێت. هەرچەندە هیچ کات ئاماژەی بەوە نەکراوە بەڵام دەشێت یەکێک بێت لە ئەندامانی دەستەی کارکەرانی چەتە دێرینەکانی فلینت. ئەم کابرایە لەگەڵ هاندس و مێریدا، خاڵە ڕەشەکەی دا لە سیلڤەر و ناچاریکرد یاخی بێت پێش ئەوەی گەنجینەکە بدۆزرێتەوە.

بەڕێز ئارۆو: یەکەم ئەفسەری کەشتی هیسپانیۆلا. کەسێکە کە خواردنەوە کحولییەکان دەخواتەوە و کەسێکی بێسوودە، پێش ئەوەی بگەنە دوورگەکە دیارنامێنێت و شوێنەکەی بە جۆب ئەندەرسنەوە پڕ دەکرێتەوە. سیلڤەر بە شێوەیەکی نهێنی کحول بە بەڕێز ئارۆو دەدا.

بلاگ دۆگ: ئەندامێکی پێشووی دەستەکەی فلینتە، پاشان یەکێکە لە هاوەڵەکانی پیو کە سەردانی ئەدمیراڵ بینبۆو دەکات تا بەرەنگاری بیڵی بۆنز ببێتەوە. بلاگ دۆگ دوو پەنجەی دەستی چەپی لەدەستدابوو.

پیوی کوێر: سواڵکەرێکی نابینا، خراپەکار، بکوژ و دزێوە کە وەک ئەندامێکی دەستەکەی فلینت کاری کردووە. سەرەڕای کوێربوونی، دەیسەلمێنێت کە نەیارێکی مەترسیدارە و تەنانەت دەتوانرێت لە نێو هاوڕێیانی دەستەکەیدا بە سەرکردەیان هەژمار بکرێت. ئەم پیاوە دووەم نێردراوە کە لە بیڵی بۆنز نزیک دەبێتەوە و ئەو کەسەیە کە پەڵەی ڕەش دەگەیەنێت. پیو دەکەێتە ژێر قاچی ئەسپەکانی ئەفسەرەکانی دەوڵەتەوە کە بۆ یارمەتیدانی جیم و دایکی هەڵدەکوتنە سەر میوانخانەکە و دەمرێت.

بەڕێز دانس: بەرپرسی سەرەکی ئەفسەرەکانی دەوڵەت کە لەگەڵ پیاوەکانیدا هەڵدەکوتنە سەر میوانخانەی ئەدمیڕاڵ بێنبۆو، چەتەکانی دەریا دەردەکات و جیم هاوکینز و دایکی ڕزگار دەکات. پاشان هاوکینز دەبات بۆ لای سکوایەر و پزیشکەکە.

کاپتن جەی فلینت: چەتەیەکی دەریایە کە کاپتنی کەشتییەک بووە بە ناوی واڵڕوس، و پێش دەستپێکردنی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە کۆچی دوایی کردووە‌. لە ژیانیدا سەرکردەی چەتەکانی دەریا بووە و چەتەکانی تر زۆرجار لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی پێدەکەن. ئەو خاوەنی ڕاستەقینەی گەنجینەکە بوو، لە دوورگەکەدا لەژێر زەویدا و لەناو چاڵێکدا شاردویەتییەوە. هەروەها تووتییەکەی لۆنگ جۆن سیلڤەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە.

ئەبراهام گرای: هاوڕێی دارتاشی کەشتییەکە لەسەر کەشتی هیسپانیۆلا. سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن کاپتن سمۆلێتەوە داوای لێ دەکرێت کە یاخی بێت بەڵام دڵسۆزی سکوایەر دەمێنێتەوە. هەروەها ‌ژیانی هاوکینز ڕزگار دەکات بە کوشتنی جۆب ئەندەرسن، لەگەڵ ئەوەشدا تەقە‌ لە یاخیبووەکان دەکات. دواتر لەگەڵ جیم هاوکینز، دکتۆر لیڤسی. سکوایەر تڕێلاونی، کاپتن سمۆلێت، لۆنگ جۆن سیلڤەر و بین گەندا دوورگەکە بەجێ دەهێڵن. بەشەکەی خۆی لە گەنجینەکە لە خوێندن و هاوسەرگیریدا خەرج دەکات‌ و دەبێتە خاوەنی بەشە کەشتییەک.

ئیزرایڵ هاندس: کەشی لێخوڕی هیسپانیۆلا و تۆپ هاوێژە کۆنەکەی فلینت. هەوڵ دەدات جیم هاوکینز بکوژێت، جیمیش بەرگری لە خۆی دەکات و بە دوو دەمانچە تەقەی لێدەکات و دەیکوژێت.

