شەمعوون پێرێز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-25-20:40:00 - کۆدی بابەت: 10448
شەمعوون پێرێز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەمعوون پێرێز یان شیمعۆن پێرێز (بە ئینگلیزی: Shimon Peres، بە عەرەبی: شمعون بيريز) سیاسەتمەدارێکی ئیسرائیلییە و لە ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٨٦ و ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤ وەک نۆیەمین سەرۆکی ئیسرائیل کاری کردووە. ئەندامی دوانزە کابینە بووە و نوێنەرایەتی پێنج لایەنی سیاسی کردووە لە پیشەیەکی سیاسیدا کە ٧٠ ساڵی خایاندووە. پێرێز لە تشرینی دووەمی ١٩٥٩ بۆ کنێست هەڵبژێردرا و جگە لە سێ مانگ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦، ئەندامی هەمیشەیی کنێست بووە تا لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سەرۆک هەڵبژێردرا. پێرێز بۆ ماوەی ٤٨ ساڵ لە کنێست خزمەت دەکات و بەوەش پێرێز خاوەنی درێژترین تەمەنی مانەوەی ئەندامە لە مێژووی کنێستدا. له‌ كاتی وازهێنانی له‌ سیاسه‌ت له‌ ساڵی ٢٠١٤، به‌ته‌مه‌نترین سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی جیهان بوو و به‌ دواهەمین زنجیرەی دامەزرێنەرانی ئیسرائیل داده‌نرا.

نۆیەمین سەرۆکی ئیسرائیل
ماوەی کارکردن: ١٥ی تەمموزی ٢٠٠٧ – ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٤
پێش ئەو موشێ کاتساڤ
دوای ئەو ڕێوڤن ڕیڤلین
هەشتەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
ماوەی کارکردن: ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ – ١٨ی حوزەیرانی ١٩٩٦
پێش ئەو یتزاک ڕابین
دوای ئەو بنیامین ناتانیاهۆ
ماوەی کارکردن: ١٣ی ئەیلوولی ١٩٨٤ – ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦
پێش ئەو یتزاک شامیر
دوای ئەو یتزاک شامیر
ڕۆڵی گەورەی وەزاری
١٩٦٩-١٩٧٠ وەزیری کۆچبەران
١٩٧٠-١٩٧٤ وەزیری پەیوەندییەکان
١٩٧٠-١٩٧٤ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
١٩٧٤-١٩٧٧ وەزیری ڕاگەیاندن
١٩٧٤-١٩٧٧ وەزیری بەرگری
١٩٨٤ وەزیری ناوخۆ
١٩٨٤ وەزیری کاروباری ئایینی
١٩٨٦-١٩٨٨ وەزیری دەرەوە
١٩٨٨-١٩٩٠ وەزیری دارایی
١٩٩٢-١٩٩٥ وەزیری دەرەوە
١٩٩٥-١٩٩٦ وەزیری بەرگری
٢٠٠١-٢٠٠٢ وەزیری دەرەوە
زانیاری کەسی
لەدایک بوون
سیمۆن پێرسکی
٢ی ئابی ١٩٢٣
ویسنیو، پۆڵەندا (ئێستا ڤیشنیڤا، بێلاڕووس)
کۆچی دوایی

٢٨ ئەیلوولی ٢٠١٦ (تەمەن ٩٣ ساڵ)

