پێکهاتەکانی خۆر چین؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-31-22:03:00 - کۆدی بابەت: 10094
پێکهاتەکانی خۆر چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێکهاتەکانی خۆر چین؟ (بە عەرەبی: ما هي مکونات الشمس، بە ئینگلیزی: What are the components of the sun)، یەکێکە لە پرسیارە باوەکان. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش دەبێت سەرەتا بە دیاریکراوی بزانین خۆر چییە.

خۆر چییە؟

خۆر ئەستێرەیەکە کە نزیکەی ٤،٦ ملیار ساڵ پێش ئێستا لە دەرئەنجامی داڕووخانی هەورێکی زەبەلاحەوە کە لە هایدرۆجین و هیلیۆم پێکهاتووە، دروست بووە. درەوشاوەترین پێکهاتەی کۆمەڵەی خۆریییە و سەرچاوەی سەرەکی وزەیە بۆ ژیان لەسەر ڕووی زەوی. زۆر کەس پێیان وایە کە خۆر ڕەنگی سوور یان زەردە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ئەم تەنەی بۆشایی ڕەنگی سپییە. شێوەیەکی دیاریکراو و گۆیی هەیە، بەڵام ڕووەکەی ڕەق نییە. ڕووەکەی لە گازی گەرم و توخمی تر پێکهاتووە کە لە پلەی گەرمییەکەیان بە نزیکەیی پێنج هەزار پلەی سیلیزییە.

خۆر لە چی پێکهاتووە؟

پێکهاتەکانی خۆر بریتیین لە:

  1. هایدرۆجین و هیلیۆم
  2. کرۆکەکەی
  3. ناوچەی تیشکدانەوە
  4. ناوچەی گەرمی هەڵگرتن
  5. فۆتۆسفیر
  6. ئەتمۆسفیر
  7. نیوتریۆن
  8. شەپۆلی ڕادیۆیی دەرپەڕێندراو
  9. تیشکەکانی X
  10. دەرپەڕیوی خۆریی
  11. بڵێسە

هایدرۆجین و هیلیۆم پێکهاتەی سەرەکیی خۆرن

خۆر لە ڕووی کیمیایییەوە لە هایدرۆجین و هیلیۆم پێکهاتووە. هەردوو توخمەکە لە ڕووداوی تەقینەوە مەزنەکەوە پەیدابوون و نزیکەی ٩٨٪ـی بارستاییی خۆر پێکدەهێنن. ئەو ڕێژەیەی تر کە دەمێنێتەوە لە ئۆکسجین، کاربۆن، نیۆن، ئاسن، مەگنیسیۆم، نیکڵ، کڕۆم، گۆگرد و سیلیکۆن پێکدێت.

کرۆکەکەی

بەپێی قسەی زانا فیزیایییە گەردونناسەکان، ئەم بەشە گەرمترین بەشی خۆرە. پلەی گەرمییەکەی بە نزیکەیی ١٥ ملیۆن پلەی سیلیزییە و لەژێر پەستانێکی زۆر بەرزدایە.

پلە گەرمییە بەرزەکە و پەستانە بەرزەکە دەبنە هۆی ڕوودانی ناوکە یەکبوون کە تێیدا گەردیلەکانی هایدرۆجین یەکدەگرن و هیلیۆم پێکدێت. لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا وزە بە شێوەی ڕووناکی و گەرمی دەردەپەڕێت و بەناو بەشەکانی تری خۆردا تێدەپەڕێت، پاشان دەگاتە سەر زەوی و بەشەکانی تری کۆمەڵەی خۆریی. کرۆکەکەی نزیکەی ٢٥٪ـی نیوەتیرەی ئەستێرەکە پێکدەهێنێت.

ناوچەی تیشکدانەوە

لەم ناوچەیەدا پلەی گەرمی کەمێک نزمترە لەکرۆکەکەی. پلەی گەرمییەکەی لە نێوان دوو بۆ حەوت ملیۆن پلەی سیلیزییە بەپێی دووریەکەی لە کرۆکەکەوە. ئایۆنەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم بەرپرسیارن لە گواستنەوەی وزە لەم چینەدا.

تیشکدانەوە لە کرۆکدا، دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر وزە کاتێک بەم ناوچەیەدا تێپەڕدەبێت بۆ سەر زەوی. ژیان لەسەر زەوی بەرگەی ناگیرێت یان ژیان لەسەر زەوی بوونی نابێت ئەگەر ئەم ناوچەیە بەشێک لەو وزە تیشکدەرە هەڵنەمژێت. ئەم ناوچەیە نزیکەی ٧٠٪ـی نیوەتیرەی خۆر پێکدەهێنێت و دەیکات بە گەورەترین بەشی خۆر.

