ئەو بارودۆخانەی کە پێویستە منداڵی تێدا لەئامێز بگریت

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-26-20:27:00 - کۆدی بابەت: 10457
ئەو بارودۆخانەی کە پێویستە منداڵی تێدا لەئامێز بگریت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو بارودۆخانەی کە پێویستە منداڵی تێدا لەئامێز بگریت (بە عەرەبی: الحالات التي يجب ان نحضن الطفل بيها، بە ئینگلیزی: Situations in which you should hug children)، لە ئامێزگرتن یەکێکە لە پێویستییە سۆزدارییەکانی منداڵ کە کاریگەری لەسەر پەروەردە و متمانە بەخۆبوونی ئەو هەیە، هەندێک بارودۆخی تایبەت هەیە کە لەئامێزگرتنی منداڵ تێیاندا زۆر پێویستە.

بارودۆخەکان

١- لەکاتی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە و بچووک

ئێوە گەورەترین هەوادار و هاندەری منداڵەکەتانن، ئەرکی ئێوەیە کە ورە بدەن بە منداڵەکانتان لە ژیاندا، دوای ئەوەی منداڵ سەرکەوتنی گەورە یان بچووک بەدەست دەهێنێت. دەبێت بزانێت کە دایک و باوکی ئاگاداری ئەوەن و شانازی پێوە دەکەن، بۆ نیشاندانی دڵخۆشی خۆتان و نیشاندانی ئەوەی کە شانازی پێوە دەکەن، لەئامێزی بگرن و هەوڵ بدەن بەبۆنەی سەرکەوتنەکەیەوە ئاهەنگ بگێڕن.

٢- لەکاتی بینینی دیمەنی شەڕ و کێشە

بینینی شەڕ و کێشە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی سۆزداری منداڵ دابنێت، ببێتە هۆی ترس و هەستی نائاسایشی لە منداڵدا، لەئامێزگرتن لەم کاتانەدا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ زیاتر هەست بە ئارامی بکات و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی فشار هەیە.

٣- لەکاتی نەخۆشی

بەپێی توێژینەوەکان لەئامێزکردنی منداڵ دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن، ئەمەش کۆئەندامی بەرگری منداڵەکە بەهێز دەکات، کاتێک کە منداڵ نەخۆش یان بێهێزە، لەباوەشی بکەن تاکوو کۆئەندامی بەرگری بەهێزتر ببێت.

٤- کاتێک کە ئاگای لێ نییە

لەئامێزگرتنی منداڵ دەتوانێت هەستی بەنرخی و خۆشویستراوی لەلاین دایک و باوکەوە بە منداڵ بدات، بەم پێیە دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوون، کەواتە هەر کاتێک کە منداڵەکەتان ئاگای لێ نییە، بۆ نموونە کاتی یاریکردن و وانە خوێندن.

٥- دوای شەڕکردنی لەگەڵ کەسێک

لەئامێزگرتنی منداڵ دەتوانێت باری دەروونی و هەستی قبوڵکردنی منداڵ ڕێکبخات و تا ڕادەیەکی باش توڕەیی و کێشە نانەوەی منداڵ کەم بکاتەوە، ئەگەر منداڵەکەتان لەگەڵ کەسێک شەڕی کرد یان کەسێک شەڕی بەو فرۆشت لە ئامێزی بگرن تا ئارام دەبێتەوە.

٦- دوای گەڕانەوە لەسەر کار

منداڵ کە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیدا زۆر پێویستی بە دایک و باوکی هەیە، زۆربەی دایک و باوک ناچارن بۆ بژێوی ژیان هەردووکیان کار بکەن و بەردەوام هەوڵبدەن، لەبەرئەوە کاتی کەمتر لەگەڵ منداڵەکەیان بەسەر دەبەن، دایک و باوک بەگشتی و بەتایبەتی دایک دەبێت وزەی خۆیان لەنێوان کار و ماڵدا دابەش بکەن، دوای گەڕانەوە لەسەر کار پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ منداڵەکەیان هەبێت. کاتێک دیاری بکەن بۆ یاریکردن لەگەڵ منداڵ و لەباوەشکردنی، گوێی لێ بگرن و قسەی لەگەڵ بکەن تاکوو قەرەبووی ئەو کاتە بکەنەوە کە لێت دوور بوون.

٧- لەکاتی باسکردنی بابەتێکی بە پەرۆشەوە

یەکێک لە ڕێگاکانی پێدانی خۆشەویستی بە منداڵ گوێگرتنە لە قسەکانی، منداڵ پێویستی بەوەیە سەرنج لە قسەکانی بدەن و پەرۆش بن بۆی، کاتێک منداڵەکەتان بەپەرۆشییەکی زۆرەوە بابەتێک باس دەکات، باشترە لەئامێزی بگرن، چونکە ئەم کارە نەک تەنها دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی و نیشاندانی گرنگی ئێوە بۆ منداڵ، بەڵکوو متمانە بەخۆبوونی منداڵیش زیاد دەکات.

٨- دوای شکست

دەبێت منداڵ درک بەوە بکات کە دایک و باوکی لە هەموو بارودۆخێکدا خۆشیاندەوێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە هەموو بارودۆخێک و لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کێشەکان هەموو قسەکانی بە دایک و باوک بڵێت. لەبەرئەوەی منداڵەکەتان هەست بکات کە خۆشدەویسترێت، لەدوای شکستهێنانی، لەئامێزی بگرن و گرنگی پێ بدەن.


سەرچاوەکان



152 بینین