کەڕووی دەم 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-26-22:01:00 - کۆدی بابەت: 10023
کەڕووی دەم 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

کەڕووی دەم (بە ئینگلیزی: Oral thrush یان Oral candidiasis یان Oropharyngeal candidiasis ، بە عەرەبی: القلاع الفموي)، بریتییە لە تووشبوونی دەم بە کەڕوو. ئەم حاڵەتە بەهۆی کۆبوونەوەی کەڕووی کاندیدا ئاڵبیکەنس (candida albicans) لە دەوروبەری دیواری دەم ڕوودەدات. کاندیدا زیندەوەرێکە بە شێوەیەکی ئاسایی لەناو دەمدا هەیە، بەڵام هەندێک جار زیاد لە بڕی پێویست گەورە دەبێت و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە لە کەسەکەدا. خۆشحاڵانە کەڕووی دەم مەترسیدار نییە، بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەکەڕوو چارەسەر دەکرێت. 

کەڕووی دەم چییە؟ 

بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەمی مرۆڤدا ژمارەیەکی کەم لە کەڕوو دەژین، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت ئەم کەڕووە زۆر بەخێرایی گەشە بکات و ببێتە هۆی تووشبوونی کەڕوویی. کەڕووی دەم بەزۆری لە منداڵانی تەمەن یەک ساڵ و ئەو منداڵانەی لە سەرەتای فێربوونی ڕۆیشتندان ڕوودەدات. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە یان برینی سپی یان زەرد لە بەشی ناوەوەی ڕوومەت، زمان، لێو، پووک و هەروەها مەڵاشوو، ئەم پەڵە و برینانە بەپێی کات لەگەڵ بەکارهێنانی چارەسەردا نامێنێت. ئەم تووشبوونی کەڕووە مەترسیدار نییە و زۆر بە دەگمەن کێشە بۆ کەسەکە دروست دەکات، هەروەها زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت. بەڵام ئەو کەسانەی کێشەی لاوازی کۆئەندامی بەرگریان هەیە، دەکرێت نیشانەکان بۆ بەشەکانی تری جەستە بگوازرێتەوە و کێشەی مەترسیدار بۆ کەسەکە دروست بکات. 

نیشانەکان 

لە قۆناغەکانی سەرەتای کەڕووی دەمدا، ئەگەری هەیە هیچ نیشانەیەک لە کەسەکەدا دەرنەکەوێت، بەڵام لەگەڵ خراپتربوونی حاڵەتەکە دەکرێت یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانە دەربکەوێت:

  • پەڵەی سپی یان زەرد لە بەشی ناوەوەی ڕوومەت، زمان، ئاڵوو، پووک و لێو
  • خوێنەبەربوونێکی کەم 
  • هەستکردن بە ئازار و سووتانەوەی دەم 
  • وشکبوونی دەم 
  • کێشە لە قووتدانی خواردندا
  • هەستکردن بە تامی ناخۆش لە دەمدا
  • لەدەستدانی توانای تامکردن 
  • هەستکردن بە ئازاری ددان

لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا کەڕووی دەم کاریگەری لەسەر سورێنچکیش دروست دەکات، هەمان ئەو جۆری کەڕووەی دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەڕووی دەم، دەکرێت بۆ بەشەکانی تری لەش بگوازرێتەوە و تووشیان بکات. 