ناوچەی گەرمی هەڵگرتن

ئەمە دەرەکیترین چینی خۆرە. لە ماددە قورسترەکان پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی بەشەکی ئایۆنین. پلەی گەرمی لەم ناوچەیەدا بۆ ٦ هەزار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و گواستنەوەی گەرمی لە ڕێگەی گەرمی هەڵگرتنەوە لەم ناوچەدا ڕوودەدات. ئەم ناوچەیە بۆ ناو چینێکی تر درێژدەبێتەوە کە دەوری خۆر دەدات بەناوی فۆتۆسفیر.

فۆتۆسفیر

ئەمە ئەو بەشەی خۆرە کە ئێمە لەسەر زەوییەوە دەیبینین. ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە بەشی سەرەوە ساردترە وەک لەو ناوچەیەی دەکەوێتە بەشی خوارەوە و ناوەڕاست، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ناوەندی خۆر درەوشاوەتر بێت لە قەراغەکانی.

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هەندێک گەردی ئاو و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ناوچە ساردەکان بوونیان هەبووە. پلەی گەرمی ئەم ناوچەیە شەش هەزار پلەی سیلیزییە.

ئەتمۆسفیری خۆر-بەش و پێکهاتەیەکی گرنگی خۆر

ئەتمۆسفیری خۆر بەسەر سێ ناوچەدا دابەش دەبێت: کرۆمۆسفیر، خەرمانە، هیڵیۆسفیر. 

  1. کرۆمۆسفیر: بڕی دوو هەزار کیلۆمەتر ئەستوورە. پڕە لە هێڵی بەردەوام گۆڕاوی موگناتیسی و ڕووناکی ڕەنگاوڕەنگی دەرپەڕێندراو. چینی ناوەکی ئەتمۆسفیرە و لە هیلیۆم پێکهاتووە کە بەشێوەیەکی بەشەکی ئایۆنن. پلەی گەرمییەکەی لە نێوان شەش هەزار بۆ ٢٠ هەزار پلەی سیلیزیدایە.
  2. خەرمانە: دووەمین گەرمترین ناوچەی خۆرە لە دوای کرۆکەکەیەوە. پلەی گەرمییەکەی لە نێوان یەک بۆ ٢٠ ملیۆن پلەی سیلیزیدایە. هەروەها لە ناوچەی تێرتر و کەمتر گەرمی وەکوو کونی خەرمانەیی و پەڵەی خۆر پێکهاتووە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی خەرمانە بریتییە لە بای خۆریی، ئەویش لەو شەپۆلانە پێکهاتووە کە لەم ناوچەیەوە بۆ بەشەکانی تری کۆمەڵەی خۆریی دەردەپەڕێندرێت. ئەم شەپۆلانە بە پلازمای خەرمانەیی و ڵوپ ناسراون.
  3. هیڵیۆسفیر: دەرەکیترین چینی ئەتمۆسفیری خۆرە. پڕە لە پێکهاتەی وزەییی و بای خۆرییش، باوەڕ وایە لە هەموو هەسارەکانەوە هەست بە بای خۆرییەکە دەکرێت.

پێکهاتەکانی تر

  1. نیوترۆنەکان: پێکهاتەی بچووکن لە ئەنجامی کارلێکەکانی یەکبوونەوە دروست دەبن.
  2. شەپۆلی ڕادیۆیی دەرپەڕێندراو: کاتێک هێڵی بوارە موگناتیسییەکان کارلێک لەگەڵ توخمەکانی سەر ڕووی ئەستێرەکە دەکەن، شەپۆلی ڕادیۆیی دەردەپەڕێت.
  3. تیشکەکانی X: کاتێک بواری موگناتیسی خۆر لەیەک دەئاڵۆسکێت تیشکەکانی X دروست دەبن.
  4. دەرپەڕیوی خۆریی: پێکهاتەیەکی درەوشاوە و شێوەی ئەڵقەیییە، کە لەسەر ڕووی خۆرەوە درێژدەبێتەوە.
  5. بڵێسە: ڕووناکییەکی لەناکاو و درەوشاوەیە کە لە نزیک ڕووی خۆر ڕوودەدات.

دەرئەنجام

ئەمە پێکهاتە، تایبەتمەندییە، بەشە، ناوچە و چینە سەرەکییەکانی خۆرن. بەڵام شتێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە خۆر ئەوەیە کە درەوشانەوەکەی جێگیر نییە و لە زیادبووندایە. زاناکان لەو باوەڕەدان زیادبوونی درەوشانەوەکەی لەوانەیە لە ماوەی چەند ملیار ساڵێکدا ببێتە هۆی بە هەڵم بوونی ئاوی سەر زەوی.


سەرچاوەکان

161 بینین