ڕامەت گان، ئیسرائیل

هاوسەر
سۆنیا گێلمان
واژۆ

لە کۆتاییەکانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە کاری سیاسی کردووە، چەندین پۆستی دیپلۆماسی و سەربازیی لە کاتی جەنگی عەرەبی-ئیسرائیلی ١٩٤٨ و ڕاستەوخۆ دوای جەنگی عەرەبی-ئیسرائیل وەرگرتووە. یەکەم پۆستی باڵای حکومی وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەرگری بوو لە ساڵی ١٩٥٢ کە لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بەدەستی هێنا، و بەڕێوەبەری گشتی لە ساڵی ١٩٥٣ تا ساڵی ١٩٥٩. لە ساڵی ١٩٥٦ بەشداری لە دانوستانە مێژووییەکان کرد سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵی سێڤرێس کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەنتۆنی ئیدن بە "بەرزترین شێوەی دەوڵەتداری" وەسف کرابوو. لە ساڵی ١٩٦٣ دانوستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆن ئێف کێنێدی ئەنجامدا، کە بووە هۆی فرۆشتنی مووشەکی دژە فڕۆکەی هاوک بە ئیسرائیل، و ئەوەش یەکەم فرۆشتنی ئامێری سەربازی ئەمریکا بوو بە ئیسرائیل. پێرێز لە کنێست نوێنەرایەتی ماپای، ڕافی، ئەلیگمەنت، پارتی کرێکاران و کادیمای کردووە و سەرکردایەتی ڕێکخراوی کرێکارانی دەکرد.

پێرێز بۆ یەکەمجار لە ماوەی ساڵی ١٩٧٧دا بۆ ماوەیەکی کورت لە شوێنی ئیسحاق ڕابین وەک سەرۆکوەزیرانی بە وەکالەت دەستی بە کارکردن کرد، دواتر لە ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٨٦ بووە سەرۆکوەزیران. پێرێز وەک وەزیری دەرەوە لە سەردەمی سەرۆکوەزیران ڕابین، ئەندازیاری پەیمانی ئاشتی ئیسرائیل و ئوردنی ساڵی ١٩٩٤ بوو، هەروەها لەگەڵ ڕابین و یاسر عەرەفات خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی ساڵی ١٩٩٤ی بەدەستهێنا بەهۆی دانوستانەکانی ئاشتی و ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لەگەڵ سەرکردایەتی فەلەستین. لە ساڵی ١٩٩٦ سەنتەری پێرێزی بۆ ئاشتی دامەزراند، کە ئامانجی "بەرەوپێشبردنی ئاشتی و پێشکەوتنی بەردەوامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی پەروەردەکردنی لێبوردەیی، گەشەسەندنی ئابووری و تەکنەلۆژیا، هاوکاری و خۆشگوزەرانی."

دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، پێرێز لە ساڵی ٢٠١٦ لە نزیک تەلئەبیب کۆچی دوایی کرد.

ژیان

شەمعوون پێرسکی یان شەمعوون پێرێز لە شاری ڤیشنێڤای پۆڵەندای ئەوسا و بیلاڕووسی ئێستا لە ڕێکەوتی ١٩٢٣/٨/٢ لەدایکبووە. باوکی بازرگانێکی بەتوانای دار بوو، دایکی کتێبخانەوان و مامۆستای زمانی ڕووسی بوو. بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٣٤ کۆچیان کرد بۆ فەلەستین و لە تەلئەبیب نیشتەجێ بوون کە لەو ڕۆژانەدا بوو بە ناوەندی کۆمەڵگەی کۆچبەرانی بزووتنەوەی زایۆنی جوولەکە. پێرێز لە قوتابخانەی گێولا لە تەلئەبیب خوێندی، دواتر لە قوتابخانەی کشتوکاڵی بن شێمن لە نزیک لۆد درێژەی بە خوێندن داوە و لەوێش پەیوەندی بە بزووتنەوەی گەنجانی کرێکارەوە کردووە. بەشداری کرد لە دامەزراندنی گوندی نیشتەجێبوون (کیبوتز) "ئەلوموت" کە دەکەوێتە نێوان چۆڵەوانی بەیت شێعان و دەریای تەبریا لە ساڵی ١٩٤٠. بە خێرایی لە بزووتنەوەی گەنجانی کرێکاردا پێشکەوت و بوو بە یەکێک لە ئەمیندارەکانی. لە ساڵی ١٩٤٣ـەوە بووە نوێنەری حیزبی مەپای لەم بزووتنەوەیەدا، و سەرکردایەتی ململانێیەکی ناوخۆیی لە نێوان بزووتنەوەکاندا کرد کە بووە هۆی سەرکەوتنی ماپای.

