هۆکارەکانی تاڵیی دەم 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-12-23:02:00 - کۆدی بابەت: 10234
هۆکارەکانی تاڵیی دەم 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی تاڵیی دەم (بە ئینگلیزی: Causes of bitter teste in mouth، بە عەرەبی: أسباب الطعم المر في الفم). هەستکردن بە تاڵیی یان تامێکی ناخۆشی دەم لەدوای خواردنەوەی قاوەیەکی ڕەش یان هەر شتێکی تری تاڵ پێشبینیکراوە و ئاساییە. بەڵام هەستکردن بەم تامە بۆ ماوەیەکی درێژ یان کاتێک بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک ڕوودەدات، دەکرێت حاڵەتێکی ئاسایی نەبێت و جێگەی گرنگیپێدان بێت. تامکردن یەکێکە لە هەستەوەرە ئاڵۆزەکان بەهۆی چەند هۆکارێکی وەک گرنگی نەدان بە پاکوخاوێنی دەم و ددان، وشکبوونی دەم و هەروەها بەهۆی دووگیانییەوە دەکرێت تێک بچێت. 

نیشانەکانی تاڵیی دەم 

دەکرێت ئەم بابەتە پرسیارێک لەلای زۆر کەس دروست بکات و بیر بکەنەوە چی کاتێک هەستکردن بەم تامە مەترسیدارە و پێویستە سەردانی پزیشک بکەن. بێگومان هەموو کاتێک هەستکردن بەم جۆرە تامە حاڵەتێکی مەترسیدار نییە و پێویست ناکات کەسەکە لەگەڵ هەموو جارێک هەستکردن بەم تامە سەردانی پزیشک بکات. چەند نیشانەیەک هەیە، دەکرێت کەسەکە بە هەبوونی ئەو جۆرە نیشانانە بزانێت حاڵەتەکەی ئاسایی نییە و پێویستە گرنگی پێبدات. هەستکردن بە تاڵیی دەم بە بەردەوامی لە زانستی پزیشکییدا بە دسگیوزیا (dysgeusia) ناسراوە. ئەمە حاڵەتێکە پەیوەندی بە تێکچوونی هەستی تامکردنەوە هەیە، کەسی تووشبوو بۆ ماوەیەکی درێژ و بە بەردەوامی هەست بە تامێکی ناخۆش یان تاڵ لە دەمیا دەکات. دەکرێت لەگەڵ ئەو تامە تاڵییەدا کەسەکە هەست بە تامی تری وەک سوێری یان تامی کانزایی بکات. یەکێکی تر لە نیشانەکان ئەوەیە کەسەکە بەو جۆرە تامە زۆر ناڕەحەت دەبێت، بە شێوەیەک ناتوانێت کاروباری ڕۆژانەی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها لەوانەیە بەهۆی ئەم تامەوە نەتوانێت چێژ لە خواردن و خواردنەوەکان ببینێت. یەکێک لە ئاشکراترین و دیارترین نیشانە ئەوەیە، تەنانەت لەدوای شۆردنی ددانیش هێشتا ئەو تامی تاڵییە لە دەمدا دەمێنێتەوە و بە شۆردنیش ناڕوات. لە کاتی هەستکردن بە هەر یەکێک لەم نیشانانە پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بەو بوارە بکات، لەبەرئەوەی حاڵەتێکی ئاسایی نییە و پەیوەندی بە باری تەندروستی کەسەکەوە هەیە و دەکرێت ئاماژە بۆ جۆرە نەخۆشییەکی دیاریکراو بکات.

هۆکارەکان

زۆربەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تاڵبوونی دەم ئاسایین و مەترسیدار نین، بەڵام دەکرێت نیشانەکان کەسی تووشبوو ناڕەحەت بکات و کار لەسەر سیستمی خۆراکییەکەی و کاری ڕۆژانەی بکات. ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی هەستکردن بە تاڵیی دەم بریتیین لە:

١. وشکبوونی دەم 

هەستکردن بە وشکبوونی دەم کە بە زیرۆستۆمیا (xerostomia) ناسراوە، لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی لیک لەلایەن لیکە ڕژێنەوە ڕوودەدات. لەبەرئەوەی لیک یارمەتی کەمبوونەوەی بەکتریاکانی ناو دەم دەدات، کەمبوونەوەی لیک واتە بەکتریاکان چانسی ئەوەیان دەبێت لەناو دەمدا بمێننەوە و ژمارەیان زیادبکات و گەشە بکەن. کەمبوونەوەی لیک دەکرێت بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانە ڕووبدات:

  1. زیادبوونی تەمەن (پیربوون).
  2. بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەت.
  3. نەخۆشییە خۆییەکانی وەک کۆنیشانەی شۆوگرن (Sjögren syndrome)، کە لەم حاڵەتەدا چاوەکان و دەم بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر وشک دەبنەوە. لەم حاڵەتەدا کەسەکە دەمی وشک دەبێت و هەروەها دەمی بەیەکدا دەنووسێت.