هۆکارەکانی تووشبوون 

کەڕووی دەم بەهۆی زیاد لە پێویست گەورەبوونی کەڕووی کاندیدا ئاڵبیکەنس ڕوودەدات. ئەم جۆری کەڕووە بە شێوەیەکی ئاسایی و بە ڕێژەیەکی کەم لە دەمی مرۆڤدا هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ کەسەکە دروست بکات و زیانی پێ بگەیەنێت. کاتێک کۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەکی باش ئیش دەکات و بەکتریا سوودبەخشەکانی لەشی مرۆڤ هاوسەنگن، هەبوونی ئەم دوو تایبەتمەندییە ڕێگری لە گەشەکردنی بەکتریاکانی لەش دەکات و هەروەها کۆنتڕۆڵیان دەکات. بەڵام ئەگەر کێشەیەک لە کۆئەندامی بەرگریدا هەبێت یان هاوسەنگی وردەزیندەوەرەکانی لەش تێک بچیێت، ئەوا کەڕووەکان دەست بە گەورەبوون دەکەن و لەش ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات. بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی کەمبوونەوەی وردەزیندەوەرە سوودبەخشەکانی لەش وەک دەرمانەکانی دژەبەکتریا بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی تووشبوون بە کەڕووی دەم دادەنرێت. هەروەها چارەسەرە شێرپەنجەییەکان وەک چارەسەری کیمیایی یان چارەسەر بە تیشک، خانە تەندروستەکانی لەش لەناو دەبەن و لە ئەنجامدا وا دەکەن کەسەکە بە ئاسانی تووشی کەڕووی دەم ببێت. ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری کەسەکە وەک شێرپەنجەی خوێن و ئایدز (HIV)، بە هەمان شێوە ئەگەری تووشبوون بە کەڕووی دەم زیاد دەکەن. دەکرێت نەخۆشی شەکرەش یەکێکی تر بێت لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم حاڵەتە، لەبەرئەوەی نەخۆشی شەکرە کار دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری و لاوازی دەکات، بەمەش ژینگەیەکی گونجاو بۆ کەڕووەکە دابین دەکات تاکوو گەورە بێت و گەشە بکات. 

ئایا کەڕووی دەم دەگوازرێتەوە؟

ئەگەر کەڕووی دەمت هەبێت دەکرێت ئەم کەڕووە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، کاتێک بەرکەوتنی نزیک وەک ماچکردن لە نێوانتاندا ڕووبدات. ئەو کەڕووەی دەبێتە هۆی ئەم حاڵەتە دەکرێت لە بەشەکانی تری جەستەشدا ڕووبدات، هەروەها دەکرێت ئەم کەڕووە بۆ بەشەکانی تری جەستەی کەسەکە بگوازرێتەوە. کاتێک کەڕووی کاندیدا ئاڵبیکەنس لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، مەرج نییە لە کەسەکەی تریشدا ببێتە هۆی کەڕووی دەم.

چۆن کەڕووی دەم دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشک دەتوانێت لەڕێگەی پشکنینی دەمەوە و گەڕان بەدوای بریندا دەستنیشانی کەڕووی دەم بکات. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەگەری هەیە پزیشکەکە پارچەیەک لەو ناوچەیەی تووشی کەڕووەکە بووە وەربگرێت و پشکنینی لەسەر بکات، لەم پڕۆسەیەدا بەشێکی بچووک لە برینەکە وەردەگیرێت و دەنێردرێت بۆ تاقیگە تاکوو بزانن کەڕووی کاندیدا ئاڵبیکەنس هەیە یان نا. بەڵام ئەگەر کەڕووەکە ناوچەی سورێنچک بگرێتەوە، ئەوا پزیشکەکە لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی سوابی قورگ (throat swab culture) و ناوبینیەوە ئەم حاڵەتە دیاری دەکات. بۆ ئەنجامدانی وەرگرتنی نموونە لەڕێگەی سوابی قورگەوە، پزیشکەکە سوابێکی لۆکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پارچەیەک لە کەڕووی قورگ وەربگرێت، دواتر بە مەبەستی پشکنین بۆ تاقیگە دەنێردرێت. بۆ ئەنجامدانی ناوبینی، پزیشکەکە لوولەیەک یان بۆرییەک کە ڕووناکییەک و کامێرایەکی پێوە لکاوە، لە ڕێگەی دەمەوە دەگوازێتەوە بۆ بەشی سورێنچک و پشکنینی ئەو ناوچەیە دەکات. 