ساڵی ١٩٤٧ پەیوەندی بە سەرکردایەتیی هاگاناوە دەکات و بەرپرسیاری کڕینی کەرەستە و سەرچاوە مرۆییەکانی لە ئەستۆ بووە. لەو کاتەدا لەگەڵ دەیڤید بن گوریۆن و لیڤی ئێشکۆل کە یەکێکە لە گرنگترین سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل کاری کردووە، پێرێز پەیوەندی بە گروپی لایەنگرانی بن گوریۆنەوە کرد. لە ساڵی ١٩٤٥ پێرێز هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات بە ناوی سۆنیا لیڤیت گلامین کە لە کاتی خوێندنی لە بن شیمن ناسیبووی. ئەو دوو هاوسەرە خاوەنی سێ منداڵ بوون بە ناوەکانی زفیا ڤالدن، یۆناتان پێرێز و نەهێمیا پێرێز.

سەرهەڵدانی لە دامەزراوەی ئیسرائیلدا

پێرێز لە سەروبەندی جەنگی ساڵی ١٩٤٨ دەستی کرد بە قووڵکردنەوەی چالاکییە گشتییەکانی، دوای ئەوەی لە هاگانا کۆمەڵێک ئەرکی پێسپێردرا، و دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئیسرائیل، بۆ ماوەیەکی کورت وەک بەرپرسی خزمەتگوزارییەکانی دەریایی دەستنیشانکرا، و پاشان وەک سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٤٩. دەیڤید بن گوریۆن لە ساڵی ١٩٥٢ وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بە وەکالەت دەستنیشانی کرد، دواتر لە ساڵی ١٩٥٣ تا ساڵی ١٩٥٩ وەک بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەکە دەستنیشان کرا.

پێرێز لە بن گوریۆن و موشێ دایان نزیک بوو کە وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کاری کردووە. هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پاڵپشتی و ڕێکخستنی لە سوپادا گرتە ئەستۆ، پێرێز ئارەزووی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا لە بوارەکانی پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییەکان و توێژینەوەکانی پەیوەست بە سوپا، و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی پارەی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئەم پڕۆژانە نیشان دا، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەوکات گۆڵدا مێیر بەم کارە ڕازی نەبوو. پێرێز زۆر سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی میراج ٣ و دروستکردنی ڕیاکتۆری ئەتۆمی ئیسرائیل (دیمۆنا) لە حکوومەتی فەرەنساوە. هەروەها پێرێز هاوکاری سەربازی لەگەڵ فەرەنسا ڕێکخست کە بووە هۆی هێرشکردنە سەر میسر لە ئۆکتۆبەری ١٩٥٦ لە چوارچێوەی دەستدرێژی سێ لایەنەدا. پێرێز له‌ ماوه‌ی دەستبەکاربوونی وەک وه‌زیری به‌رگریدا ئاره‌زووی به‌هێزكردنی بزووتنه‌وه‌ی نیشته‌جێبوونی هەبوو له ‌ناوچه‌كانی فه‌له‌ستین له‌ ساڵی ١٩٦٧دا، لە هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی ساڵی ١٩٧٧ بۆ پارتی كرێكار خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، بەمەش بۆ جاری دووه‌م دۆڕا بەرامبەر ڕکابەرەکەی بەناوی ڕابین. لە هەمان ساڵدا بوو بە سەرۆکی پارتی کرێکاران کاتێک ڕابین کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکوەزیران ڕاگەیاند، و لە پلەی یەکەمدا لە لیستی پارتەکەیدا چووە ناو کنێستی نۆیەمەوە، و دەستی کرد بە چاکسازی لە دامەزراوەکانی حیزبەکەی، دواتر پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی کنێست بەرانبەر بە لیکود بە سەرۆکایەتی مێناخێم بێگین شکستی هێنا. پێرێز سەرکەوتوو بوو لە شکستپێهێنانی ڕابین لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کرێکاران، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ کنێستەکانی دەیەم و یازدەهەم و دوانزەهەم. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٦ بەڕێوەبەری حكوومەتی یەكڕیزی نیشتمانی بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٨ لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە بووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی نێوان پارتەكانی پارتی كرێكاران و لیكود بە سەرۆكایەتی ئیسحاق شامیر.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٠ پۆستی وەزیری دارایی هەبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٢ سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی لە پەرلەمانی ئیسرائیل  کرد و دوای ئەوەی پارتی کرێکاران دوای هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ گەڕایەوە سەر دەسەڵات، جارێکی دیکە پێرێز وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشانکرایەوە. ئەوکات دەستی بە کۆمەڵێک دانوستان کرد کە بووە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە ئەیلوولی ١٩٩٣، دوای ئەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەگەڵ ڕابین و یاسر عەرەفات بە هاوبەشی بەدەست هێنا. لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئوردن واژۆ کرد.