بێجگە لەو هۆکارانەی ئاماژەی پێکرا، تەنانەت لە کاتی لووتگیرانیشدا دەشێت وشکبوونی دەم ڕووبدات، لەبەرئەوەی کەسەکە لە ڕێگەی دەمەوە هەناسە دەدات. هەروەها کەمبوونەوەی لیک چەند زیانێکی لاوەکی هەیە، واتە لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی چەند گرفتێک دەبێت. بۆ نموونە کێشەی لە قووتدانی خواردندا بۆ دروست دەبێت و لەوانەیە بە سەختی بتوانێت قسە بکات، هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە کلۆربوونی ددان و تووشبوونی میکرۆبی پووک زیاترە. 

٢. گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە 

نەخۆشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە کە لە زانستی پزیشکیدا بە (gastroesophageal reflux) ناسراوە، دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی هەستکردن بە تاڵیی دەم. ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کاتێک ماسولکەی بەشی خوارەوەی سورێنچک، واتە بەشی سەرەوەی گەدە لاواز دەبێت، لە ئەنجامدا ترشەڵۆکی گەدە لە گەدەوە بۆ بەشی سورێنچک و دەم دەگەڕێتەوە. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە هەرە باوەکانی هەستکردن بە تامی تاڵیی یان ناخۆشی دەم. ئەم حاڵەتە کار دەکاتە کۆئەندامی هەرس، ئەگەری هەیە کەسەکە هەست بە سووتانەوی گەدە بکات واتە دڵەکزێ، کێشەی لە قووتدانی خواردندا هەبێت و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تووشی کۆکەی وشک ببێت و بێگوومان هەستکردن بە تاڵیی دەمیش.

٣. دەرمانەکان و تەواوکەرە خۆراکییەکان 

لە هەندێک کەسدا، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، تەواوکەری خۆراکی و چارەسەرە پزیشکییەکان دەبنە هۆی تاڵبوونی دەم. ئەمە دەکرێت بەهۆی تاڵیی دەرمانەکەوە ڕووبدات یان بەهۆی ئەوەی پاشماوەی پێکهاتە کیمیاییەکانی ناو دەرمانەکە بۆ لیک دەگوازرێتەوە، لە ئەنجامدا تامی تاڵییەک لە دەمدا جێدەهێڵێت. ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی تاڵبوونی دەم بریتیین لە: 

  • هەندێک لە دەرمانەکانی دژەبەکتریا (antibiotic) وەکوو تێتراسایکڵین (tetracycline).
  • هەندێک لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردەهێنرێن.
  • ئەو ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییانەی کانزاکانی وەک زینک، مس و ئاسنی تێدایە. 
  • هەندێک لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان بەکاردەهێنرێت وەکوو لیسیۆم (lithium).

٤. کۆنیشانەی سووتانەوەی دەم 

ئەم حاڵەتە هەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە، بریتییە لە هەستکردن بە سووتانەوە یان کزانەوەی دەم، هەستکردن بە هەمان ئەو سووتانەوەیەیە کە لەدوای خواردنی بیبەرێکی زۆر تیژ هەستی پێ دەکرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی کەسەکە هیچ شتێکی لەو جۆرەی خواردبێت، ئەم نیشانانە دەکرێت بەشێک یان تەواوی دەم بگرێتەوە. هەندێک کەس بێجگە لەوەی هەست بە کزانەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە جۆرە تاڵییەک دەکەن لە دەمیاندا. نیشانەکانی ئەم حاڵەتە کاتییە، بەڵام دەکرێت درێژخایەن بێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە ئەمەش دەکەوێتە سەر کەسەکە چونکە توندی و ماوەی نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. کۆنیشانەی سووتانەوەی دەم بە شێوەیەکی یەکسان لە خانمان و ئافرەتاندا ڕوودەدات. هەندێکجار ئەم حاڵەتە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک روودەدات. پزیشکەکان گومانی ئەوە دەکەن ئەم حاڵەتە بەهۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکانی دەمەوە ڕوودەدات، هەروەها دەکرێت بەهۆی نەخۆشییەکەوە یان بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە، چارەسەری شێرپەنجە و تێکچوونی هۆڕمۆنەکان ڕووبدات. 

٥. دووگیانی 

هەستکردن بە تامێکی تاڵیی یان کانزایی دەم لەماوەی دووگیانیدا کێشەیەکی باوە بە تایبەتی لە سێ مانگی یەکەمدا. لەبەرئەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لەماوەی دووگیاندا دەگۆڕێت، واتە بەرز و نزم دەکات. ئەم گۆڕانکارییە کار دەکاتە سەر هەستەوەرەکان، هەر لەبەر ئەمەشە کەسەکە ئارەزووی خواردن دەکات و زۆرجار هەست بەبۆنێکی ناخۆش دەکات. ئەم نیشانانە دەکرێت کەسەکە تووشی ناڕەحەتی بکات و بێزاری بکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەر لەماوەی دووگیانیدا دوای ماوەیەک نامێنێت یان دەشێت لەدوای منداڵبوون بەرە بەرە نەمێنێت. 