چارەسەرکردنی کەڕووی دەم 

بۆ چارەسەرکردنی کەڕووی دەم دەکرێت پزیشک یەکێک لەم دەرمانانەی خوارەوەت بۆ پێشنیار بکات:

  1. فلوكۆنازول (fluconazole)، دەرمانێکی دژەکەڕووە و لەڕێگەی دەمەوە بە نەخۆشەکە دەدرێت. 
  2. كلۆتريمازۆل (clotrimazole)، دەرمانێکی دژەکەڕووە، بەڵام قووت نادرێت و بەڵکوو دەبێت لەناو دەمدا بتوێنرێتەوە.
  3. نيستاتين (nystatin)، دەمشۆرێکی دژەکەڕووە، کە بۆ شۆردنی دەم بەکاردەهێنرێت.
  4. ئیتراکۆنازۆڵ (itraconazole)، دەرمانێکی دژەکەڕووە لەڕێگەی دەمەوە دەدرێت بە کەسەکە، لە کاتێکدا ئەگەر کەسەکە هیچ وەڵامێکی بۆ دەرمانەکانی تر نەبێت بەکاردەهێنرێت، واتە ئەگەر حاڵەتەکە بە دەرمانەکانی تر چارەسەر نەبوو. 
  5. ئەمفۆتريسين (amphotericin)، دەرمانێکە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە مەترسیدار و سەختەکانی کەڕووی دەم بەکاردەهێنرێت. 

لەگەڵ بەکارهێنانی دەرماندا، دوای چەند هەفتەیەک وردە وردە کەڕووی دەم نامێنێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت کەسەکە دووبارە تووش ببێتەوە. 

چارەسەرکردنی کەڕووی دەم لە ماڵەوە 

دەکرێت پزیشک پێشنیاری هەندێک چارەسەرت بۆ بکات بۆ ئەوەی لە ماڵەوە ئەنجامیان بدەیت. لە کاتی چارەسەردا پێویستە زۆر گرنگی بە خاوێنی دەم بدەیت، هەوڵبدە ئەم ڕێگەیانە جێبەجێ بکەیت:

  • بە فڵچەیەکی نەرم ددانت بشۆ بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی پەڵە یان برین.
  • لەدوای چاکبوونەوە و نەمانی کەڕووی دەم، فڵچەی ددانەکەت بگۆڕە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارە تووشبوونەوە بەم حاڵەتە بکەیت.
  • لە پرژێنەری دەم یان دەمشۆر دووربکەوە، مەگەر پزیشک پێشنیاری کردبێت.

هەروەها چەند ڕێگایەکی تر دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە تووشبوون بە کەڕووی دەم بە تایبەتی لە منداڵاندا، بۆ نموونە دەتوانی یەکێک لەم ڕێگایانە بەکاربێنیت بۆ شۆردنی ناو دەم:

  • ئاوی سوێر.
  • گیراوەیەک لە سۆدە و ئاو پێکهاتبێت.
  • تێکەڵەیەک لە ئاو و ئاوی لیمۆ.
  • تێکەڵەیەک لە ئاو و سرکەی سێو.

هەروەها دەکرێت لەم حاڵەتەدا ئەو ماستانەی بەکتریای سوودبەخشیان تێدایە، یان تەواوکەرە خۆراکییەکانی وەک پرۆبایۆتیک وەک چارەسەر بەکاربهێنرێت. پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک یان تاقیکردنەوەی هەر یەک لەم ڕێگەیانە، پەیوەندی بە پزیشکی تایبەت بکە و ڕێنمایی لێ وەربگرە. 