نوسینگەی دووەمی سەرۆک وەزیران و جەنگی نیسان

لە ٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٥، سەرۆکوەزیران ئیسحاق ڕابین بەهۆی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ فەلەستین لەلایەن جوولەکەیەکی توندڕەوەوە کوژرا بەناوی یەغال عامیر و دوابەدوای ئەوە پێرێز بوو بە سەرۆک وەزیران بە وەکالەت و وەزارەتی بەرگریشی لە دەستدا بوو. لە ١١ی نیسانی ١٩٩٦ فەرمانی دەستدرێژییەکی سەربازیی هەمەلایەنەی بۆ سەر لوبنان کرد بە ناوی ئۆپەراسیۆنی ترێی توڕەیی وەک هەوڵێک بۆ نەهێشتنی هەوڵی چەکداری دژی ئیسرائیل، کە تێیدا شارەکانی لوبنانی بۆردومان کرد، لەنێویاندا بەیرووتی پایتەخت. ئەمەش لە ١٨ی هەمان مانگدا گەیشتە لوتکە، کاتێک سەدان لوبنانی پەنایان بردە ناو ناوەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارۆچکەی قانا بۆ ئەوەی لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل ڕزگاریان بێت، کە هەر زوو ناوەندەکەی کردە ئامانج و لە دەرەنجامدا نزیکەی ٢٥٠ کوژراو و هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچووان بوون و بەوەش بە کۆمەڵکوژی قانا ناسرا.

حکومەتی شارۆن و سەرۆکایەتی

پێرێز لە تەممووزی ١٩٩٩ تا ئازاری ٢٠٠١ وەک وەزیری هاوکاریی هەرێمی کاری کردووە، دواتر وەک وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرا تا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ دەستی لەکارکێشایەوە. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٥ گەڕایەوە بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران، بەڵام لە هەمان ساڵدا دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بە عەمیر پێرێز، پارتی کرێکارانی بەجێهێشت و پەیوەندی بە پارتی کادیماوە کرد. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە سەرۆکی ئیسرائیل هەڵبژێردرا و لە دوای ئەو روڤین ریڤلین لە پارتی لیکود شوێنی گرتەوە.

کۆچی دوایی

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦، پێرێز لە ماوەی دە ڕۆژدا دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ بوو و هەردوو جارەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە. ڕۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠١٦ دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی تل هاشۆمێر لە نزیک تەلئەبیب. دواتر باری تەندروستی بە جێگیر وەسف کرا و ھۆشی لەدەست نەدا. لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٦ باری تەندروستی زیاتر خراپتر بوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٦ کاتژمێر ٣:٤٠ خولەک بە کاتی قودس لە سەنتەری پزیشکی شیبا لە تەلئەبیب کۆچی دوایی کرد.

بەرهەمەکان

  • The Next Step(1965)
  • David's Sling(1970)  
  • And Now Tomorrow(1978)
  • From These Men: seven founders of the State of Israel(1979)  
  • Entebbe Diary(1991)  
  • The New Middle East(1993)
  • Battling for Peace: A Memoir(1995)  
  • For the Future of Israel(1998)  
  • The Imaginary Voyage: With Theodor-Herzl in Israel(1999) 
  • Ben Gurion: A Political Life(2011)


سەرچاوەکان



800 بینین