٦. نەخۆشی و تووشبوونە میکرۆبییەکان 

لە کاتی تووشبوون بە هەڵامەت یان هەر نەخۆشییەکی تر، دەکرێت کەسەکە هەست بە تاڵیی دەم بکات. لەم حاڵەتەدا بە شێوەیەکی سروشتی لەشی مرۆڤ هەڵدەستێت بە دەردانی چەند پڕۆتینێک بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەوکردنەکە ڕێکبخات و دژی بجەنگێت. لە هەمان کاتدا ئەم پڕۆتینانە کار دەکەنە سەر ناچەوی زمان و هەستی تامکردنیش، هەر لەبەرئەوە کەسەکە هەست بە تاڵییەک دەکات کە لە حاڵەتی ئاسایی زیاترە. 

٧. چارەسەرە شێرپەنجەییەکان 

ئەو کەسانەی چارەسەرە شێرپەنجەییەکانی وەک چارەسەری کیمیایی و چارەسەری بەر تیشک بەکاردەهێنن دەکرێت لەدوای خواردن و خواردنەوە دووچاری هەستکردن بە هەندێک تامی وەک تاڵی ببنەوە. ئەم جۆرە چارەسەرانە کار دەکەنە سەر هەستی تامکردن، بە جۆرێک لەوانەیە تەنانەت لە کاتی خواردنەوەی ئاویشدا کەسەکە هەست بە تاڵییەک لەناو دەمیدا بکات. 

٨. کۆنیشانەی تۆوی درەختی کاژ یان سنەوبەر (Pine nut syndrome)

ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە هەستیارییەوە نییە، بەڵکوو حاڵەتێکە کاتێک کەسێک تۆوی درەختی کاژ دەخوات هەست بە تامێکی تاڵی یان کانزایی لەناو دەمیدا دەکات، لە کاتێکدا مەرج نییە ئەم جۆرە کاردانەوەیە لە هەموو کەسێکدا ڕووبدات. نیشانەکان بە نزیکەی یەک بۆ سێ ڕۆژ دوای خواردنی تۆوی ئەم درەختە دەردەکەون و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. 

٩. فشار و دڵەڕاوکێ

فشاری زۆر و دڵەڕاوکێ، کاردانەوەی جەستە چالاک دەکەن و لە هەمان کاتیشدا دەبنە هۆی زیادبوونی، زۆربەی جار ئەم حاڵەتانە دەبنە هۆی گۆڕانی هەستی تامکردنیش. دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی وشکبوونی دەم و لە ئەنجامدا کەسەکە هەست بە تاڵیی دەمیش دەکات. 

١٠. زیانگەیاندن بە دەمار 

هەر وەک هەستەوەرەکانی تر، هەستی تامکردنیش ڕاستەخۆ بە دەماری مێشک پەیوەستکراوە، زیانگەیاندن بە دەمار، کار دەکاتە سەر هەستی تامکردنی کەسەکە و دەبێتە هۆی تێکچوونی. زیانگەیاندن بە دەمار دەکرێت بەهۆی برینداربوونی سەر یان بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەی خوارەوە ڕووبدات:

چارەسەرەکان 

بە شێوەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی تاڵیی دەم دەبێت سەرەتا چارەسەری ئەو هۆکارە بکەیت کە بووەتە هۆی تاڵبوونی دەم، واتە چارەسەرەکە بەپێی هۆکاری تووشبوونەکە دەگۆڕێت. پاش سەردانیکردنی پزیشک، پزیشکەکە بە پرسیارکردن دەربارەی نیشانەکانت و ئەو دەرمانانەی بەکاریدەهێنیت، هەروەها بە پێشنیارکردنی چەند پشکنینێکی جەستەیی دەتوانێت هۆکاری تووشبوونت بە تاڵیی دەم دیاری بکات. دەکرێت پزیشکەکە هەندێک پشکنینی تاقیگەییشت بۆ پێشنیاربکات بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە کە هەندێک نەخۆشی وەک نەخۆشی شەکرەت هەیە یان نا. کەواتە پێویستە لە کاتی حاڵەتێکی لەم جۆرە سەردانی پزیشک بکەیت، چونکە دەرمانەکان بەپێی بارودۆخی کەسەکە دەگۆڕێت، مەرج نییە ئەو دەرمانەی کەسێکی تر سوودی لێ دەبینێت بۆ تۆش سوودی هەبێت. 
ئەو چارەسەرانەی دەتوانیت لە ماڵەوە جێبەجێیان بکەیت بریتیین لە: 

  • بەردەوام گرنگی بە خاوێنی ددانەکانت بدە، بە بەکارهێنانی فڵچە و دەمشۆری دژەمیکرۆب.
  • جووینی ئەو جۆرە بنێشتانەی شەکریان تێدا نییە، بۆ زیادبوون و هێشتنەوەی لیکی دەم و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی دەم. 
  • خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو.
  • دوورکەوتنەوە لەو شتانەی ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکەن، وەکوو خواردنە توونەکان و بەکارهێنانی ماددە کحولییەکان
  • کەوچکێک سۆدە لەگەڵ کوپێک ئاو تێکەڵ بکە و ناو دەمتی پێ بشۆ.


سەرچاوەکان



1666 بینین