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن 

ئەو منداڵانەی تەمەنیان نزیکەی یەک ساڵە و هەروەها ئەوانەی لە سەرەتای فێربوونی ڕۆیشتندان ئەگەری تووشبوونیان بە کەڕووی دەم زیاترە. هۆکارەکانی تری وەک هەندێک حاڵەتی پزیشکی، بەکارهێنانی دەرمان یان ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە شێوازی ژیانی کەسەکەوە هەیە بە هەمان شێوە ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە زیاد دەکەن، لە ڕێگەی لاوازکردنی کۆئەندامی بەرگری و کەمکردنەوە و تێکدانی هاوسەنگی ئەو وردەزیندەوەرانەی بۆ لەشی مرۆڤ پێویستن. بۆ نموونە ئەگەری تووشبوونت بە کەڕووی دەم زیاترە ئەگەر تۆ:

  1. بەهۆی حاڵەتێکی تایبەتەوە وشکبوونی دەمت هەیە.
  2. نەخۆشی شەکرە، شێرپەنجەی خوێن و کەمخوێنیت هەیە.
  3. دەرمانی دژەبەکتریاکان بەکاردەهێنیت.
  4. چارەسەرە شێرپەنجەییەکانی وەک چارەسەری کیمیایی و چارەسەر بە تیشک وەر دەگریت.
  5. جگەرە دەکێشیت.

زیانە لاوەکییەکانی تووشبوون بە کەڕووی دەم 

ئەو کەسانەی کۆئەندامی بەرگریان بەهێزە، کەمتر دووچاری کێشە و زیان دەبنەوە لە کاتی تووشبوون بەم حاڵەتە، بەڵام لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا دەکرێت کەڕووەکە بۆ سورێنچک بگوازرێتەوە. ئەگەر کۆئەندامی بەرگریت لاوازە، ئەوا ئەگەری ئەوە زیاترە دووچاری چەند زیانێکی لاوەکی ببیتەوە. بەکارنەهێنانی دەرمان و گرنگی نەدان بەم حاڵەتە، وا دەکات کەڕووەکە بچێتە ناو ڕێڕەوی خوێن و بۆ بەشەکانی وەک دڵ، مێشک، چاو و ناوچەکانی تری جەستە بگوازرێتەوە، واتە توانای ئەوەی هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەندامەکانی لەش دروست بکات.

ڕێگریکردن لە کەڕووی دەم 

بۆ کەمکردنەوەی زیانە لاوەکییەکانی ئەم حاڵەتە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:

  1. کەلوپەلەکانت لەگەڵ کەسەکانی دەوروبەرت بەکارمەهێنە.
  2. گرنگی بە خواردنی ئەو خواردنانە بدە کە بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندن، هەروەها گرنگی بە باشترکردن و بەروەپێشبردنی شێوازی ژیانت بدە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری.
  3. گرنگی بە خاوێنی دەم بدە، لە ڕۆژێکدا دوو جار ددانەکانت بشۆ، زوو زوو سەردانی پزیشکی ددان بکە.
  4. ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە وشکبوونی دەم دەکەیت، ئەوا سەردانی پزیشک بکە.
  5. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، ئاگاداری ئاستی شەکرەکەت بە و هەوڵبدە کۆنتڕۆڵ بێت.
  6. ئەگەر بێجگە لە ناوچەی دەم هەست بە تووشبوونی کەڕوویی لە بەشەکانی تری جەستە دەکەیت، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت چونکە دەشێت لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تری جەستە بگوازرێتەوە. 

کەڕووی دەم و خۆراک

هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە، خواردنی ئەو خۆراکانەی بە پرۆبایۆتیک دەوڵەمەندن یان بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی پرۆبایۆتیک ڕۆڵی لە ڕێگریکردن لە گەورەبوون و گەشەکردنی کەڕووی کاندیدا ئاڵبیکەنسدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین لێکۆڵینەوەی تر بۆ سەلماندنی ئەمە پێویستە. هەندێک کەس پێیان وایە، نەخواردنی کاربۆهیدرات یان شەکر ڕێگری لە تووشبوون بەم حاڵەتە دەکات، بەڵام لێکۆڵینەوەی زانستی لە بارەی ئەم زانیارییەوە نییە.


سەرچاوەکان



2027 بینین