بەڕێز و خاتوو ھاوکینز: دایک و باوکی جیم ھاوکینب. بەڕێز ھاوکینز لە سەرەتای دەستپێکردنی چیرۆکەکەدا دەمرێت.

جۆن هەنتەر: بەردەستێکی‌ سکوایەر‌ تڕێلاونی. دکتۆر لیڤسی بە باوەڕپێکراوترین و بەتواناترین خزمەتکارەکانی خۆی دەزانێت کە لە شەڕێکدا هەیبێت. لەگەڵ تڕێلاونی دەچێت بۆ دوورگەکە بەڵام دواتر لە هێرشێکدا گیان لەدەست دەدات.

جۆن: یاخیبوویەکە کە لەکاتی هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر سەنگەرەکە بریندار دەبێت. دواتر بە سەرێکی پێچراوەوە دەردەکەوێت و لە کۆتاییدا لە حەشارگەی گەنجینەکەدا دەکوژرێت.

دیک جۆنسن: بچووکترینی یاخیبووەکان، کە پەرتووکێکی پیرۆز (تەورات)ـی هەیە. چەتەکانی دەریا یەکێک لە لاپەڕەکانی بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی پەڵەیەکی ڕەش بۆ سیلڤەر، دیک لە کۆتاییدا و دوای مردنی جۆرج مێری و جۆن لە دوورگەکە بەجێ دەهێڵدرێت.

ڕیچارد جۆیس: یەکێکە لە بەردەستەکانی سکوایەر تڕێلاونی کە یاوەری سکوایەر دەکات بۆ دوورگەکە، خزمەتکارێکی نەرم و نیان و بێ ئەزموونە لە بەکارهێنانی چەک. لە کاتی هێرشکردنە سەر سەنگەرەکەدا لەلایەن یاخیبووێکەوە تەقە لە سەری دەکرێت و دەکوژرێت.

جۆرج مێری: ئەندامێکی یاخیبوو و نەیاری دەستەکەی سیلڤەرە، کە سەرپێچی فەرمانەکان دەکات و ناوبەناو تەحەدای دەسەڵاتی سیلڤەر دەکات. پێشوەختە دەست بە یاخیبوون دەکات و بەمەش لۆنگ جۆن ناچار دەکات بە شێوەیەکی پلان بۆ دانەڕێژراوانە جیم وەکوو بارمتەیەک لەگەڵ خۆی ببات و هەڵبێت بۆ دوورگەکە. لەبری ئەوەی چاوەڕێی دۆزینەوەی گەنجینەکە بکات، لەگەڵ ئەندەرسن و هاندز، سیلڤەر ناچار دەکات هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکە. دواتر لە حەشارگە بەتاڵەکەدا کوژرا ڕێک لەو کاتەی کە خەریک بوو هەردوو سیلڤەر و هاوکینز بکوژێت.

تۆم مۆرگان: چەتەیەکی دەریایی پێشووی دەستە کۆنەکەی فلینت. لە کۆتاییدا لەگەڵ دیک و یاخیبووێکی دیکەدا لە دوورگەکە بەجێ دەهێڵدرێن.

ئۆبرێین: یاخیبووێکە کە لە هێرشی سەر سەنگەرەکە ڕزگاری دەبێت و هەڵدێت. دواتر لەلایەن ئیزرایل هاندزەوە لەسەر کەشی هیسپانیۆلا دەکوژرێت. هاوکینز بە چەتەی دەریایی "کڵاو سوور" لە زۆربەی گێڕانەوەکەدا ئاماژەی پێ دەکات، هەتا ئەو کاتەی هاندز بۆ هاوکینز ئاشکرا دەکات کە کڵاو سوور کابرایەکی ئێرلەندی بووە بە ناوی ئۆبرێین.

تۆم ڕێدروس: نێچیروان یان ڕاوپرسی سکوایەر تڕێلاونی. ئەم کابرایە‌ یاوەری سکوایەر دەکات بۆ دوورگەکە بەڵام لەلایەن یاخیبووەکانەوە تەقەی لێدەکرێت و بە کوشندەیی بریندار دەکرێت.

تۆم: دەریاوانێکی ڕاستگۆیە کە لەلایەن سیلڤەرەوە دەکوژرێت بەهۆی ئەوەی ڕەتیدەکاتەوە بەشداری یاخیبوونەکە بکات.

لەنێو کەسایەتییە لاوەکییەکانی تردا کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، چوار چەتەی دەریایی هەن، کە لە هێرشێکدا بۆ سەر سەنگەرەکە لەگەڵ جۆب ئەندەرسندا کوژران.


سەرچاوەکان



638 بینین