هەینیی ڕەش

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-26-21:46:00 - کۆدی بابەت: 10463
هەینیی ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

هەینی ڕەش یان بلاک فڕایدەی (بە ئینگلیزی: Black Friday، بە عەرەبی: الجمعة السوداء) زاراوەیەکی ئاخاوتنییە، بۆ هەینی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، بە شێوەیەکی نەریتی دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردنی کریسمسە لە ئەمریکا و پاشان جیهان. زۆرێک لە فرۆشگاکان کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە نرخی داشکێندراو پێشکەش دەکەن و زۆرجار زوو دەکرێنەوە. فرۆشتنی هەندێک لە فرۆشگاکان تا دووشەمەی دوای هەینیی ڕەش بەردەوام دەبێت، هەندێکیشیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

لە چوارەم هەینی مانگی تشرینی دووەمدا ڕوو دەدات، مەگەر یەکەمی تشرینی دووەم هەینی نەبێت، لەم کاتەدا پێنجەمین هەینییە. هەینی ڕەش بەشێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵترین ڕۆژەکانی بازاڕکردن بوون لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پاشان بە جیهاندا بڵاو بوویەوە.

هەینیی ڕەش چییە؟

هەینی ڕەش ئاماژەیە بە ڕۆژی دوای پشووی جەژنی سوپاسگوزاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها بە شێوەیەکی نەریتی بۆ زۆرێک لە کارمەندەکان پشووە. 

بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژێکی پڕە لە گرێبەستی تایبەتی بازاڕکردن و داشکاندنی گەورە بە شێوازی ئۆنلاین و بازاڕکردنی ڕاستەوخۆ، بە سەرەتای وەرزی بازاڕکردنی جەژن دادەنرێت.

لە سەرەتادا هەینیی ڕەش ڕووداوێکی یەک ڕۆژە بوو لە ئەمریکا، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم چالاکییە گەشەی کرد و بووەتە بازاڕکردنێکی چەند ڕۆژە، لەوانەیە هەندێک جار لە ڕۆژی پێنج شەمەوە تا کۆتایی هەفتە دەست پێبکات، یان تەنانەت مانگێک بەردەوام بێت، هەروەها لە هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاراندا هەندێک لە فرۆشگاکان هەر لە دووشەمەوە دەست بە فرۆشەکانیان دەکەن.

مێژووی هەینیی ڕەش

ڕۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە ساڵی ١٩٥٢ـەوە وەک سەرەتای وەرزی بازاڕکردنی کریسمس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت. 

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە نمایشەکانی بابانوئێل یان جەژنی سوپاسگوزاری لەلایەن فرۆشگا گەورەکانەوە سپۆنسەر دەکران. 

فرۆشگا گەورەکان نمایشەکانیان بۆ دەستپێکردنی پاڵنەرێکی گەورەی ڕیکلام بەکاردەهێنا. لە کۆتاییدا بوو بە یاسایەکی نەنووسراو کە هیچ فرۆشگایەک هەوڵی ڕیکلامی جەژنی کریسمس نادات پێش ئەوەی نمایشەکە تەواو بێت. بۆیە ڕۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری بووە ئەو ڕۆژەی کە وەرزی بازاڕکردن بە فەرمی دەستی پێکرد. 

پەیوەندی جەژنی سوپاسگوزاری بە بازاڕکردنی جەژنی کریسمسەوە لە ساڵانی ١٩٣٠ـدا بووە هۆی مشتومڕ. فرۆشگا تاکەکەسییەکان حەزیان دەکرد وەرزێکی بازاڕکردن درێژتر بێت، بەڵام هیچ فرۆشگایەک نەیدەویست لە نەریت بشکێت و پێش جەژنی سوپاسگوزاری دەست بە ڕیکلام بکات.

لە ساڵی ٢٠١٥ـدا کۆمپانیای ئەمازۆن یەکەم شوێن بوو کە خستنەڕووی "هەینی ڕەش لە مانگی تەممووزدا"ـی پێشکەش کرد کە ناوی لێنابوو "ڕۆژی دەستپێک"، بەڵێنی خستنەڕووی باشتری دا لە چاو هەینی ڕەش. ئەمازۆن لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ـەوە ئەم کارەی دووبارە کردەوە و کۆمپانیاکانی تریش دەستیان بە پێشکەشکردنی خستنەڕووی هاوشێوە و داشکاندن بۆ خەڵکی کرد.

