چۆن ماوەی دەزگیراندارییەکەت سەرکەوتووبیت‌؟

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-09-11-23:30:00 - کۆدی بابەت: 10222
چۆن ماوەی دەزگیراندارییەکەت سەرکەوتووبیت‌؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن ماوەی دەزگیراندارییەکەت سەرکەوتووبیت‌؟ (بە عەرەبی: کیف تکون فترە خطوبة ناجحة، بە ئینگلیزی: How to be successful during engagement)، ماوەی دەزگیراندارییەتی قۆناغی خۆئامادەکردن و پلاندانان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و هەندێک جاریش ئەم قۆناغە دەبێتە هۆی فشار و ڕاڕایی لای دەزگیراندارەکان لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە جەخت لەسەر هەندێک خاڵی سەرەکی و گرنگ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاهەنگەکەت سەرکەوتوو بێت.

چەند هەنگاوێک بۆ ئەوەی لە ماوەی دەزگیراندارییەکەت سەرکەوتووبیت

پلاندانان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری

سەرەتا پێویستە بە ڕاشکاوی باس لە بابەتە ماددییەکان بکەن و لەسەر بودجەیەکی دیاریکراو ڕێکبکەون کە گونجاو بێت لەگەڵ هەردوولادا، لەسەر بنەمای ئەم بودجەیە پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیری دادەنرێت و ڕێکدەخرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی کێشە یان شەرمەزاربوون بکرێت. ڕێکەوتن لەسەر بەرواری ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ هەردوو دەزگیرانەکە و بنەماڵەکانیان. هەڵبژاردنی شوێنێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگەکە و ڕێکبکەون لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە بانگهێشت دەکرێن.

پێکەوە کات بەسەربردن

یەکێک لە شتە گرنگەکانی ماوەی مارەکردن ئەوەیە کە هەردوو دەزگیرانەکە کاتێکی زۆر پێکەوە بەسەر ببەن وەکوو چونەدەرەوە بۆ نانی ئێوارە یان چوون بۆ سینەما یان سەیرکردنی فیلمێک یان ڕۆژانە قسەکردن بە تەلەفۆن، هەروەها دەکرێت پێکەوە ناو تۆمار بکەن لە یەکێک لە خولەکانی ڕاهێنان وەک فێربوونی زمان هەریەکێک لەم کارانە دەبنە هۆی باشترکردنی پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوەیان لە یەکتری.

گفتوگۆکردن لەسەر ئامانجە کەسییەکان

هەردوو دەزگیرانەکە لەم ماوەیەدا دەبێت ئامانج و خەونە هاوبەشەکانیان بناسن و تاوتوێی بکەن، بۆ نموونە پێکەوە قسەکردن لەسەر جۆری ئەو کارەی کە هەردووکیان دەیانەوێت، یان ئەو شوێنەی کە دەیانەوێت تێیدا بژین ئایا ئارەزوویان لە گەشت هەیە یان نا، یان تەنانەت تەواوکردنی خوێندن، هەموو ئەو شتانە کە پێویستە بە ئاشکرا و بە ڕوونی قسەی لەسەر بکرێت و گفتوگۆبکەن لەسەر ڕادەی کاریگەری ئەمانە لەسەر هاوسەرگیرییەکەیان لە داهاتوودا، بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ناکۆکییەک کە ئەکرێت تووشیان ببێت لە بارودۆخێکدا کە لایەنێکیان لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان ڕازی نەبێت.

ئاشنابوون بەخێزانەکان

ماوەی دەزگیرانداری یەکێکە لە گونجاوترین کاتەکان بۆ ئەوەی هەردوو خێزانی دوو دەزگیراندارەکە یەکتر بناسن و پەیوەندی نێوانیان پتەوتر بکەن و لەم ماوەیەدا هەر هاوبەشێک بتوانێت خێزانی هاوبەشی خۆی باشتر بناسێت و لێی نزیکتربێتەوە و ئاشنابوون بە کەسایەتی و دابونەریت و شێوازی ژیانیان.

