چۆن دەبیت بە وێنەکێش؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-11-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10215
چۆن دەبیت بە وێنەکێش؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن دەبیت بە وێنەکێش (بە ئینگلیزی: How to become an artist، بە عەرەبی: كيف تصبح فنان) هەندێک خەڵک لە سەرەتای ژیانیانەوە دەزانن کە دەیانەوێت ببن بە وێنەکێش، بەڵام هەندێک خەڵکیش لە تەمەنێکی درەنگتر هەست بەمە دەکەن. زۆرجار خەڵکی کاتێک دەیانەوێت ببن بە وێنەکێش پێش ئەوەی دەست پێ بکەن بێ هیوا دەبن، بۆ بوون بە وێنەکێش دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێ بکەیت، بڕیاردان بۆ دەستپێکردن بە وێنەکێشان یەکەم هەنگاوە بۆ دەستپێکردن و بەرەوپێشچوون.

بوون بە وێنەکێش

ئەگەر کێشەت هەیە لە دۆزینەوەی ڕێگەکەت و دەستپێکردن ئەمانە چەند بیرۆکەیەکن بۆ بوون بە وێنەکێش:

هەڵبژاردن

یەکەم شت بۆ دەستپێکردن بە ڕێگاکە پێویستە ڕێگاکەت هەڵبژێریت، ئەو جۆرە وێنەکێشانەی کە لەگەڵیدا ئاسوودەیت هەڵبژێرە، دیاری بکە ئایا دەتەوێت بە قەڵەم وێنەبکێشیت یان فڵچەکان بەکاربهێنیت؟، چی جۆرە بۆیەیەک بەکاردە‌هێنیت؟، یان ڕەنگە بتەوێت بە دیجیتاڵی وێنە بکێشیت؟ ئەو جۆرەی ئارەزووی دەکەیت دیاری بکە.   

لە باشترینەوە فێر ببە

دەربارەی ئەو کەسانە و کارەکانیان  کە پێیان سەرسامیت بخوێنەوە، بەم شێوەیە زووتر بەرەو پێش دەچیت.

لەوەی کە دەیکەیت زۆر باش بە

زۆرترین کات بۆ وێنەکێشان تەرخان بکە، هەوڵبدە تەکنیکەکان و وردەکارییەکان بەباشی بزانیت، ڕۆژانە بە ڕاهێنانکردن دەتوانیت ببیت بە وێنەکێشێکی بە توانا.

زۆر سادە بە

گوێ لە ئامۆژگاری کەسانی شارەزا بگرە، ڕێنماییەکانیان وەک یارمەتی و بەخشینێک وەربگرە نەک وەک ڕەخنە لەبیرت بێت ئەوان دەیانەوێت یارمەتیت بدەن.

وێنەکێشان، هەوڵدان، بەردەوامی

هەر جۆرێکی وێنەکێشان کە جۆری دڵخوازی تۆیە گرنگە ڕۆژانە بە لایەنی کەم ۳٠ خولەک ڕاهێنانی لەسەر بکەیت، ئەمە یارمەتی ڕاهاتنی دەستەکان و بەرەوپێشچوونی چاوەکان دەدات، لە خێراتر دەربڕینی بیرۆکەکانت یارمەتیت دەدات، با هەمیشە دەفتەرێکی بچووکی وێنەکێشانت لەگەڵدا بێت، وێنەی هەر شتێک کە دەیبینیت یان لە خەیاڵتدا هەیە بکێشە. تاکوو زیاتر ڕاهێنان بکەیت، خێراتر فێر دەبیت.

وێنەکێشان لە ژیانی ڕاستەقینەدا

وێنەکێشانی ئەو شتانەی بە چاو دەیانبینیت جیاوازە لەوەی لە خەیاڵدا هەیە، هێڵەکان ڕێکتر و ڕوونترن و هەڵەکان باشتر دەردەکەون.