هەینیی ڕەش و فرۆشیاران

ڕەنگە فرۆشیاران ساڵێکی تەواو بۆ پلاندانان بۆ فرۆشتنەکانی هەینیی ڕەش بەسەر بەرن، ئەو ڕۆژە وەکوو دەرفەتێک بۆ پێشکەشکردنی نزمترین نرخی فرۆشتن، بۆ فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی زیادەیان هەیە، هەروەها ستراتیجیی دەرگابڕ (ستراتیجییەکی بازاڕکردن و فرۆشتنە کە فرۆشیارانی تاکەکەسی بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی قەبارەیەکی زۆر لە کڕیارەکان لە کاتی کردنەوەی فرۆشگاکانیان بخەنە ناو فرۆشگاکانیانەوە.) بەکار دەهێنن و داشکاندن لەسەر کاڵا وەرزییەکان وەکوو دیکۆراتی جەژن و دیارییە ئاساییەکانی جەژن دەکەن. 

هەروەها فرۆشیاران داشکاندنی بەرچاو لە شتومەکە بەنرخەکان، براندە پڕفرۆشەکانی تەلەفزیۆن و ئامێرە زیرەکەکان و بابەتە ئەلیکترۆنیەکانی تر دەکەن، بەمەش کڕیاران ڕادەکێشن. 

زۆرجار بەکارهێنەران بۆ کڕینی شتومەکە باوەکان لە هەینیی ڕەشدا دەچنە بازاڕەکان، ئەمەش لە کاتی ئاسایشی نەگونجاودا دەکرێت ببێتە هۆی پشێوی و لێدان و توندوتیژی، سەرەڕای لایەنە باشەکان و داشکاندنەکانی بەدەر نییە لە ڕووداوەکان. 

بۆ نموونە لە ڕۆژی هەینیی ڕەش لە ساڵی ١٩٨٣ـدا، کڕیارەکان لە فرۆشگاکانی سەرتاسەری ئەمریکادا تووشی شەڕ، پێکدادان، پشێوی و پەلەکردن بوون بۆ کڕینی بووکەڵەی (Cabbage Patch Kids)، کە لەو ساڵەدا یارییەکی باو بوو کە پێدەچێت کەمیی هەبووبێت.

هەروەها لە هەینیی ڕەش لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا کرێکارێکی فرۆشگایەکی گەورە کاتێک کڕیارێکی زۆر لە کاتی کرانەوەی دەرگادا ڕوویان لە فرۆشگاکە کرد لە پێدا گیرا و گیانی لەدەستدا. چەندین ڕووداوی تری نەخوازراو لە ئاکامەکانی جەنجاڵی هەینیی ڕەش ڕوویداوە.

یەکەم بەکارهێنانی زاراوەی هەینیی ڕەش

زاراوەی هەینیی ڕەش بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٦٩ داهێنرا، ئەوەیش نەک بۆ بازاڕکردن لە دوای جەژنی سوپاسگوزاری بەڵکوو بۆ قەیرانی دارایی بەکار هات، بەتایبەتی داڕمانی بازاڕی زێڕی ئەمریکا کە لە ٢٤ـی ئەیلوولی ساڵی ١٨٦٩ بوو. 

دوو پیاوی واڵ ستریت بە ناوەکانی جەی گۆڵد و جیم فیسک پێکەوە کاریان کرد، بۆ کڕینی زۆرترین زێڕی وڵات بەو هیوایەی کە نرخەکەی بەرزبێتەوە و بە قازانجێکی سەرسورهێنەر بیفرۆشنەوە، لەو هەینییەدا لە مانگی ئەیلوولدا دوو جار پیلانەکە ئاشکرا بوو، دوای قازانجێکی زۆر لە کۆتاییدا بازاڕی بۆرسەی توشی کەوتنی ئازاد کرد و زۆرێک لە کڕیاران قەرزیان بۆ کڕینی زێڕ کردبوو و بەهۆی ئەوەی پارەیان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان نەبوو داڕمان، هەمووان لە بارۆنەکانی واڵ ستریتەوە تا جووتیارانی مایەپووچ کرد. 

بۆچی هەینیی ڕەش بۆ ئابووریناسان گرنگە؟

ئەو پارەیەی بەکاربەران لە هەینیی ڕەشدا خەرجی دەکەن وەک پێوەرێک بۆ ئابووری سەیر دەکرێت، ڕێگەیەک بە ئابووریناسان دەدات بۆ پێوانەکردنی متمانەی بەکارهێنەران، تەندروستی ئابووری و خەرجییە دڵخوازییەکان.


سەرچاوەکان



691 بینین