گفتوگۆ

بۆ ئەوەی ماوەی دەزگیرانداری سەرکەوتووبێت پێویستە بەشێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر کارامەیی پەیوەندییەکەیان بکرێتەوە، لە هەر کار و پەیوەندییەکدا گفتوگۆ هەبێت بۆ نموونە، لە هەموو بوارەکانی ژیانیان و ئەو ڕووداوانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بۆچوونی خۆیانیان لەسەر دەرببڕن، بەمەش ئاشنای خولیا و بەرژەوەندییە کەسییەکان دەبن، قسەکردن بە یەکەوە لەسەر بابەتە جیاوازەکان و هەرچەندە سادە و کەمیش بن یارمەتییەکی زۆریان دەدات بۆ پتەوکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکەیان و نزیکبوونەوەیان لە یەکتری و تێگەشتنیان لە یەکتری بەشێوەیەکی ڕوون.

ئامۆژگاری

چەند ئامۆژگارییەک بۆ دەزگیرانداران، کە باشتر وایە پەیڕەوبکرێن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تەندروست و سەرکەوتوویان هەبێت لە ماوەی دەزگیرانداریدا: 

  • متمانەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەزگیرانەکەلا و بڕوابوون بە توانا و کارامەیی هەردوولا و دابینکردنی پشتیوانی و یارمەتی بەشێوەیەکی بەردەوام.
  • پابەندبوون بە ڕاستگۆیی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتریئدا و بە تەواوی دوورکەوتنەوە لە درۆکردن یان شاردنەوەی ڕاستییەکان، ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەبێتە هۆی شکاندنی متمانە و تێکدانی پەیوەندییەکە.
  • ڕێزگرتنی دوولایەنە یەکێکە لە بنەماکانی سەرکەوتنی پەیوەندی نێوان دوودەزگیرانەکە، پێویستە هەردوو دەزگیرانەکه ڕێز و پێزانینی تەواویان بۆ بیروڕای هاوبەشی و بیرۆکە و ئامانجەکانیان نیشان بدەن، تەنانەت ئەگەر جیاوازییش هەبێت لە نێوانیاندا و نابێت یەکتری کەمبکەنەوە یان گاڵتە بەیەک بکەن یان یەکتری شەرمەزار بکەن بەتایبەت لە پێش کەسانی تر و ئەم کارانە دەبێتە هۆی ئازاردانی هەستی هەر یەک لە دەزگیرانەکە و بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکەیان دەبێت. 
  • نەرمی نواندن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتریدا و چاوپۆشی کردن لە هەڵە نامەبەستەکان و هەوڵی خۆسەپاندن و چەسپاندنی بیروڕای تایبەتی نەدەن، کێشە نابێت هەندێک لێک تێگەشتن لەنێوان هەردوولا هەبێت لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە ڕەنگە لە نێوانیاندا ڕووبدات.
  • پێویستە لەسەر دەزگیرانەکان پەی بەو ڕاستیە ببەن کە هیچ مرۆڤێک نییە کە بێ هەڵە بێ و دواتر واز لەو بیرکردنەوە بێنن یان ئەو چاوەڕوانییەی کە دەبێت هەموو شتێک بێ وێنە و تەواو و لە شوێنی گونجاو بێت و پێویستە کار بکەن بۆ زیاتر لێکتێگەشتن، هەروەها جەخت لەسەر ئەو تایبەتمەندییە ئەرێنییانە بکەنەوە کە هەیانە.
  • ماوەی دەزگیرانداری کاتێکی باشە بۆ دەستکردن بە گرنگیدان بە خۆت و جەستەت، وەک دابەزاندنی کێشی زیادە یان ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان و گۆڕینی خووە خراپەکانی خواردن و پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و گرنگیدان بەم شتانە وەک ڕێگایەکی هەمیشەیی ژیان.


سەرچاوەکان



650 بینین