چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتی مێوژی خۆماڵی

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-11-24-16:16:00 - کۆدی بابەت: 10434
چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتی مێوژی خۆماڵی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەربەتی مێوژ (بە عەرەبی: عصیر زبیب، بە ئینگلیزی: Raisin juice) یەکێکە لە خواردنەوە بەتام و باوەکان لە کوردستان و بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا کە ڕەزامەندییەکی زۆری خەڵکی لەسەر دەبێت، بەجۆرێک دەبێتە خواردنەوەی سەرەکی سەر سفرەی بەربانگ. شەربەتی مێوژ چەندین سوودی تەندروستی هەیە ئەگەر بە شێوازێکی تەندروست و بەبێ بەکارهێنانی ڕەنگ ئامادە بکرێت، لێرەدا چۆنیەتی دروستکردنەکەی خراوەتەڕوو.

چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتی مێوژی خۆماڵی

کەرەستەکان

  • ترێ
  • ئاو
  • شەکر

ئەگەر ترێیەکە ڕەق بوو و باش پێنەگەیشتبوو ئەوکات دەتوانیت شەکر بەکاربهێنیت، یان کاتێک حەزتکرد زۆر شیرین بێت ئەوا لەم بارەشدا دەتوانیت بەکاری بهێنیت.

چۆنیەتی دروستکردنی

سەرەتا ترێیەکان دەنک بکە و جوان بیانشۆرەوە، بیانخەرە ناو مەنجەڵێک و ئەوەندەی ئاو تێبکە کە ترێیەکان نووقم ببن، پاشان لێی بگەڕێ تاوەکوو دەکوڵێ و بە کەوگیرێک ترێیەکان پان بکەرەوە تاوەکوو بزانیت کوڵاون یان نا، ئەگەر کوڵابوون ئەوکات ئاگرەکە بکوژێنەوە و لێی گەڕێ تاکوو کەمێک سارد دەبنەوە. دواتر بە دەستکێشەوە بەجوانی لەناو مەنجەڵەکە ترێیەکان هەڵبگڵۆفە هەتا ئاوی ناو ترێیەکان دێتە دەرەوە. پاشان ئاو و ترێی ناو مەنجەڵەکە لە سوزگییەک بپاڵێوە و دووبارە ئەو خەڵتەی ترێیە بگوشەرەوە کە دەکەوێتە ناو سوزگییەکەوە تاوەکوو تەنیا خەڵتەی ترێیەکە بە وشکی بمێنێتەوە. لە کۆتاییدا وازی لێ بهێنە با سارد ببێتەوە و لە ساردکەرەوە دایبنێ تا ئامادە دەبێ بۆ خواردنەوە.

تێبینی: ئەگەر ترێیەکان جوان پێگەیشتبوون و شیرینبوون ئەوکات پێویست ناکات شەکر بەکاربهێبیت، بەڵام ئەگەر ترێیەکان جوان پێنەگەیشتبوون ئەوکات دەتوانیت لەکاتی کوڵانەکەیدا یان کاتێک کە سارد بووەوە بەپێی خواستی خۆت شەکری بۆ زیاد بکەیت.


سەرچاوەکان



693 بینین