لە شتی سادەوە دەست پێ بکە

تاکوو بەتەواوی فێر دەبیت لە شتی سادە و ئاسانەوە دەست پێ بکە، ئەمە یارمەتیت دەدات هەستی باوەڕ بەخۆبوونت بۆ دروست ببێت.

تەواوکردنی وێنەکان دەبێت ئامانجی سەرەکیت بێت

گرنگە هەوڵبدەیت پێش دەستکردن بە وێنەیەکی نوێ وێنەکان تەواو بکەیت، بەڵام ئەگەر هەستت کرد وێنەیەک قورسە و لەسەرووی ئاستی تۆیە دەتوانیت بیخەیتە دواوە و هەرکات هەستت کرد بەرەوپێشچوویت دووبارە بگەڕێیتەوە سەری و وێنەکە تەواو بکەیت.

پارچەکردنی وێنەکان

هەوڵبدە هەر بەشێکی وێنەیەک بەجیا ڕاهێنانی لەسەر بکە بۆ نموونە چاوەکان، لووت و دەم یان هەر بەشێکی وێنەیەک دەتەوێت دروستی بکەیتەوە. ئەمە یارمەتیت دەدات تاکوو دواتر بتوانیت بەبێ بەکارهێنای سەرچاوە ئەو وێنانە بکێشیت کە لە خەیاڵتدا هەیە.

بەکارهێنانی ڕەنگەکان

ئەگەر تەنها بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش و سپی بۆ وێنەکانت بێزارت دەکات، دەست بە بەکارهێنانی ڕەنگەکان بکە، بەڵام پێش ئەمە گرنگە دەربارەی ڕەنگەکان بەباشی بزانیت کام ڕەنگانە لەگەڵ یەکتری دەگونجێن و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان چۆن دەبێت.

شوێنی تایبەت بە وێنەکێشان

با شوێنێکی تایبەت بە وێنەکێشانت هەبێت، دەکرێت گۆشەیەکی ژووری ماڵەکەت یان هەر شوێنێک ئارەزووی دەکەی وێنەی لێ بکێشیت. ئەگەر لە ژینگەیەکی نەرێنیدا وێنە بکێشیت ڕەنگە لە بەرەوپێشچوونت ڕێگر بێت.

زیاتر لە یەک شێوە و جۆر بزانە

ئەمە توانای تێگەیشتن و بەرەوپێشچوونت زیاد دەکات.

بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلەکانت بکە

لە کۆتایی کارەکەت شوێنەکە و کەلوپەلەکانت خاوێن بکەرەوە و ڕێکیان بکە. وێنەکێشان خۆی کەمێک ئاڵۆزە، ئاڵۆزی زیاتر لە دەوروبەری خۆت زیاد مەکە.

لە وێنەکێشاندا دەستپێکردن بە پارچەیەکی نوێ قورسترین کارە

دوای کارکردن لەسەر پارچەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر دەستپێکردن بە وێنەیەکی نوێ تووشی دڵەڕاوکێت دەکات، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئەو دڵەڕاوکێیەدا بۆ بەردەوامبوون گرنگە.

ئایا بەبێ بوونی بەهرە دەتوانیت ببیت بە وێنەکێش؟

هەندێک لە خەڵکی ئارەزووی وێنەکێشان دەکەن، بەڵام پێیان وایە بەبێ بوونی بەهرەی وێنەکێشان ناتوانن وێنە بکێشن. تەنانەت ئەگەر پێتان وایە هیچ بەهرەیەکی وێنەکێشانتان نییە، دەتوانن بە ڕاهێنانی دروست و بەردەوامی ببنە وێنەکێش. کاتێک دەبیتە وێنەکێش ڕەنگە زیاتر لە کەسێک کە بەهرەی وێنەکێشانی هەیە بتوانیت کاربکەیت. وێنەکێشان وەک هەر هونەرێکی ترە کە دەتوانیت فێر ببیت و پەرەی پێ بدەیت.


سەرچاوەکان



472 بینین